سەردێر

مەبەست لە گلاراو چییە و بۆچی بە کەسێک دەوترێت ئەوە گلاراوتە؟

زۆر جار بیستومانە کاتێک کەسێک بەهۆی جوڵەی زۆرەوە خۆی دەکێشێت بە شتەکانی دەوروبەریدا و ئۆقرەی نیە، پێی دەوترێت: ” ئەوە گلاراوتە؟”
گلاراو (گلی چاو): ئازارێکی توند و تیژە لە چاودا دروست دەبێت، بە زۆری لەیەک چاودا، چاوئێشەکە هێندە زۆرە کەسی توشبوو ئۆقرەی لێ دەبڕێت و ئاگای لە دەوروبەری خۆی نامێنێت.
گلاراو دوو جۆری سەرەکی هەیە، بە پێی شوێنی ئازارەکە:
١- گلاراوی گلێنە: ئازارەکە لە بەشی پێشەوەی چاوەکەدا دروست دەبێت.
لەم جۆرەدا چاوەکە توشی ئازار و ئاوکردن و سوربوونەوە دەبێت و زۆرجار واهەست دەکرێت شتێکی زبر لە ژێر پێڵوی چاوەکەدایە.
چەندین هۆکار هەن ئەم جۆرە گلی چاوە دروست دەکەن، لەوانە:
٭ بوونی تەنی نامۆ لەناو چاودا، وەکو وردە پارچەی ئاسن و بەرد و دار.
٭ برینداربوون و ڕوشانی گلێنەی چاو بەهۆی هاوێنەی دەستکرد، کەرەستەی ئارایشت، کەرەستەی پاککەرەوە.
٭ هەوکردنی چاو، هەوکردنی بۆری فرمێسک، تامێسکی گلێنەی چاو.
٢- گلاراوی کاسەی چاو: لەم جۆرەدا ئێشێکی قوڵ لەناو چاوەکەدا دروست دەبێت، هەندێک جار کەسی توشبوو واهەست دەکات چەقۆ دەکرێت بە چاویدا، یان لەگەڵ لێدانی دڵیدا ئازارەکەی چاویشی پل دەدات.
چەندین هۆکار هەن ئەم جۆرە گلی چاوە دروست دەکەن لەوانە:
٭ ئاوی ڕەشی چاو
٭ هەوکردنی بەشی پشتەوەی دەماری چاو
٭ هەورکردنی گیرفانە هەواییەکانی دەوروبەری چاو (جیوب)
٭ شەقیقە (لاسەرئێشە)
٭ هەوکردنی بیلبیلەی چاو
چارەسەر:
چارەسەری گلاراو بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەرکەسێک گلاراو بگرێت پێویستە لەم بارانەدا بە پەلە سەردانی پزیشکی چاو بکات:
١- ئەگەر لەگەڵ ئازارەکەدا بینینیش کز ببێت
٢- ئەگەر ئازارەکە بەهۆی سوتان و ماددەی کیمیاییەوە بێت
٣- ئەگەر بە دەستلێدان لە چاوەکە ئازارەکە زۆر زیاد بکات
٤- ئەگەر لەگەڵ ئازارەکەدا چاوەکەش بئاوسێت
٥- ئەگەر لەگەڵ ئازارەکەدا چاوەکە بە ڕووناکی بێزارببێت
٦- ئەگەر بە جوڵەی چاوەکە ئازارەکە زیاتر ببێت
٧- ئەگەر سەرئێشە و هێڵنج و ڕشانەوەی لەگەڵدا بێت.
ــــــــــــــــــــــــــ
د. ماکۆک محەممەد
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو
سەرچاوە: مێدیار