سەردێر

حوکمی قەرەقوش چییە و لە چیەوە هاتووە؟ بڕیار و فەرمانەکانی قەرەقوش چۆن بووە؟

کاتێک کە فەرمانێک یان حوکمێک بە دڵی خەڵک نابێت و بەسەریدا دەسەپێندرێت دەستەواژەی (حومکی قەرەقوشە!) بەکار دەهێندرێت کە ئەمە هەر لەناو کورددا نییە و لە ناو عەرەبیشدا هەمان دەستەواژەی هەیە، بەڵام ئایە حوکمی قەرەقوش چییە و لە چیەوە هاتووە؟ بڕیار و فەرمانەکانی قەرەقوش چۆن بووە؟

(قەرەقوش) ناوی تەواوی (أبو سعيد قراقوش بن عبد الله الأسدي)یەو بە (بهاءالدين قرقوش) ناسراوە. کاربەدەستێکی دەوڵەتی ئەیوبیەکان بووە لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی، سەرەتا کۆیلەیەکی تورک بوو، بەڵام دواتر ئازاد کراو بووەتە سەرکردەیەکی سەربازی و دواتر قازی لە میسر و ووڵاتی شام، ئەگەر چی حاكمێكی بەهێزی سەردەمی خۆی بووەو سەلاحەدینی ئەیوبی وئەسەدەدین شێركۆ پشتیان پێبەستەوە، بەڵام كەسایەتی مجازی ئەو لە مێژودا بەكەسێكی توند و خاوەن بڕیاری سەیروسەمەرە ناسراوەو تەنانەت بوەتە رەمز بۆ توندیی و پەرگیریی، مێژوونوس (الأسعد بن مماتي) کە هاوسەردەمی بووە, کتێبێکی لەبارەوە داناوە بە ناوی (الفاشوش في أحكام قراقوش) وژیان وچیرۆکەکانی ناوبراوی تیا تۆمار کردووە:


دەڵێن ابن مماتی لەگەڵ قەرەقوش ناكۆكی هەبووەو ئەمەش كاردانەوەی لەسەر نوسینی كتێبەكە هەبووە:


ئەمەش چەند چیرۆکێکی قەرەقووش كە لەو كتێبەدا تۆمار كراون:


١-دەڵێن بازرگانێک شەکوای بۆ لای قەرەقوش هێنا وسکاڵای لە پیاوێک کرد کە پارەی لای ئەو بە قەرز بردووەو نایداتەوە، دواتر قەرەقوش قەرزارەکەی بانگکرد وپێی وت بۆ قەرزەکەی نادەیتەوە؟ ئەوێش وەڵامی دایەوە کە هەموو جار قەرزەکەی بۆ دەباتەوە بەڵام ئەو نابینێت. قەرەقوشیش کابرای بازرگانی بانگکردو بەندیکرد وپێی وت لە بەندینخانە بە تا ئەوکاتەی قەرزارەکە دێت وقەرزەکەت بۆ دێتەوە!


٢- جارێک هەڵۆکەی قەرەقووش لە قەفەز دەردەچێت، ئەویش فەرمان دەردەکات کە هەموو دەروازەکانی شاری قاهیرە دابخەن تاوەکو هەڵۆکە هەڵنەیەت.


٣-جوتیارێک هات بۆ لای قەرەقوش سکاڵای لە سەربازێک کرد کە زلەیەکی لە ژنەکەی داوەو منداڵێکی حەوت مانگی لەبارچووە، قەرەقوشیش فەرمانی دەرکرد کە سەربازەکە ژنی جوتیارەکە ببات بۆ ماوەی حەوت مانگ و هەمو مەسرەفێکی بکات، دوای حەوت مانگ بۆی بێنیتەوە.. جوتیارەکە نەیهێشت فەرمانەکەی تەواو بکات دەستی ژنەکەی گرتو هەڵهات….


٤-دەڵێن کوڕی بازرگانێکی دەوڵەمەند بەهاوکاری هاوڕێکانی لەبەر دەستبەسەراگرتنی سەروەتی باوکی، دەیەوێت باوکی بە زیندویی بنێژێت، بۆیە دەیبەن بۆ گۆرستان. لەوکاتەیا قەرەقوش تیدەپەڕێت و مەراسیمەکە دەبینێت، کابرای بازرگانیش لەناو تابوتەکە هەڵدەستێتەوەەو رودەکاتە قەرەقوش و دەڵێ من زیندووم ئەوانە دەیانەوێت بە زیندویی بمنێژن تکایە فریامکەوە، قەرەقوشیش بە پیاوەکە دەڵێ یانی ئەم هەمووە درۆدەکەن تەنیا تۆ راست دەکەیت؟ فەرمان دەردەکات بە جێبەجێکردنی مەراسیمی ناشتنەکە!


٥-دەگێرنەوە کۆمەڵێک جوتیار لە میسر سکاڵای خۆیان دێنن بۆ لای قەرەقوش داوای کەمکردنەوەی باج دەکەن لەسەریان، لەبەرئەوەی بەهۆی سەرماوسۆڵەوە بەرهەمی پەمووی ئەو ساڵەیان لەناودەچێت، قەرەقوش تورە دەبێتو دەڵێ ئەدەم لەملتان ئەگەر کەمتەرخەم بن، برۆن خوری لەتەنیشت پەموو بچێنن تاوەکو پەموەکەتان نەفەوتێت!


لینکی کتیبی الفاشوش في أحكام قراقوش:
https://www.kutub-pdf.net/reading/5sFkfl.html

ئامادەکردنی: د. نەریمان هەڵەبجەی