سەردێر

زیانەکانی درەنگ خەوتنی منداڵ، تاپارشێوو

هەموساڵێک، بەهاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، گۆڕانگاری لەسەر کاتەکانی هەردوو پرۆسەی خواردن و خەوتندا، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوودەدات، ئەویش بەهۆی ڕەمەزان و بەڕۆژووبوونی بەشێکی زۆری هاونیشتمانیانەوە.

ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، دایک وباوک، کاتێک بەڕۆژوودەبن، کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان، لەسەرمنداڵەکانیان دروست دەکەن. ئەگەر هاتو کاریگەرییەکە جێگەی سوود و قازانجی منداڵ بوو ،لێرەوە جێگەی دەستخۆشی یە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە، ئەگەرمنداڵ لەم مانگەدا، بەجۆرێک پەروەردە بکرێت، کە سیستەمی خەوی ناڕێک بێت وکاتەکانی خەوی مناڵان گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
بێگومان، خەو بەگشتی بۆمرۆڤ، وەک خۆراک گرنگە، بەتایبەت بۆمنداڵ، چونکە لەشی منداڵ لەلایەنی گەشەی مێشک وگەشەی جەستەیی، بەقۆناغێکی زۆر خێرادا تێ پەڕدەبێت، کەپێویستە دایباب، ئاگاداری ئەو قۆناغە هەستیارە بن.
هەتاتەمەنی منداڵەکە کەمتر بێت، پێویستی بەخەوی زیاترە، بۆنمونە:منداڵی چوارساڵە، پێویستی بە (11) کاتژمێرە ،منداڵی تەمەن یانزەساڵ، پێویستی بە (9) کاتژمێرە ،هەر وەک :چۆن شیری دایک، یەکێکە لەو خۆراکانەی کە هەتا ئێستا سەرەڕایی ئەو پێشکەوتنە مەزنەی کەلە زانستدا هەیە، نەتوانراوە جێگرەوەی دەقاودەقی پێکهاتەی شیر بدۆزرێتەوە، بەهەمان شێوە هەتائێستاش نەتوانراوە جێگرەوەی زووخەوتن بەهیچ دەرمانێک و ڕێگەیەکی تر پڕبکرێتەوە، چونکە زووخەوتن هۆکارێکی سەرەکی یە بۆدەردانی هۆڕمۆنی “میلاتۆنین” کە بە هۆڕمۆنی گەشە ناسراوە، ئەم هۆڕمۆنە، لە کاتی خەودا لە سێ یەکی شەو دەڕژێت، کەلێپرسراوی گەشەی هزرو عەقڵ و جەستەی مرۆڤە، بەتایبەت لەمنداڵ دا، درەنگ خەوتن دەبێتە هۆی بێ بەشبوون لەم هۆڕمۆنە، بێ بەشبوونیش لەم هۆڕمۆنە بێ گومان کۆمەڵێک زیانی بەرچاو بەدوایی خۆیدا دەهێنێت. توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، کەمی یان نەمانی هۆڕمۆنی” میلاتۆنین ” هۆکاری سەرەکی یە بۆ خەمۆکی و دڵەڕاوکێ وتوڕەیی و نەمانی بیرکردنەوەی پێویست و تێکچوونی ژەمەخۆراک، کەمی گەشە لەباڵای منداڵاندا.

لەنوێترین توێژنەوەدا، ئەوە دەرکەوتووە، درەنگ خەوتن لەشەودا دەبێتە هۆی لاوازی ئێسک، بەتایبەت لەڕەگەزی مێینە.

لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، ئایا ئەگەر هاتوو، منداڵ درەنگ خەوت، بەڵام درەنگیش هەستا قەرەبووی خەوی پێویستی بۆدەکرێتەوە ؟
لەوەڵامدا، دەڵێن نەخێر، چونکە زووخەوتن، چانسی ڕژانی هۆڕمۆنی “میلاتۆنین” بەجەستە دەبەخشێت، واتە ئەم هۆڕمۆنە، درەنگانێکی شەو ناڕژێت.
جالێرەدا، پێویستە دایک و باوکانی خۆشەویست، کاتەکانی خەوی منداڵەکانیان ڕێکبخەنەوە، بەتایبەت لەم مانگەدا کەمانگی پیرۆزی ڕەمەزانە، زۆرێک لەدایباب بەهۆی عیبادەت، یان پڕکردنەوەی کاتەکانیان تاپارشێوو، لەسەیری تەلەڤزیۆن، یان کتێب خوێندنەوە، یان بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا …هتد . کەئەویش بەهۆی کورتی شەو تاپارشێو ناخەون، نابێت بەهیچ جۆرێک منداڵەکان شانبەشانی دایکان وباوکان نەخەون، لەکاتێکدا ڕەنگەبەهۆی نەخەوتنی منداڵان تا پارشێو، خەریکی پۆبجی ،یان سەیری مۆبایل و ئایپادو بەسوود وەرگرتن لە ئینتەرنێت، کارەکە هێندەی تر قورستر بکات، چونکە زۆر بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا بۆمنداڵان، زیانێکی گەورە بەگەشەی مێشک و چاو دەگەیەنێت.
هەربۆیە، پێویستە لەسەردایک وباوکان، جێگەی تایبەت وەک ژووری نووستن، لەکەشێکی ئارام و بێدەنگ و تاڕادەیەک تاریک، وەنابێت ئەو ژوورەی منداڵ تێیدا دەخەوێت، بەهیچ جۆرێک تەلەڤزیۆن و مۆبایل و ئایپادی لێ بێت، ڕۆڵی دایک وباوک لەم بابەتە دەبێت لەبەرچاو بگرین، تانەوەیەکی تەندروست و هۆشیار و دروست، پێ بگەیەنن.

بەهیوای فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر بۆڕۆڵەکانمان، تالەسایەی ئێمەی دایکوباوکانەوە، منداڵێکی پەروەردەی تەندروست، بخەینە کۆمەڵگەوە.

ئیدریس نوری
ماستەر لەپەروەردەی تایبەت