سەردێر

کەمیی زینک: نیشانەکانی و گرنگترین سەرچاوە خۆراکییەکانی

 زینک بە یەکێک لە کانزا گرنگەکان دادەنرێت بۆ جەستە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پڕۆسەی گەشەکردنی سروشتی لە قۆناغەکانی دووگیانی و منداڵی و مێرد منداڵی، هەروەها لە پێکهێنانی کۆئەندامی بەرگری و دروستکردنی پڕۆتینی ناو لەش بە هۆی بەشداربوونی لە پێکهاتووی ( DNA ) ی خانەکان.

– گرنگترین نیشانەکانی کەمیی زینک:
١ – هەستیاری ( حەساسیەت ): دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ماددەی هستامین لە لەش و دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری وەک پژمین، خورانی پێست، لووت گیران، هتد.
٢ – زیاد بوونی ئەگەری سکچوونی زۆر: بە هۆی کەمیی بەرگری جەستە، ئەگەری تووشبوون بە بەکتریای ڕێخوڵە و گەدە زیاد دەکات بە تایبەت لە منداڵان دا، هەروەها زیاد بوونی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تری کۆئەندامی هەرس وەک نەخۆشی کڕۆنز و بە برینبوونی ڕیخۆڵە ئەستوورە.
٣ – وەرینی مووەکانی قژ و برۆ و برژانگ و بێهزیی مووەکانی قژ.
٤ – لاوازیی سێکسی و کەمیی ڕێژەی تێستۆستیڕۆن و کەمیی ژمارە و دابەزینی چالاکیی سپێرمەکان.
٥ – کورتیی باڵا و کەمیی گەشەی منداڵان و مێردمنداڵان .
٦ – کێشە تەندروستییەکانی پێست زیاد دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی زیاتربوونی نەخۆشییەکان، وەکو زیبکە و ئەکزیما و سەدەفی، هەروەها درەنگ سارێژبوونی برین و کەمیی کۆلاجین.
٧ – لاوازیی بەرگری لەش و زیاتر تووشبوون بە پەتا و هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا .
٨ – تێکچوونی میزاج و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و توڕەیی و زوو هەڵچوون و ترس و شت بیرچوونەوە، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆکاری کەمیی تەرکیز و زیاد بوونی ئەگەری نەخۆشیی ماخۆلان ( ADHD ) لە منداڵان.
٩ – کێشە تەندروستییەکانی چاو وەک شەوکوێری و ڕەشبوونی هاوێنەی چاو.
– گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک:
١ – گۆشتی سوور و مریشک .
٢ – دانەوێڵە تەواوەکان وەک ئاردی بۆر و برنجی قاوەیی.
٣ – شیرەمەنی وێنەی پەنیر و شیری بێ چەوری .
٤ – چەرەسات وەک کاژۆ، بادام و کونجی.
٥ — سەوزە وەک کەلەرم و بازالیا.
٦ – پاقلەمەنییەکان
٧ – خۆراکی دەریا وەک لولپێچ.
— کەمیی زینک لە ڕێگای فەحسی خوێنەوە بە ئاسانی دەستنیشاندەکرێت.

د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی
پسپۆڕی زانستی خۆراک
سەرچاوە: مێدیار