سەردێر

تا ئێستا چارەنووسی هەڵکەوت زاهیر نادیارە، دواین زانیارییەکان چی دەڵێن؟

پاش ئەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ئاوازدانەری بەناوبانگ هەڵکەوت زاهیر بڵاوکرایەوە، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ماڵپەڕی خەڵک چەندجارێک هەوڵیدا پەیوەندی بکات بە هەڵکەوت زاهیرەوە، بەڵام مۆبایلەکەی داخراوە و تا ئێستاش خۆی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی دەنگۆی گیرانی ئەو هونەرمەندەوە ڕایگەیاندووە کە ئەویش گوێبیستی گیرانی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر بووە، بەڵام لە هیچ بنکەیەکی پۆلیس هەواڵی گیرانی هونەرمەندی ناوبراو بە راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر نەدراوە.
لای خۆشیەوە هونەرمەند میرە ڕەتی کردۆتەوە کە هەڵکەوت زاهیر دەستگیرکرابێت و وتویەتی””نانی نیوەڕۆیشی لە ماڵەوە خواردووە و هیچ سکاڵایەکیشی لەسەر نەبووە تا بگیردرێت، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە نەگیراوە”.
بەڵام ماڵپەڕی درەو ئاماژەی بەوەداوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ بەرپرسێكی باڵای پارتی بە تەلەفۆن لەگەڵ كەسوكاری هەڵكەوت زاهیر قسەی كردووە‌و پێی وتوون”هەڵكەوت زاهیر لای ئێمە میوانە‌و بانگهێشتكراوە بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێكی تایبەت‌و پاشان ئازاد دەكرێت”.
ھەڵکەوت زاھیر؛ ساڵی ١٩٧٢ لەسلێمانی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٢ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، لە پەیمانگاکانی ئەڵمانیا درێژەی بەخوێندنی میوزیک داوە و ئاوازدانەرێکی ناسراوی کوردە، پێشتر راوێژکاری ھونەریی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە و بەهۆی کارەکانییەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە، کاری هونەری و ئاوازدانانی بۆ زۆرێک لە گۆرانیبێژەکان کردووە، جگە لەوەی کاری ئاوازدانانی بۆ زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد و عەرەبی عێراقی و سوری کردووە.