سەردێر

نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا چییە؟ پزیشکێکی تایبەت وەڵام دەداتەوە

‎نەخۆشی پەککەوتنی سێکسی پیاوان، نەخۆشییەکی باوە لە تەواوی جیهاندا لەناو پیاوان و رەگەزی نێردا بەگشت. زۆربەی ئەو کەسانەی گیرۆدەی ئەم حاڵەتەن ڕەنگە لەبەر شەرم و کۆمەڵگە نەتوانن بڕۆن چارەسەر وەرگرن، بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی تەندروستیی مێدیار چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕێز د.دڵشاد حەمە خورشید پسپۆڕی نەشتەرگەریy گورچیلە و کۆئەندامی میز و میزەڕۆ سازداوە، کە تیایدا بەشێوەیەکی زانستی باس لە هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە و شێوازەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە دەکات.

‎-نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا چییە؟
د.دڵشاد حەمە خورشید: نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا وەک پێناسە بریتییە لە ڕەپنەبوون یاخود نەتوانینی مانەوەی رەپبوونی چوک بۆ ماوەی پێویست، کە بەشێوەیەک ببێت بەمایەی ڕەزامەندیی پیاوەکە و هاوبەشی سەرجێییەکەی.

– دەکرێت باس لە هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە بکەیت؟
د.دڵشاد: هۆکارەکان دەکرێت هۆکاری جەستەیی یاخود دەروونی بن. ئێمە وەک پزیشکانی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ دەتوانین هۆکارە جەستەییەکان دەستنیشان بکەین و بەگوێرەی حاڵەتەکەی چارەسەری بکەین. هۆکارە دەروونییەکانیش پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان دەتوانن بیبینن و چارەسەری بکەن. هۆکارە جەستەییەکان بەزۆری چەند هۆکارێک لەخۆ دەگرێت کە ئەمانەن:
1- هەندێک جار بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەبێت؛ وەک شەکرە و بەرزەفشاری خوێن.
2- رەنگە تێکچوونی هاوسەنگیی هەندێک هۆرمۆن یان کەمبوونەوەی هۆرمۆنی نێرینە (تێستێسترۆن) ببێتە هۆی ڕودانی ئەم حاڵەتە.
3- هۆکارێکی دیکە هۆکاری دەمارییە؛ واتە کێشە لەو دەمارانەدا هەیە کە ڕەپبوون دروست دەکەن. تێکچوونەکەش رەنگە بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکی توند بێت بە ناوچەی حەوز، یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ناوچەی حەوز، وە یاخود ئەو کەسانە کێشەی دەمارییان لە بڕبڕەی پشتدا هەیە. لە هەندێک قۆناغیشدا نەخۆشیی شەکرە ئەم حاڵەتە دروست دەکات بەهۆی سستبوونی ئەو دەمارانەوە کە ڕەپبوونی چوک دروست دەکەن.
4 – لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا کێشەکان لە بۆرییە خوێنەکان دایە؛ بۆنموونە بەرکەوتنی زەبرێکی توند بە ناوچە هەستیارەکانی حەوز کە زیان بە بۆرییە خوێنەکانی چوک دەگەیەنێت، کە ئەمە زیاتر لە گەنجدا دەکرێت ڕوو بدات، یان لەو کەسانەی کە بەتەمەنن و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە وەک شەکرە و بەرزە فشاری خوێن و بەرزی چەورییەکانی خوێن. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم؛ نەخۆشیی پەککەوتنی سێکسی لە کەسە بەتەمەنەکاندا دەکرێت زەنگێکی ئاگادار کردنەوە بێت بۆ ئەو کەسانە کە لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ دەکرێت توشی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن ببن.
5- هەندێک جار کێشەکە لە چوک دایە، وەک نەخۆشیی (peyronie’s disease) کە چوکەکە چەمانەوەیەک تێدا روی داوە و کەسەکە توشی پەککەوتنی سێکسی دەکات.
6- دەگونجێت هەوکردنیش وەک هەوکردنی پرۆستات بە یەکێک لە هۆکارەکان تەماشا بکەین، کە دەبێتە هۆی پەکەوتنی سێکسی و لاوازیی سێکسی لە پیاواندا.
7- لە هەندێک جاردا کە دەگمەنە هۆکارەکەی بۆماوەییە.

– زۆرجار گەنجان پرسیار دەکەن کە ئایا ئەنجامدانی خوی نهێنی (دەسپەڕ) دەبێتە هۆی پەککەوتنی سێکسی لە پیاواندا؟
د.دڵشاد: تا ئێستا بە شێوەیەکی دروست لە زانستدا نەسەلمێنراوە کە ئەنجامدانی خوی نهێنی ببێتە هۆی پەککەوتنی سێکسی.

-دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چین؟
د.دڵشاد: وەک لە سەرەتادا باسمان کرد نەتوانینی رەپبوون، یاخود چوک ڕەپ دەبێت بەڵام کەسەکە ناتوانێت پارێزگاری لەڕەقبونی چوکی بکات بە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دادەنرێن. ئەمانەش کار لە لایەنی دەروونی کەسەکە دەکەن و وای لێدەکەن لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سێکسکردن دوور بکەوێتەوە. وە هەندێک جار نەخۆشەکە نیشانەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیشی تێدا دەرکەوتووەکە (وەکوو پێشتر باسمان کرد).

‎-ئایا بەڕێزتان وەک پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و کۆئەندامی میز و میزەڕۆ چۆن دەستنیشانی ئەم نەخۆشییە دەکەن؟
د.دڵشاد: چۆنێتیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە: سەرەتا بە وەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکە دەست پێدەکەین لە ڕێگەی کۆمەڵێک پرسیارەوە کە لە نەخۆشەکەی دەکەین. بەوردی لە هۆکارەکانی پشت نەخۆشییەکە دەکۆڵینەوە، پاشان پشکنینی سەریری بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدەین. هەندێک جار پشکنینی خوێنی بۆ دەنێرین بۆ زانینی ڕێژەی شەکری ناو خوێن و چەوری و ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە. وە بە گوێرەی حاڵەتەکان پێویست دەکات زۆرجار هەندێک پشکنینی دیکەی بۆ بنێرین بۆ گەیشتن بە دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە.

– دەکرێت باس لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی حاڵەتی پەککەوتنی سێکسی بکەن؟
د.دڵشاد: سەرەتا ئێمە هەوڵ دەدەین نەخۆشییەکە و ڕێگاکانی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشەکە و هاوبەشی ژیانی (ئەگەر هەیبێت) روون بکەینەوە؛ بۆ ئەوەی چارەسەرکردنەکە ئاسانتر بێت.
پاشان ئامۆژگاری نەخۆشەکان دەکەین دوور بکەونەوە لە جگەرەکێشان و مەی خواردنەوە. ئامۆژگارییان دەکەین وەرزش بکەن، کێشی لەشیان داببەزێنن و فشاری دەروونیان کەم بکەنەوە؛ چونکە ئەمانە کاریگەریان هەیە لەسەر نەخۆشییەکە.

دواتر دەست دەکەین بە دانانی چارەسەر:
1- هێڵی یەکەمی چارەسەر لەڕێگەی بەکارهێنانی حەبەوە دەبێت.
2- جۆرێکی دیکەی چارەسەر لەڕێگەی بەکارهێنانی دەرزییەوە کە دەدرێت لە چوک، هەندێک ماددە دەکرێتە ناو جۆگەی میزەوە.
3- لەڕێگەی ئامێری low intensity shock wave وە دەتوانین چارەسەری هەندێک جۆری تێکچونی دیاریکراوی بۆرییە خوێنەکانی چوک بکەین.
4- دەتوانین ئامێری (vacuum) وەک چارەسەر بۆ کەسانی بەتەمەن بەکاربهێنین کە بەهۆی لاوازیی سێکسییەوە ناتوانن پەیوەندییە سێکسییەکانیان ئەنجام بدەن
5- لە ڕێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە دەتوانین ئامێرێک لە چوکی نەخۆشەکەدا دابنێین کە کاری ئەنجامدانی ڕەپبوونی چوک ئەنجام بدات بۆ نەخۆشەکە، ڕێژەی سەرکەوتنی ئەم چارەسەرەش 90%.

‎وەک ئاماژەمان بۆ کرد سەرەتا بە نووسینی جۆرێک لە حەبی تایبەت بەم نەخۆشییە دەست دەکەین بە چارەسەر. دوای دانانی چارەسەر پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ باری نەخۆشەکە بکەین، بۆئەوەی بزانین وەڵامدانەوەی لەشی نەخۆشەکە بۆ چارەسەرەکە چۆن بووە. ئەگەر سوودی لێوەرگرتبوو دەتوانین نەخۆشەکە لەسەر هەمان چارەسەر بهێڵینەوە، ئەگەر سوودیشی لە یەکەم هێڵی چارەسەر وەرنەگرت دەتوانین دەستکاری دۆزی دەرمانەکەی بۆ بکەین، یاخود رێگایەکی دیکەی چارەسەری بۆ دەستنیشان بکەین، کۆتا ڕێگەش دانانی چوکی دەستکردە لەڕێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە کە وەک ئاماژەمان بۆ کرد بە رێژەی 90% ئەم چارەسەرەش سەرکەوتوو دەبێت.

سازدانی چاپێکەوتنەکە: ئاڤار سەلاح محەمەد / خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی
سەرچاوە: مێدیار