بۆمبەکەی ناو خێزانی شاهانەی بەریتانیا تەقییەوە

بوکی خێزانی شاهانەی بەریتانی، دۆخی ناو خێزانی شاهانە بە دوژمنکارانە و ڕەگەزپەرستانە، وەسفدەکات

سەردێر

خێزان

چاوپێکەوتنە مێژووییەکەی مێگان مارکڵ بوکی خێزانی شاهانەی بەریتانیا و شازادە هاری هاوسەری لەگەڵ پێشکەشکاری بەناوباگی ئەمریکی ئۆپرا وینفری لە کەناڵی (cbs) سی بی ئێسی ئەمریکایی بڵاوکرایەوە و چەندین نهێنی سەرسوڕهێنەریان ئاشکرا کرد.

مێگان مارکڵ بوکی خێزانی شاهانەی بەریتانی، دۆخی ناو خێزانی شاهانەی بە دوژمنکارانە و ڕەگەزپەرستانە، وەسفکرد و ئاشکرایکرد: لەوکاتەی هاتووەتە ناو خێزانی شاهانەو دووگیان بووە بە منداڵی یەکەمی، بیری لە خۆکوشتن کردوەتەوە.

 

لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەدا کە نزیکەی ٢ کاتژمێری خایاند، مێگان دەڵێت : ئەندامانی خێزانی شاهانە بەڕوونی ترسی خۆیان دەردەبڕی لە چۆنێتی ڕەنگی نەوەکەمان (ئارچی) کە ئەوکات لە سکمدا بوو، دەیانووت دەبێت چەند تاریک و ڕەش بێت.!؟

تەنانەت دەگەیشتنە دوورترین مەودا، تاوەکو ئەو منداڵەمان نازناوی شاهانەو پارێزبەندی بەدەست نەهێنێت، هەندێک جار بەربەستەکان ئەوەندە توند دەکران، نەمدەتوانی بۆ ماوەی مانگێک بچمە دەرەوە.

بوکەکەی کۆشکی شاهانە دەشڵێت : کاتێک قسەوباسی ڕۆژنامە ناوخۆییەکان لەسەر کێبرکێی شاهانەیی دروستبوو، هیچ ئەندامێکی ئەو خێزانە دەستی بەرز نەکردەوە تا بەرگری لە نەوەکەم بکات یان پێداچوونەوەیەک بکات بەبڕیاری پاراستی کوڕەکەم و بەدەستهێنانی نازناوی شازادە، من هەستم بە ئارامی نەدەکرد لەبەرامبەر هێرشی ڕۆژنامەکان و بەرگری نەکردنی ئەندامانی شاهانە لێم.

 

وتیشی: ئەمانە هەموو بۆیە ڕوویان دەدا، چونکە من هەناسەم دەدا، بەشێکی ئەو ڕۆژگارەم بەگریان بەسەر دەبرد تەنانەت بیرم دەکردەوە لەوەی بەردەوام نەبم لەژیان و زیندوو نەبم.

 

ئۆپرا وینفری، پرسیاری هۆکاری دژاتیکردنی لێدەکات لەلایەن خێزانی شاهانەوە و دەڵیت : پێت وایە هۆکارەکە نەژادییە(پێست و ڕەنگ) یان ڕەگەزنامەی ئەمریکی یان ئەوەیە کە تۆ پێشتر ژنێکی تەڵاقدراو بوویت؟

 

مێگان دەڵیت: من بیرم لە بارودۆخەکە دەکردەوە، چونکە ئەوان وایان لێدەکردم بیر بکەمەوە، پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ کەسێکی دیاریکراو درێژ ناکەم، تەنیا پێویستم بە یارمەتی بووە کەس بە دەنگمەوە نەهاتووە.

 

مێگان ئەندامانی ناو کۆشکی بەکینگهام، بە ترسناک وەسف دەکات و دەڵێت؛ ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆخەکە بەسەر ئەوانیشدا سەرەوژێر ببێت.

