سەردێر

دەکرێت منداڵەکەت نەخۆشیی دەروونی هەبێت؟

هەندێکجار نەخۆش پرسیارەکانی پزیشک بەڕاستی و وەکو ئەوەی پێویستە وەڵامناداتەوە، جا لەبەر هەر هۆکارێک بێت ئەوە شتێکی هەڵەیە و وا دەکات پزیشک بەهەڵەدا بڕوات و نەگاتە دەستنیشانکردنی تەواو و چارەسەری دروستی نەخۆشییەکە
.
بەم نموونەیە بۆتانی ڕوون دەکەمەوە:
لە ڕۆژانی ڕابردوو منداڵێکی ١٢ ساڵی لەگەڵ دایک و مامی هاتنە لام گازاندەیان لە گەشە و هەڵسوکەوتی منداڵەکە هەبوو، پاش گوێگرتن لێیان و پشکنینی منداڵەکە پرسیم لە بنەماڵەکەتان نەخۆشی دەروونیتان هەیە؟
دایکەکە زوو گوتی نەخێر.
پاشان گوتم پێویستە پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بیبینێ بۆ دڵنیابونەوە لە بونی هەر حاڵەتیکی دەروونی.
دایکی منداڵەکە گوتی بردوومانە بۆ لای چەند پزیشکێک و پێیان گوتووین عەیبی نییە.
گوتم کەوایە ئەو پشکنینانەم بۆ بکەن با ئەنجامەکەی ببینین.
پاش ئەوەی چونە دەرەوەی عیادە مامی منداڵەکە گەڕایەوە، گوتی دکتۆر سەبارەت بەبونی حاڵەتی دەروونی لە بنەماڵەمان بەڵێ خاڵێک و پوورێکی منداڵەکە نەخۆشی دەروونییان هەیە بەڵام دایکی حەز ناکات باسی بکات!
پاشان لەسەر ڕاسپاردەی ئێمە مامی منداڵەکە بردی بۆ لای پزیشکی دەروونی ڕوون بویەوە کە بەڵێ منداڵەکە حاڵەتێکی دەروونی هەیە و پێویستی بەچارەسەر هەیە.
مەبەستی ئەو نوسینە بەکورتی/
١. بە ورد و دروستی وەڵامی پرسیارەکانی پزیشکەکەت بدەوە چونکە هەندێکجار بەهۆی وەڵامدانەوەی هەڵەی پرسیارەکان پزیشک ناگاتە ئەنجامی دەستنیشانکردنی تەواوی نەخۆشییەکەت.
٢. نەخۆشیی دەروونی عەیبە نییە و زۆر ئاساییە وەکو نەخۆشیەکانی تر و چارەسەریشی هەیە.
٣. منداڵانیش توشی هەندێ نەخۆشی دەروونی دەبن و پێویستە دایک و باوک وریا بن.
د.سۆران سابیر عوسمان
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
سەرچاوە: مێدیار