سەردێر

لە حکومەتی مەلیک مەحموددا موچە دراوە بە بێوەژننان و هەتیوان

بەڵگەنامەیەک دەری دەخات کە لە بوونیادی حوکمی مەلیک مەحموددا سیستێمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی هەبووە. ئەم سیستێمەش بریتییە لە دەستگرتنی لاوازان و لێقەوماوان لە کۆمەڵگادا کە بە هۆی مسۆگەرکردنی هەلومەرجی ژیانیانەوە بتوانن سەربەست بن و لە کۆمەڵگا دا نەبڕێن. هەبوونی ئەم سیستێمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی حوکمی شارستانیی و ئامانجی دیموکراتییە کە بێدەستەڵاترین ئەندامی کۆمەڵگا ماف و هەلومەرجی مرۆڤبوون بیگرێتەوە. ئەمە یەکەم جارە کە ئەم بەڵگەنامەیە بڵاو دەکرێتەوە.
بەڵگەنامەکە
بەڵگەنامەکە بریتییە لە بەرگێکی رەق کە چەند پەڕەیەکی تیادایە بۆ تۆمارکردن، پێی دەوترێت “جزدان”. لە دوبەرگی جنسییەی کۆن دەچێت کە چەند پەڕەیەکی تیادا بێت. لە سەر لاپەڕەی یەکەم (بە زمانی ئێستا دەیاننوسمەوە) ئەمانە چاپ کراون:
جزدانی بژێوی خانەنشین، هەتیوان و بێوەژنان.
سەربازیی و مەدەنیی
بڕی بژێوو
بە ژمارە بە نوسین
ناو و ناسناو
هەروەها بە زمانی ئەو کاتە چاپ کراوە:
مەبدەئی تەخسیس سورەتی تەخسیس شەرتی تەخسیس سورەتی قەتع
تەئریخ و ژمارەی ئەمرو موعامەلە.
لە سەر لاپەڕەکانی دی خشتەیەک چاپ کراوە لە ژێر ئەم سەردێڕانەدا: ناوی مانگ، پارە بە عانەو روپیە، رۆژی پارەدان و شوێنی ئیمزا (١).
بە گوێرەی خشتەی سەر لاپەڕەی ئەو جزدانە ساڵ لە مانگی مارتەوە کە مانگی نەورۆزە، دەست پێ دەکات و لە مانگی شوباتدا کۆتایی دێت.
نوسخەی بەردەست
ئەم جزدانەی ماوەتەوە هی خانەنشینیی رەعناخانی کچی زانا “شێخ ئەحمەدی فایز”ە. شێخ محەمەدی هاوسەری رەعناخان قازی بووە لە سلێمانی. دوای داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن ئینگلیزەوە لە مانگی شەشی ساڵی (١٩١٩)دا، شێخ محەمەد رو دەکاتە رۆژهەڵات و پێش ساڵی ١٩٢٢ لە گوندی بێتوش کۆچی دوایی دەکات، بێوەژنێک و سێ منداڵی لە دوا جێ دەمێنێت.
بە گوێرەی ئەم جزدانە رۆژی ٢١/١١/١٩٢٢ بە ئیمزای سەرۆکی دارایی، رەعنا شێخ ئەحمەد فایز بڕیاری ٢٠٠ روپیەی مانگانە خانەنشینیی بۆ دراوە کە پەیوەندیی بە موچەی مێردەکەیەوە بووە. فەرمانەکە لە سەر بڕیاری دیوانی وەزیران دراوەو مەلیکیش ئاگادار کراوە. بڕیارەکە لە رۆژی (١٩/١١/١٩٢٢)دا لە لایەن کاتبی مەسرەف، ژمێریاری دارایی و سەرۆکی دارایی کوردستانەوە ئیمزا کراوە. ئەو کات عەبدولکەریم عەلەکە وەزیریی دارایی بووە.
لە مانگی یانزەدا کە بڕیارەکەی تیادا دراوە، ئیمزای ٦٠ روپیە لە سەر کارتەکە کراوە.
مانگی ١٢ هەتا مانگی دو ٢٠٠ روپیە هەموو مانگێک دو ئیمزایان لەسەر کراوە. ئیمزایەکیان لەوە دەچێت ئیمزای ژمێریاری دارایی بێت.
لە مانگی سێدا ساڵی تازە دەستی پێ کردووە ١٣٣٩ کە دەکاتە ساڵی ١٩٢٣.