هەروەها مێگان باس لە باری دارایی و شایستەکانی خۆشی دەکات و دەڵێت؛ من هیچ شایستەییەکی داراییم نەبووە لەناو ئەو خێزانەدا کە داواشم کردووە، بەرپرسانی دارایی کۆشکی شاهانە پێیان وتوم هیچ مافێکی داراییت نییە لێرە، چونکە تۆ ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانی نیت.

هاوژینەکەی شازادە هاری وتیشی “گەورەترین پەشیمانی ژیانم ئەوەبوو کە وامزانی خێزانی شاهانەی بەریتانیا لەخۆیانم دەگرن”.

 

لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا شازادە هاری هاوسەری مێگان مارکڵ هاتە ناو بەرنامەکەوە و چەندین نهێنی سەیر و سەرسوڕهێنەری ئاشکراکرد و ڕایگەیاند : دوابەدوای دەرچوونم لە خێزانی شاهانەیی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ ەوە، باوکم وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانمی نەدەدایەوە، بەڵام من هەر خۆشم دەوێت،

لەبارەی شاژنیشەوە شازادە هاری ووتی: پەیوەندیم لەگەڵ شاژنە ئیلیزابێس (داپیرەم) وەک خۆیەتی و بەردەوامە و نەگۆڕاوە.

 

شازادە هاری ڕەگەزی منداڵی دووەمی خێزانەکەی ئاشکراکرد، کە چاوەڕوانی لەدایکبوونی دەکەن و وتی ئەمجارەیان دەبم بە باوکی کچێک.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا هاری، ڕەتیکردەوە تەواوی ڕووداوەکان بە تێروتەسەل باس بکات و وتی : ئەمە تەنیا گفتوگۆیە و هەرگیز باسی ناکەم، چونکە جێگەی شەرمەزارییە.

هاری تەمەن ٣٦ ساڵ دەشڵیت : کاتێک ڕاگەیاندن هێرشی ڕەگەزپەرستانەیان کردە سەر هاوژینەکەم هیچ کەس بەرگری لێنەکرد، هیچ یەکێک لە خێزانی شاهانە هیچی نەوت، لەو چەند ساڵەدا کەس پشتگیری لێنەکرد.

شازادەکەی بەریتانیا بارودۆخی باوک و براکەی لەناو دامەزراوەی شاهانەی بەریتانی بە دەستبەسەرکراو وەسفکرد ووتی: ئەوان هەرگیز تێناکۆشن بۆ دەرچوونیان لەو بارودۆخە.

 

لەبارەی شازادە ولیامی براشیەوە، شازادە هاری ووتی ڕێگەی هەریەکەمان جیاوازە و ئەو ئێستا زۆر لەگەڵم قسە ناکات.

 

شازادە هاری ئەوەشی ئاشکراکرد؛ کە دوای دەرچونیان لە خێزانی شاهانە لەمانگی کانونی دووەمی ڕابردوەوە، هەموو جۆرە پشتگیرییەکی داراییان بڕدراوە و هیچ پارەیەکیان پێنەدراوە یان وەرنەگرتووە.

 

وتیشی؛ گرێبەستکردن لەگەڵ تۆڕەکانی (نێتفلێکس و سپۆتیفای ) لە پلانەکانی ئەو و هاوژینەکەیدا نەبووە، بەڵام پێداویستی و ناچاری خەرجییەکان وایلێکردووە ئەو گرێبەستانە ئەنجام بدەن.

 

لەدوای دەرچوونیان لە خێزانی شاهانەی بەریتانی ، ئێستا شازادە هاری و مێگان مارکڵی هاوژینی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا ژیان بەسەر دەبەن و زۆر هەست بەئاسودەیی دەکەن زیاتر لەجاران، مانگی ڕابردووش ئەوەیان دووپاتکردەوە کە بەنیاز نین بگەڕێنەوە ناو خێزانی شاهانەی بەریتانی.

 

وەرگێڕان؛ کێوان عومەر