سەردێر

دەتەوێت منداڵەکەت خەپە بێت و گووپی داکەوتبێت؟ پێویستە چی بکەیت؟

جیا لە هۆکارە بۆماوەییەکان و کۆمەڵێک نەخۆشی کە کار لە پرۆسەی گەشەی هەر منداڵێک دەکەن ئەوە لە پاڵیشیدا کۆمەڵیک هۆکاری ژینگەیی زۆر گرنگ هەن کە گەر بە تەندرووستی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەوە منداڵ دەگەیەنێت بە ترۆپکی ئەو گەشەیەی کە جێنەتیک بۆی داناوە بێگوومان ئەگەر نەخۆشی لێی تێک نەدات.
هۆکارە هاوکارە ژینگەییەکان زۆر سادەن و لە چەند ووشەیەک تێناپەڕن و بریتین لە؛
١/ خەوێکی تەندرووست.
٢/ خواردنی ڕێک و تەندرووست.
٣/ ژینگەیەکی دەروونی تەندرووست.
٤/ ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی تەندرووست.
هەموو ئەوەی لەسەرتە ئەوەیە کە تەندرووست و ناتەندروست لەیەک جوودا بکەیتەوە کە بێگوومان بۆ هەموو ئەمانە ڕێنمایی هەن.
منداڵێک هەیە هیچ نەخۆشی نییە، دایک و باوکی لەش و لارێکی ڕێک و ئاساییان هەیە، منداڵەکەیان هیچ نەخۆشییەکیشی نییە کەچی هەر ئەڵێی نانەقەیسییە بە گووتەی خۆیان، بێگوومان واتا لاوازە، بەڵام کاتێک کە دێیتە سەر ستایلی ژیانی منداڵەکە ئەوە دەبینیت کە هیچی بەسەر هیچییەوە نییە! سەعات ٣ ی شەو ئەنوێت، هیچ ژەمێک لەسەر سفرە نییە لەگەڵ باوانی، لەوەتەی پێی گرتووە قەت دانەنیشتووە ئێ ئەکید قەڵەو نابێت.

 

ئامادەکردنی:د زانیار هیوا فەریق
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان