سەردێر

بە دوو شێوازی جیاواز لە هەولێر ٤٥ دەفتەر و لە پشدەر ١٠٠ دەفتەر لە هاوڵاتیان دەبرێت

لە درێژەی شیوازە ساختەکاندا بۆ کۆکردنەوەی پارە، دوو کەسی دیکە کە یەکێکیان لە هەولێر و یەکێکی دیکەشیان لە دەڤەری پشدەرە، پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان دەبەن.

ئەو پارەیەی لە شاری هەولێر کۆکراوەتەوە بەناوی کۆمپانیایی PGI بووە کە شێوازی کارەکە بریتیە لە بازاڕێکی دراوی ئۆنلاین، کە تێیدا مامەڵە بە دراوە ئەلەکترۆنیەکانی وەک بیتکۆین و هاوشێوەکانی کراوە، بەڵام سەرجەم مامەڵەکە ساختە بووە و دواتر بڕی زیاتر لە ٤٥ دەفتەری هاوڵاتیان براوە و کەسی یەکەمی کۆمپانیاکەش لە کوردستان هەڵهاتووە.

هاوکات کەسێکی دیکە لە دەڤەری پشدەر بەناوی برایم گرتکی کە وتویەتی کاری بازرگانی نەوت و گاز دەکات، مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا کردووە و بەهەمان شێوەی سلێمان هەڵشۆیی پارەی لەخەڵک وەرگرتووە و دواتر نزیکەی ١٠٠ دەفتەری کۆکردۆتەوە و هەڵهاتووە.

لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بەهۆی بەشداریکردن لەم جۆرە کارانەوە زەرەرمەند بوون.