سەردێر

قورحەی گەدە و دوانزەگرێ چییە و نیشانەکانی چین؟

نەخۆشی قورحە Peptic ulcer بریتییە لە دروستبوونی برین لەسەر پەردەی ناوەوەی ریخۆڵەی دوانزەگرێ و گەدە، هەندێک جار بەشی کۆتایی سورێنچکیش دەگرێتەوە.

لە سەرەتادا نەخۆشییەکە بێزار کەرە، مەترسیدار نییە، نەخۆشەکە هەست بە ئازارێکی وەک سوتانەوەی بەشی سەرەوەی سکی دەکات، دڵی تێکدەچێت، ئەگەر هەیە برشێتەوە. نەخۆشیەکە بەردەوام نییە، دێت و دەڕوات، جاری وا هەیە بۆ ماوەی هەفتەیەک نەخۆشەکە بەگیردەهێنێت، دوای مانگێک دوو مانگ، جارێکی تر نەخۆش دووچاری هەمان نیشانەی پێشوو دەکاتەوە.

ئەگەر برینی پەردەی ناوەوەی دوانزەگرێ و گەدە زوو چارەسەر نەکرێت، یان ئەگەر نەخۆشەکە جگەرە کێشبێت، برینەکە سارێژ نابێت و گەورە و قوڵدەبێت.
لە نەخۆشییەکی بێزارکەرەوە دەبێت بە نەخۆشییەکی مەترسیدار ئەم نیشانە خراپانەی خوارەوە دروستدەکات:
١.ئەگەر هەیە نەخۆشەکە دووچاری خوێنبەربوونی ناوەوە بکات، رەنگی نەخۆشەکە زەرد هەڵدەگەرێت،لێدانی دڵی خێرا دەبێت، فشارخوێنی دادەبەزێت،لەوانەیە خوێن بێنێتەوە( برشێتەوە)، یان لە پیساییدا خوین دابنێ وپیاساییەکەی رەشببێت.
ئەگەر نەخۆشەکە زوو فریای پزیشک نەکەوێت و خوێنی پێنەدرێت و خوێنەبربونەکەی نەوەستێنریت، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

٢.ئەگەر هەیە برینەکە هەمو دیواری دوانزەگرێ و گەدە بگرێتەوە و ریخۆڵەی بتەقێت، شلەمەنیەکانی گەدە و دوانزەگرێ برژێنە ناو سکیەوە، نەخۆشەکە دووچاری ئازارێکی زۆر و گرانی ناوسک دەبێت،رەنگی تێکدەچێت، ئەگەر دەست بخەیتە سەرسکی، هەست بە ئازارێکی توند دەکات و هاواری لێهەلدەستێ، لێدانی دڵی خێرا دەبێت، فشارخوێنی دادەبەزێت.
لەم کاتەدا دەبێت بە زووترین کات لە نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکە بکرێت، ناو سکی پاک بکرێتەوە و بشۆرێت، کونی تەقینی گەدە و ریخۆڵەی بۆ بدورێتەوە، دوای نەشتەرگەریش چارەسەری بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی جارێکی ترریخۆڵەی نەتەقێتەوە.

٣.گیرانی ریخۆڵەی دوانزە گرێ،ئەگەر قورحەی دوانزەگرێ زوو چارسەر نەکرێت، نەخۆشیەکە دەبێتە نەخۆشیەکی درێژخایەن، برین دروستکردن و چاکبونەوەی نیوەچڵی برینەکە دەستپیدەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵئاوسان و گرێی دوانزەگرێ، دەروازەی نێوان گەدە و ریخۆڵە دەگرێت، خواردن و شلەمانی لە گەدەوە بەرەو ریخۆڵەکان سەرناکات و لە ناو گەدەدا دەمێنێتەوە، گەدەی نەخۆشەکە دەکشێت، خواردن هەرس ناکات، دەرشێتەوە، جەستەی وشک دەبێتەوە، لاواز دەبێت و کانزاکانی لەشی کەمدەبنەوە و مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەبێت.

ـ هۆکاری سەرەکی برینی دوانزەگرێ و گەدە،بەکتریای ئیچ پایلۆرییە، H.Pylori . هۆکارێکی تری قورحە، خواردنی هەندێک دەرمانە دوور لە رێنمایی پزیشک وەک ڤۆلتارین و برۆفین و ئەسپرین. هەندێ نەخۆشی تری کۆئەندامی هەرس هەن کە دەبنە هۆی زۆربوونی ترشەڵۆکەی گەدە، ئەوانیش قورحەی گەدە و دوانزەگرێ دروستدەکەن.
لەبەر ئەوەی بەکتریای H.Pylori لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا لە لایەن زاناکانی بواری پزیشکییەوە وەک هۆکاری سەرەکی قورحە دۆزرایەوە، وەم ئەم بەکتریاییە بە دەرمان لە ناودەبرێت.

ئامادەکردنی:سمیە جوهر مجید
قوتابی قۆناغی یەکەمی بەشی دەرمانسازی – پەیمانگای ڕەواندز