لە مانگی سێی (١٩٢٣)دا ٢٠٠ روپیە وەر گیراوە. لە تەنیشت پارەکەوە نوسراوە کە بە فەرمان و رەزامەندیی سەرۆکی دارایی لە ئەشکەوت وەر گیراوە.
مانگی چوار لە تەنیشت بڕە پارەکەوە نوسراوە لە شارباژێڕ وەر گیراوە.
مانگی پێنج و شەش بە سپێتیی ماونەتەوە.
مانگی حەوت و هەشت لەوە دەچێت بە یەکەوە لە (٢٥)ی مانگی هەشتا دو دوسەتیی درابێت. لە سەر کارتەکە نوسراوە بە سەنەد لە خەزێنە دراوە.
لە مانگی نۆدا لە جزدانەکە نوسراوە بە فەرمانی سەرۆکی دارایی ٥٠ روپیەیان لە خانەنشینییەکە دا شکاندووە.
مانگی نۆ ١٥٠ روپیە لە لایەن کاتبی مالییەوە ئیمزا کراوە.
مانگی دەش ١٥٠ روپیە بۆ دوا جار دراوە.
ساخکردنەوەی بەڵگەنامەکە
مەلیک مەحمود رۆژی ٢٢/٠٩/١٩٢٢ لە هندستانەوە پاش بەربوونی دەگاتەوە سلێمانی. دوای هەژدە رۆژ، کە ماوەیەکی کەمە، بۆ جاری دووەم حکومەتی کوردستانی دامەزراندەوە. رۆژی ١٥/١٠/١٩٢٢ فەرمان دەر دەکات کە وەزیران ئاسایی دەبێت هەفتەی دو جار دوشەمەو پێنج شەمە کۆ ببنەوە. هەموو کاتێکیش بۆ کاری پێویست و پەلە دەتوانن حوکمدار ببینن. هەروەها ئامۆژگاریی وەزیران دەکات بۆ دروستکردنی بوجە و میلاکی سوپایی و موڵکیی (مەدەنیی). چاودێری گشتیش ئاگادار دەکرێتەوە بۆ پشکنین و رێکخستن (٢). شایانی باسە ئەنجومەتی وەزیران بڕیار دەدات دە هەزار روپیە مانگانە خەرج بکرێت بۆ بەرێوەچونی دیوانی حوکمدار. بەڵام حوکمدار ئەو بڕە پارەیە دەگێڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بۆ پێویستیی نیشتیمان خەرج بکرێت (٣).
بە پێی ئەو سیاسەتەی کە باسم کرد، دوای یەک مانگ و شەش رۆژ بڕیاری خانەنشینیی رەعنا شێخ ئەحمەد فایز دراوە. پێش رەعنا لە ئەو ماوەیەدا داوانامەی ٢٣٢ کەسی تر بە رێ کراوە. بەڵام نازانرێت لە دوای جزدانی ژمارەی (٢٣٣)ەوە چەند جزدانی دی دەر چووە؟ چونکە جزدانەکەی رەعنا شێخ ئەحمەد فایز ژمارە ٢٣٣ مەرج نییە کە دوا جزدان بووبێت. لەبەر ئەوەی بڕیارەکە رۆژی (٢١)ی مانگی یانزە بۆ رەعنا دەر چووە، ئەو مانگە رەعنا پارەی نۆ رۆژی دراوەتێ کە کردوویەتە ٦٠ روپیە. لە دوای مانگی یانزەوە هەتا مانگی شوبات کە مانگی دووە، لە سلێمانی ئاسایی ٢٠٠ روپیە دراوە. بەڵام حکومەتەکەی مەلیک مەحمود ئەم جارەش زۆری نە خایاند. وەکو مەلیک مەحمود خۆی دەڵێت: “ئینگلیز بۆ مەرامی خۆی منی دەوێت. منیش بۆ مەرامی گەلەکەم دەژیم.” ئینگلیزەکان بۆیان دەر کەوت مەلیک بۆ پارەو بەرژەوەندیی شەخسیی پشت ناکاتە خاک و خەڵک، نابێت بە داردەستیان، هەر سورە لەسەر پرسی کوردو لە مانگی یانزەی هەر ئەو ساڵە ١٩٢٢ بەیانی مەلیکیی کرد بەرانبەر بە مەلیکیی عێراق. بەڵام ئینگلیزەکان دایان نابوو باشوری کوردستان بخرێتە سەر عێراقی عەرەبیی. لەبەر ئەوە رۆژی ٠٩/٠٢/١٩٢٣ فڕۆکەی بەریتانیا سلێمانی بۆمباران کرد. ماڵی کەریم بەگی خانزادەجوان نزیک سەرای حکومەت، بەر بۆمبا دەکەوێت. دو ژن و سێ منداڵ بە کوژراویی لە ژێر داروپەردودا دەر دەهێنرێنەوە (٢/١٠٩). لەبەر پاراستنی خەڵکی شار، مەلیک و حکومەت رۆژی ٠٢/٠٣/١٩٢٣ سلێمانی چۆڵ دەکەن و بارەگا دەبەنە ئەشکەوتی جاسەنە. لە ئەشکەوت لە ژێر بۆمبارانی لە پەستای بەریتانییە دڕندەکاندا، سەیرەکە لە ئەوەدایە کە کاروبار بە رێکخراویی رۆشتووە. لە ئەو ماوە کورتەدا کە مانگێک و بیست رۆژ بووە، جگە لە دەرکردنی رۆژنامەی “بانگی هەق” و کاروباری سەربازیی و سیاسیی، دەبینرێت بە رەزامەندیی و فەرمانی مدیری مالیە پارەی مانگی سێی بێوەژن و هەتیوو لە ئەشکەوت دراوە. لە دوای ناپاکیی حەوت ئەفسەری کورد، بە بردنەوەی چەک و تفاقی زۆر بۆ ناو ئینگلیزو هەروەها بۆمبارانی زۆری ئەشکەوتی جاسەنە، لەشکری کورد رو دەکەنە شارباژێڕ. لە شارباژێڕیش پارەی مانگی چوار لە بابکراوا دراوە. لە رۆژی (٢٣)ی مانگی چوارەوە ئیتر لەشکری کورد رو دەکەنە دزڵی و ناوچەکانی سنورو خۆیان بۆ شەڕی پارتیزانیی رێک دەخەنەوە. شەڕو بۆمبارانی فڕۆکەی ئینگلیز، خەڵک و حکومەتی کورد لە یەک دا دەبڕن. مانگی پێنج و شەش جزدانەکە بە سپێتیی ماوەتەوە. بەڵام رۆژی ١٦/٠٦/١٩٢٣ مەلیک لە نامەیەکدا بۆ وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەنوسێت:
“نووری چاوم، کوڕم ئەحمەد! زۆر زەحمەتم دایت. پاش رۆشتنت مەقبوزەکان (وەسڵ) هات، لێم ببورە! ئیمڕۆ رۆژی (١٦)ی حوزەیران ١٩٢٣ ئینگلیز سلێمانی تەخلییە (چۆڵ) کرد. تۆش وەرەوە بۆ سلێمانی. چاوەڕێت دەکەم، کوڕی خۆم (٢/١٤٢).”
بەم پێیە مەلیک و حکومەتەکەی لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا دەگەڕێنەوە بۆ شار. لەسەر جزدانەکە پارەی مانگی حەوت و هەشت، هەر مانگەو ٢٠٠ روپیە، نوسراوە کە دراون. لەوە دەچێت پارەی هەر دو مانگەکە لە (٢٥)ی مانگی هەشتدا درابێت. لە تەنیشت ئیمزاکەوە نوسراوە بە سەنەد لە خەزێنە دراوە. لەسەر جزدانەکە نوسراوە کە لە مانگی نۆدا بە فەرمانی سەرۆکی دارایی پەنجا روپیە لە دوسەدەکە کەم کراوەتەوە. بۆیە مانگی نۆو مانگی دە ئیمزای ١٥٠ روپیە لەسەر جزدانەکە کراوە. بەڵام رۆژی ٢٦/٠٦/١٩٢٤ پێش هەتاوکەوتن، بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئینگلیز دەست پێ دەکاتەوە. هەتا رۆژی ( ٢٨)ی مانگ بە خەستیی شار کوێرانە بۆمباران دەکرێت. کۆڵانەکان پڕ دەبن لە لاشەی کوژراو (٢/١٥٢).
