سەردێر

هەڵەی پزیشکی چییە و دەبێت کێ بڕیاری لێبدات؟

هەڵی پزیشکی واتە کەمتەرخەمیی پزیشک لە پێدانی چارەسەری پزیشکیی نموونەیی بە شێوازێکی زانستیی گونجاو کە ببێتەهۆی لاوازی و/یا ئازار و/یا کەمئەندامی یان مردنی نەخۆش.
بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لە سیستمە تەندروستییەکان و لەناویشیاندا لە سیستمی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا دا، هەڵەی پزیشکی زۆرن، بەڵام ئەوەی که سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێت و لەڕێگەی میدیاکانەوە دەوروژێن هەڵە گەورە و کوشندەکانن، کە کاریگەری لە سەر شێواندنی وێنەی گشتیی و پیرۆزی پیشەی پزیشکی کردووە بەڕادەیەک کە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە بەچاوی بازرگان لە پزیشکان دەڕوانن.
من لەگەڵ ئەوەدام کە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە هۆشیاربن لەسەر مافی خۆیان لە چارەسەرکردنی پزیشکی و داوای مافی خۆیان بکەن لە ڕێگەی یاسای خۆیەوە، وە تەنها مەرجی زامنکردنی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای زانستی پزیشکی دادییەوە دەبێت بەجۆرێک کە تاڕادەیەکی مسۆگەر مافی پزیشک و نەخۆش فەراهەم دەکات.
واتە هەم نەخۆش و هەم پزیشک دەتوانن ڕاوێژ بە پزیشکی دادی بکەن سەبارەت بە ئەرک و مافەکانیان لە هەر کەیسێکی تەندروستی و پزیشکیدا.
گرنگترین ئەو هەڵە پزیشکییانەی کە دەکرێن:
1. هەڵەی کوشندە، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ مردنی نەخۆش وەک دەرمانی هەڵە، بێباکی و دوواکەوتن لە چارەسەری کتوپڕ، پەکخستنی ئەندامێکی هەستیاری ژیان……
2. هەڵەی مەترسیدار، ئەو هەڵانەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبنەهۆی مردن یان کەمئەندامیی نەخۆش وەک لەباربردن، لابردنی ئەندامێکی ساخ، چارەسەری نازانستی….
3. هەڵەی گەورە، کە کاریگەری لەسەر ژیان و دەروونی نەخۆش بەجێدەهێڵێت وەک پێزانەنەکردنی خوێنبەربوونی ناو مێشک و شکاوی، جێهێشتنی کەلوپەلی پزیشکی پاش نەشتەرگەری، شێواندنی جوانکاری….
4. هەڵەی بچووک، وەک ئامادەنەبوون لەکاتی خۆیدا، بێباکی لە چارەسەرکردن و پێدانی چارەسەری ناپێویست بەتایبەت گەر مەبەستی بازرگانیی لە پشت بێت ئەوا بەرزدەبێتەوە بۆ هەڵەی گەورە.
ڕاوێژکردن بە پزیشکی دادوەری لەسەر نەخۆشخانە حکومی و ناحکومییەکان، ئەگەری چارەسەری سەرکەوتووانە و کەمکردنەوەی هەڵەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرجەستە دەکات.
بەهیوای هەمووان دووربن لە هەڵە، سوپاس بۆ هەر پێشنیار و بۆچوونێکتان لەسەر بابەتەکە.

د. بەختیار ڕەشید قادر پزیشکی دادوەری