سەردێر

ئەو مامۆستایەی باسی قۆپیەكردنی كرد پەشیمان بووەوە

خەڵك-
بەڕێوەبەری پەیمانگای ئاشنا لەسلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەكی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ باسی قۆپیەكردن لە كاتی تاقیكردنەوە كراوە، دەشڵێت، “هێشتا خۆمان بەقوتابی دەزانین و لە هەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەكردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای ڕێگەداین”.

ئاشنا فەلاح، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئاشنا لەسلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەكی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (كە ستایلی بەرنامەكە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەكردن لە كاتی تاقیكردنەوە كرا، بەڵام بە شێوەكی فراوان، ڕەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دوور لە ھەر بەھایەكی كۆمەڵایەتی و ڕەچاوكردنی كەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستكراوە بە ناوزڕاندن و لەكەداركردنی كەسایەتیمان .

دەشڵێت: “بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو جۆرە كارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بە تایبەت، كە لە ئێستادا من خۆم یەكێكم لەو ڕاھێنەرانەی كە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەكەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەكی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایك و باوكیان”.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕوونكردنەوەكەیە:
روونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی
ھاوڵاتیانی كوردستان، پەروەردەكاران، میدیاكاران و مامۆستایانی بەڕێز.
بە پێویستی دەزانم ڕوونكردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێك لەسەر من دوای بەشداریكردنم لە بەرنامەی ١٠٠ پرس كە بەرنامەیەكی تەواو تەرفیهییە لەكەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت.

لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەكی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (كە ستایلی بەرنامەكە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەكردن لە كاتی تاقیكردنەوە كرا، بەڵام بە شێوەكی فراوان، رەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دوور لە ھەر بەھایەكی كۆمەڵایەتی و ڕەچاوكردنی كەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستكراوە بە ناوزڕاندن و لەكەداركردنی كەسایەتیمان.

لە كاتێكدا بە ڕوونی رایدەگەیەنم كە بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو جۆرە كارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بە تایبەت كە لە ئێستادا من خۆم یەكێكم لەو ڕاھێنەرانەی كە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەكەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەكی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایك و باوكیان.
ھەر بۆیە زیاتر لە جارێك بەشداریان بە منداڵەكانیان كردۆتەوە لە خول و چالاكییەكانماندا.

ئەمە جگە لەوەی سەدان سیمینار و چالاكیمان ئەنجامداوە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و شا رێگای ڕاستی زانست و زانیاری و ھەوڵ و كۆششدانمان بۆ ئامادەبووان خستۆتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەش ھێشتا خۆمان بە قوتابی دەزانین و لە ھەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەكردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای رێگەداین بۆیە بەردەوام لە كۆرس و خولی فێركاری بەشدار دەبین.

لە كۆتاییدا جگە لەوەی دووپاتی ئەوە دەكەینەوە كە ئێمە ھەرگیز بانگەشە بۆ ھیچ جۆرە كارێكی ساختە و نا دروست ناكەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێركردن كە خۆمان لە كایەكەداین ھەم وەك قوتابی، ھەم وەك پەروەردەكار، دڵنیایی دەدەین كە بەردەوام دەبین لەسەر كاری خۆمان و درێژە بە كاروانی پەروەردەیی دەدەین و كوالیتی باشتر و خزمەتی زیاتر بە بەشداربووانمان دەكەین و لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە ناوەستین.

لەگەڵ رێزدا..
ئاشنا فەلاح