رۆژی ١٣/٠٧/١٩٢٤ مەلیک کە لەو کاتەدا لە سەنگاو بووە، لە نامەیەکی دیدا بۆ ئەحمەد خواجە دەنوسێت: “ئەوا ئەم جارەش کەوتینەوە ژێر بۆمبا. زوڵمی ئینگلیز گەیشتە ئەو پەڕی بێ ویژدانیی. دەچمەوە بۆ شارە وێران و لێقەوماوەکەمان. سبەینێ ئێوارە وەرەوە بمبینە (٢/١٥٤).”
رۆژی ١٦/٠٧/١٩٢٤ مەلیک سلێمانی چۆڵ دەکات. دوای دو رۆژ (١٨)ی مانگ پاشنیوەڕۆ، ئینگلیز شار داگیر دەکاتەوەو مێژووی جزدان و سیستێمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی کۆتاییان پێ دێت.
لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە
بەڵگەنامەکە دەری دەخات کە حکومی مەلیک مەحمود نەک بە قسە بەڵکو بە رێکخستن و بە کردەوە ئاوەڕوی لە لاوازترین کەسانی کۆمەڵگا داوەتەوە کە خانەنشینان، بێوەژن و هەتیوون. هەرچەندە ماوەی هەردوو حوکمدارییەکەی یەکی لە شەش مانگ تێ نە پەڕیووە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستێم و ئامانجی حوکمەکانی لە هی وڵاتانی پێشکەوتووی ئێستا کەمتر نەبوون. بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەکو سوید بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩١٣ (واتە نۆ ساڵ پێش تەمەنی جزدانەکە) یاسای خانەنشینیی گشتیی دەر چووە کە پارەیەکی کەم و ژمارەیەکی دیاری کراوی گرتۆتەوە. ئەویش لە سویدێکی ئارام و لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازییدا. لە ساڵی (١٩١٨)دا: ئافرەت لە فەرەنسا بووە بە خاوەنخود (مالیکە نەفسی خۆی). لە دانیمارک دەرگای وردە ئیشی یاسایی بۆ ئافرەتانیش واڵا کراوەو ئافرەت بۆی هەبووە لە بەردەمی دادگادا شایەتیی بدات. لە ساڵی (١٩٢١) دا: لە دانیمارک ئافرەت مافی ئیشی حکومیی وەر گرتووە. لە سوید ئافرەتی شوکردوو بووە بە خاوەنخود و لە ساڵی (١٩٢٢)دا ئیشی یاسایی دەکرێتەوە بۆیان. لە سوید یارمەتیی سۆسیال لە ساڵانی سییەکاندا پیادە کراوە.
جگە لە سیستێمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی، لە حوکمی یەکەمی مەلیک مەحموددا یەکسەر سێ قوتابخانە لە سلێمانی و یەکێکیش لە چەمچەماڵ کراوەتەوە. بە گشتیی لە هەردوو حوکمەکەدا رۆژنامەی “رۆژی کوردستان”، “ئومێدی ئیستیقلال” و “بانگی هەق” دەر کراون. بڕیار بە گفتوگۆ دراوەو لە کاتە چارەنوسییەکاندا خەڵکی فراوان بەشدارییان تیادا کردوون. مەلیک لای وابووە کە هەموو کارێک بە بیری سێ کەس تەواو بکرێت، پەشیمانیی لە دوا نابێت (٢/١٨٩).
