سەردێر

“بەداخەوە لەم سەردەمەدا خەریكە پسپۆڕیی كەم دەبێتەوە”

خەڵك – یەحیا حبیب

هاووڵاتییەك لە شارۆچكەی شارەزوور ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە كاری هەنگەوانی دەكات دەڵێت، “هەر كەسێك لە كارێكدا خۆی كۆبكاتەوە سەركەوتوو دەبێت تێیدا كە بەداخەوە لەم سەردەمەدا خەریكە پسپۆڕیی كەم دەبێتەوە”.

ئەو پیاوە بورهان عزیز، كە زۆرتر بە (مەلا بورهان باوایی) ناسراوە باسی ئەزموونی كاری هەنگەوانی خۆی بۆ (تۆڕی میدیایی خەڵك) دەكات و دەڵێت، “لە ساڵی 1996 دەستم كرد بە كاری هەنگەوانی تا 2000 بەردەوامبووم و ماوەیەك وازم هێنا و لە ساڵی 2015 دەستمپێكردەوە و تا ئەمڕۆ كاری هەنگەوانی دەكەم و پیشەكەی خۆمم خۆش دەوێت”.

لە بارەی سەرەتای چوونە ناو كاری هەنگەوانییەوە مەلا بورهان وتیشی، “چونكە خاوەنپێداویستی تایبەت بووم و وێڕای ئەوەی ئەوەی كاركردنیش زۆر كەم بوو منیش هەموو كارێك لەتوانامدا نەبوو، بەڵام لە گوندەكانی نزیك كۆماری ئیسلامی ئێران پیاوێك داوای لێكردم كە پێویستی بە پاسەوانێكە كە چاودێری هەنگەكان بكات لەكاتی چونەدەرەوەی بۆ كاری تایبەتی و منیش دەستم پێكرد”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “كاركردنی من ئەوە بووە بەیانی دەچوومە لای هەنگەكان و ئێوارە دەگەڕامەوە ماڵەوە لەگەڵ ئەوەی دوو دار شەقیشم پێبوو، بەڵام چونكە لە هەنگەكان نەدەترسام و حەزم بە كارەكە دەكرد خاوەنی هەنگەكەش هاوكاری دەكردم زانیاری باشی لەوبارەیەوە پێ دەدام بۆ ئەوەی ببمە هەنگەوانێكی سەركەوتوو”.

مەلا بورهان پێیوایە، هەر كەسێك لە كارێكدا خۆی قاڵبكات سەركەوتو دەبێت تێیدا كە بەداخەوە لەم سەردەمەدا خەریكە پسپۆڕیی كەم دەبێتەوە.

بورهان عزیز ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، “لە ساڵی 1995 بە فەڕمی دەستم كرد بە كاری هەنگەوانی كرد دوای ماوەیەك وەستانیش دووبارە دەستم پێكردەوە و ئێستا لە سنووری گوندەكانی شارەدێی بەمۆ كاری هەنگەوانی دەكەم و لەگەڵ ئەوەشدا هەنگەكانم گەرمیان و كوێستانیان پێ دەكەم و دەیانبەمە شارەكانی پێنجوێن و شەمێران و قەرەداغ لە پێناو بەرهەمی باشتر، چونكە هەندێك هەنگەوان هەیە بەرهەمەكەیان ناسروشتییە”.

هێمای بۆ ئەوەشكرد، “چونكە كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە و وەك چارەسەر بەكار دەهێنرێت نابێت بەشێوەیەكی نەگونجاو ئەو هەنگوینە بەرهەم بێت”.

مەلا بورهان دەڵێت، “لە مانگی دووی هەموو ساڵێك دەبێت هەنگەوانان ئامادەكاری خۆی بكات لە ئامادەكردنی سندوق و شانە و بەرهەمی دەڤەری بەمۆ و ناوچەكانی شەمێران قەرەداغ لە مانگی شەشدا هەنگوینەكەی دەبڕینەوە”.

دەشڵێت:”لە دوای بڕینەوەی هەنگوینەكە بەشێك بۆ نەخۆشین ئەو هەنگوینە وەك چارەسەر بەكاری دەهێنێت، بەڵام بە بێ مۆمەكەی و بە ئامێر جیادەكرێتەوە هەندێكیش حەز بە مۆمەكەی دەكات پێكەوە دەیكڕێت”.

مەلا بورهان باوایی ئەوەشی خستەڕوو، “دوا هەنگاو پاككردنەوەی ئەو چوارچێوانەیە كە مۆمەكانی لێدەدرێت و دواتر دەبڕدرێتەوە پێویستە بە ئاوی گەرم بكوڵێنرێت بۆ ئەوەی تەواوی ئەو تەپوتۆزە لەگەڵ هەر میكرۆبێك لێی بببێتەوە و هەنگوینێكی تەندروست بەرهەم بهێنرێت”.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان