سەردێر

پزیشکێکی کورد: نەخۆشێک ڕیخۆڵەکوێرەی تەقیبوو کەچی پێیان وتبوو ناوکت کەوتووە!

شەوی یەکەمی جەژن لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار ئێشکگربووین، نەخۆشێکیان هێنا ئازاری سکی هەبوو.
دوای بینینی لەلایەن پزیشکانی بەشی فریاکەوتن فایلی بۆ کرابوو و لەنەخۆشخانە داخڵکرابوو.
پەیوەندییان پێوەکردین کە نەخۆشێک هەیە حاڵەتی تاراددەیەک ناجێگیرە و ئەگەر بیبینن.
ئێمەش لەناوهۆڵی نەشتەرگەری بووین و پێمان ووتن دوای جێگیرکردنی حاڵەتەکەی راستەوخۆ بۆمان بنێرن بۆ بەردەم ژووری نەشتەرگەری.
کاتێک نەخۆشەکە هاتە لامان، پیاوێکی چل و حەوت ساڵ، لەبەر ئازار کووڕ ببوویەوە و رەنگی پەڕیبوو، کوڕەکەی بەعەرەبانەیەک دەیجوڵاند.
کۆمەڵێ پرسیارمان لێکرد:
-بەخێربێن، چی خێرتە؟
+ وەڵلا دکتۆر گیان ناوکم کەوتووە و سکم دێشێت.
-لەکەیەوە سکت دێشێت و کوێی سکت دێشێ؟ هیچ نیشانەی ترت هەیە( وەک دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە)؟
+دکتۆر گیان ناوەراستی سکم دێشا دوێنێ، ئەمڕۆ هەموو سکم دێشێت، سێ ڕۆژە ئازارم هەیە گووتیان ناوکت کەوتووە، چوومە لای دوو کەسی شارەزا ناوکیشیان بۆ هێنامەوە بەڵام هەر خراپتر دەبم و باش نابم
-دوای تەواوکردنی پرسیارە پێویستەکان و ئەنجامدانی پشکنینی دەست هەروەها گرتنی تیشک و سۆنار، بۆمان دەرکەوت دۆخی تاراددەیەک ناجێگیرە و دەبێ نەشتەرگەری خێرای بۆبکرێ
پێمان ووتن کەوا گوومان دەکەین ریخۆڵە کوێرەت تووشی هەوکردن بوبێت و بەهۆی ئەوەی زۆر دوا کەوتویت ریخۆڵە کوێرەکەت تەقیبێت، پێویستیت بە نەشتەرگەری خێرا هەیە، ئەگەر ڕەزامەندن لەسەر نەشتەرگەری ئەوا ئێستا دەبێ یەکسەری نەشتەرگەری بکرێیت.
دوای ڕەزامەندی نەخۆش و کەسوکاری، بەهاوکاری پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی هاوڕێم( پزیشکی بێهۆشکاری و یاریدەدەرانی نەشتەرگەری) لەبەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شار، بەسەرپەرشتی مامۆستامان د.سەرمەد هیوا نەشتەرگەرییەکەمان بۆ ئەنجامدا.
بینیمان کەوا ریخۆڵەکوێرەکەی تەقیوە و لەچەند شوێنێکەوە کوون بووە، هەروەها بەشەکانی تری ریخۆڵە و ئەندامەکانی ناوسکیشی تووشی هەوکردن بوون بەهۆی ئەو پیسایی و کێمەی لەئەنجامی تەقینی ریخۆڵەکوێرەکەی درووست ببوو.
دوای پاککردنەوە و لابردنی ریخۆڵەکوێرەکەی و تەواوکردنی نەشتەرگەرییەکە. سوپاس بۆخوا نەخۆشەکە تەندرووستی بەرەو باشی ڕۆیشت و ئێستا دۆخی جێگیرە.
– – – – – – – –
-ئەمە نمونەیەکە لەدەیان نمونە کە ماوە ماوە دەیان بینین بەهۆی دواکەوتن و ئەنجامدانی کاری هەڵەی وەک ناوک هێنانەوە و ناوک کەوتن درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە و تووشی کێشە دەبنەوە.
-نەشتەرگەری لابردنی ریخۆڵە کوێرە تا راددەیەک بۆ پزیشکان ئاسانە و بۆ نەخۆشیش ئاسان تێدەپەڕێ، بەڵام گەر دوای بخەیت و بگاتە حاڵەتی تەقین ئەوا کارەکە زۆر ئەستەم دەبێت ( برینێکی گەورەتر، ئەستەمی نەشتەرگەرییەکە، زیانباربوونی بەشەکانی تری ریخۆڵە، زۆر مانەوە لەنەخۆشخانە، درەنگ چاکبونەوە، هەوکردنی برینی نەشتەرگەرییەکە و دەیان شتیتری بەدوادا دێت).
-تکایە خۆتان بەدوور بگرن لەهەندێ هەڵەی باوی ناو کۆمەڵگا وەک ناوک کەوتن و مەڵاشوو کەوتن، زۆرجار کارەساتی گەورەیان لێ دەکەوێتەوە.
—————————-
د.محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی
پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی