سەردێر

مەترسی جێهێشتنی منداڵ لەناو ئۆتۆمبێل!

دایکان و باوکانی ئازیز، ئێمە بەرەو وەرزی هاوین دەڕۆین و پلەی گەرما بەرزبۆتەوە، بۆیە بەپێویستم زانی لەم زنجیرەی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستییەدا تیشك بخەینە سەر مەترسی جێ هێشتنی منداڵ لەناو ئۆتۆمبێل.

کاتێك ئێوە بە ئۆتۆمبێڵ لەماڵەوە دەردەچن لەگەڵ منداڵەکانتان، نابێت منداڵ لەناو ئۆتۆمبێڵ جێبهێڵدرێت، بەتایبەت ئەگەر جامی ئۆتۆمبێل داخراوبوو لەبەر ئەوەی پلەی گەرمی ناو ئۆتۆمبێل خێرا بەرزدەبێتەوە وا مەزندەکراوە بەماوەی ۱٠ خولەك ناوەوەی ئۆتۆمبێل دوو هێندەی دەرەوەی گەرم دەبێتەوە و کاریگەری خێرای دەبێت لەسەر تەندروستی منداڵ، وەهەروەها لەبەر ئەوەی منداڵ پلەی گەرمی لەشی خێراتر بەرزدەبێتەوە و ڕووبەری ڕووی لەشی زۆر کەمترە بەراورد بە مرۆڤی پێگەیشتوو ناتوانێت ئەو گەرمیەی بەری دەکەوێت دەری بداتە دەرەوە لەڕێگای ئارەقەکردنەوە.

ئەم گەرم بوونەوەیەش کار لەئەندامەکانی لەشی منداڵەکە دەکات و دەیان وەستێنێت لەزیندەچاڵاکیەکان کە دەبێتە هۆی هێواشبوونەوەی گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش، لەکۆتاییدا بەداخەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی منداڵەکە ئازیزەکەتان بە جەڵتەی گەرمی(HeatStroke).

دایکان و باوکانی ئازیز بۆ ڕوونەدانی کارەساتی نەخوازراوی لەم جۆرە، منداڵەکان لەناو ئۆتۆمبێل جێ مەهێڵن و لەکاتی دابەزین لەناو ئۆتۆمبێلەکانتان سەیری دواوەی ئۆتۆمبێل بکەن نەوەك منداڵەکانتان لەیاد کردبێت.

پێکەوە تەندروستی تاکەکانی کۆمەڵگا دەپارێزین.

د. بژار موسی
بەکالۆریۆس لەهەناو و نەشتەرگەری گشتی