سەردێر

هەستەوەریی وەرزی چۆن ڕوودەدات و چارەسەری چییە؟

هەستەوەریی وەرزی پێشی دەوترێت هەستەوەریی لووت، حاڵەتێکە کە لە وەرزێکی دیاری کراوداو بەتایبەت لە بەهاراندا لە هەندێک کەسدا ڕوودەدات، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانە بەرگریی لەشیان وەڵامدانەوەیان بۆ کۆمەڵێک تەنۆلکەی بێزیانی وەک دەنکە هەڵاڵە و تەپوتۆز و بۆنی هەندێک گژ و گیاو و مووی جەستەی هەندێک ئاژەڵی ژینگەی دەوروپشتیان هەیە.

کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو ماددانە دێنە لەشەوە بەرگریی لەش جۆرێک لە دژەتەنی بۆ دروست دەکات، کە لە جاری داهاتوودا گەر بێنەوە ناو لەشی کەسەکە بەرگری لەش لەڕێگەی کاریگەریی ئەو دژەتەنانەوە کۆمەڵێک مادەی وەک هیستامین دەرژێنێتە خوێنەوە کە هەستەوەریی دروست دەکات.

نیشانەکانی هەستەوەریی وەرزی

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە وەک نیشانەکانی هەڵامەت وایە بەڵام ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسەوە نییە، لە دیارترین نیشانەکانیش ئەمانەن :ـ
1. ئاوی لووت
2. هەڵئاوسانی ناوپۆشی لووت
3. پژمین
4. کۆکە
5. خوران و سوور بوونەوە و ئاوی چاو
6. خورانی لووت و قوڕگ و بەشی سەرەوەی ناودەم
7. هەندێک جار شینهەڵگەڕان و هەڵئاوسانی ژێر چاو
دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە
پزیشک دەتوانێت لە ڕێگەی وەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکە و ناردنی پشکنینی خوێن و پشکنینی هەستەوەریی پێستەوە (skin prick test) دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکات.
چارەسەرکردن
1. خۆبەدوور گرتن لەو ماددانەی کە هەستەوەریت پێیان هەیە
2. چارەسەر کردن بە دەرمان کە پزیشک دەینووسێت
بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشیی هەستەوەریی وەرزی مەترسیدار نییە، بەڵام دەبێت بەزوویی چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دووچاری ئاڵۆزکارییەکانی نەخۆشییەکە نەبیت.

ئامادەکردنی: ئاڤار صڵاح محەمەد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی
سەرچاوە: مێدیار