بەڵام بەریتانییەکان دڕندانە، وەکو دیبلۆمات و نوسەری سویدیی ئینگمار کارڵسۆن دەیخاتە رو، بە بێ گوێدانە جوگرافیا، کولتور، نەژادو مێژوو ناوچەکەیان بە گوێرەی نەوت و سیاسەتی بەرژەوەندیی خۆیان لەت و پەت کرد (٣). ئینگلیزەکان بە بێ دەست پاراستن لە ژن، منداڵ و ئاژەڵ بە بۆمبای ناپاڵم و کیمیاویی کوشتاری کوردیان کرد. مەلیک مەحمود داوای لێ کردن کە دەوڵەتێکیش بۆ کورد دروست بکەن و وەکو عێراق لە ژێر چاودێریی (ئینتیداب) خۆیاندا بێت. بەڵام بەرژەوەندیی ئینگلیزەکان دەوڵەتی بۆ کورد تیادا نەبوو. وەکو مێژوونوسی ئەمەریکیی “دەیڤید فرۆمکین” کاتی خۆی دەربارەی کۆنگرەی فێرسای بۆ ئاشتی، وتوویەتی: “ئەو ئاشتییەی کە کۆتایی بە هەموو ئاشتییەک هێنا (٤/١٢١).” ئینگلیزو فەرەنسا بناغەی ناکۆکیی و ئاژاوەیان دا مەزراند لە ئەو وڵاتانەدا کە نا سروشتییانە دروستیان کردن. کورد بو بە گەلێک کە هەتا ئێستا لە ئەو دۆزەخەدا لە خاکی خۆیدا دەچەوسێتەوە، کوشتارو کۆیلە دەکرێت. ئینگلیزەکان بە سوپا، پیلان و جاش بە سەر وڵاتپارێزانی کورددا سەر کەوتن و باشوریان خستە سەر عێراق. زۆر لەو ئەفسەرە کوردانەی کە لە سوپای عوسمانیدا خزمەتی تورکیان کرد، دوایی بون بە مڵۆزم بۆ هەوڵەکانی مەلیک مەحمودو داهاتووی کورد. بە پێچەوانەی ئەفسەرە ئینگلیزەکانەوە کە لە پێناوی بەرژەوەندیی داگیرکاریی بەریتانیادا گەشتوبوونە کوردستان، ئەمان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دوای تورک ئنجا بون بە داردەستی ئینگلیز، لە نمونەی ئەمین زەکی بەگ و تۆفیق وەهبی لە دامەزرێنەرانی سوپای عێراقیش بوون بۆ گیانی کورد.
کوشتاری کورد لە لایەن ئینگلیزەکانەوە شوێنەواری نەما. بەڵام ئەو گەلە شکاوەی کە لە دوای کوشتارەکانەوە بەجێیان هێشت لە رێگای خوێندەوارانی کوردی ناپاکەوە چەواشە کرا. دوای سەد ساڵ لەو مێژووەوە کەسانێک لە نوسەرو خەڵکانی دی هەن کە هێشتا کەرێتیی بەری نە داون. لەسەر کێشی ئەوەی کە حەوا بۆیە لە بە‌هەشت دەر کرا چونکە لە سێوەکەی خوارد، دەهزرن شێخ مەحمودیش بۆیە ئینگلیز دەوڵەتی کوردیی بۆ دروست نە کرد چونکە ئامادە نە بوو دەست بخاتە دەستی ئینگلیزەوەو نامەی بۆ تورکەکان نوسی. وەکو ئەوەی کە ئەوانەی جاش و داردەستی ئینگلیز بوون هەر یەکە لە ماڵەکەیدا دەوڵەتێکی لە پاداشدا بۆ دروست کردبن و ئینگلیز خۆشی لەگەڵ تورک رێک نە کەوتبێت.
لە راستییدا مێشک هێندە خراپ نییە مرۆڤ بتوانێت ئەوەندە پێی گەوج ببێت. نهێنییەکە لە شتێکی دیدایە کە مرۆڤەکە نایەوێت بیزانێت. گەلێکی شکاو ئەو شوێنەی بە خۆی رەوا بینی کە داگیرکەرەکەی بۆی دا نا. بەو چاوە نزمەش تەماشای خۆی دەکات کە داگیرکەرەکەی ئەمی پێ دەبینێت. وەکو وتراوە مێژوو لایەنی سەرکەوتوو دەینوسێتەوە. ئەو ئەقڵەی ئەمڕۆی باشوری کوردستانیش ئەقڵێکە کە ئینگلیزەکان و داردەستەکانیان بۆ گەلێکی ژێردەستیان دا رشت پێی زەلیل و نەگبەت بێت. ئەگینا چ میللەتێکی ئاسایی هەیە کەسانێکی بە روناکبیرو تاجی سەر زانیبێت کە سوپایان بۆ داگیرکەری وڵاتەکەیان دروست کردبێت یان پەیکەری بۆ کەسانێک دروست کردبێت کە داگیرکەری نیشتیمان خەڵاتی کردبێت لەبەر ئەوەی خزمەتی لەشکری داگیرکەرەکەی کردووە لە کوشتاری گەلەکەی خۆیدا ؟ ئەقڵێکی ئاوا گەلێک هەر دەتوانێت پێی ژێردەست و بێ موچە بێت.
ناسر حەفید
٣١/٠٣/٢٠٢١
تێبینی و سەرچاوە:
١. یەک روپیە، ٧٥ فلس بووە.
٢. ئەحمەد خواجە، چیم دی، شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی مەزن.
٣. Ingmar Karlsson, Roten till det onda
٤. Ingmar Karlsson, Inga vänner utom bergen