سەردێر

خوێنبەربوونی سەر سپێنەی چاو چییە؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟

بریتییە لە هەبوونی پەلەیەک یان زیاتری خوێن کە لەسەر سپێنەی چاو دیار دەبێت. لە بەشی پێشەوەی سەر سپێنەی چاو ژمارەیەکی زۆر موولولەی خوێن هەن، لەوانەیە بە هۆکارێک بتەقن و لەشێوەی خوێنێکی گەش لەسەر سپێنەی چاو دیار بێت. ئەم پەلە خوێنە لەوانەیە ترسناک دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کاریگەری خراپی نییە و لەخۆیەوە بزر دەبێت.

 

نیشانەکانی:

زۆربەی کات تاکە نیشانە کە هەبێت دروسبوونی پەلەیەکی سوورە لە چاو دا کە کەسەکە بە سودفە لە ئاوێنە دەیبینێت یان کەسێک پێی دەلێت. جارجارە کەمێک هەستکردن بە
جۆرێک لە زبریی چاوی لەگەڵە.

 

هۆکارەکانی:

١. کۆکە، پژمین، خۆگوشین و هەڵگرتنی قورسایی بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی ناو لوولەخوێنەکان خوێنبەربوون دروستدەبێت.

٢. بەرکەوتنی زەبری دەرەکی تەنانەت هەندێک جار لەگەڵ
خوراندنی چاو ئەمە ڕوودەدات.

٣. هەبوونی نەخۆشی دیکەی وەک نەخۆشی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن خواردنی هەندێک دەرمانی شلکەرەوەی خوێن، هەندێک جار هۆکارن.

٤. بە دەگمەن هۆکارەکەی بوونی نەخۆشییە لە خوێن کە کاریگەری لە سەر هەموو جەستە دەبێت.

 

چارەسەر:

پێویستی بە چارەسەر نییە، بە گوێرەی گەورەو بچوکی پەلە خوێنەکە وسروشتی کەسەکە، چەند ڕۆژێک تا چەند هەفتەیەک دەخایێنێت و ووردە ووردە بزر دەبێت.
لە حالەتی هەستکردن بە زبری چاو تەنها بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد بەسە.

لەکاتی چەند جار دووبارە بوونەوەی، باشترە پزیشک بتبینێت بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی نەخۆشی تری وەک شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن و نەخۆشی خوێن.

 

دکتۆر ابوبكر ظاهر كاوانی
پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو