سەردێر

فەحسی ڕۆماتیزم…دەیان هەڵە و پارە سەرف کردن بە زیادە {ESR}

فەحسێک هەیە بەناوی (ئی ئێس ئاڕ) و لای خۆمان، جیاواز لە هەموو جیهان، پێی دەڵێن فەحسی ڕۆماتیزم. تەبعەن لەبەر ئاسانی و بەردەست بوونی ئەم پشکنینە لە زۆربەی تاقیگەکان دەکرێت. جا خەڵکی خۆمان بە داخەوە فێرکراون کە ئەم فەحسە بۆ ڕۆماتیزمەیە. کاتێک کە ئەنجامەکەی وەردەگرنەوە و بەرز دەردەچێت ئەلێن ڕۆماتیزمەکەمان بەرزە یان پێیان دەلێن ڕۆماتیزمەتە. لە ڕاستی دا ئەو فەحسە بەشێکی بچووکە لە پشکنینەکانی ڕۆماتیزمە و نەخۆشییەکانی ڕۆماتیزمە ئەوەندە با ئاسانی دەست نیشان ناکرێن و ئاڵۆزن. هەروەها ڕۆماتیزمە یەک نەخۆشی نییە و بەڵکو سەدان نەخۆشییە و زۆربەی جار ئێمەی پزیشکی گشتی و هەناوییش ناتوانین دەست نیشانیان بکەین و دای دەنێین بۆ پزیشکانی جومگە و ڕۆماتیزمە خۆیان.

فەحسەکە چۆنە؟
لە رێی خوێنەوە دەکرێت و خوێنی ئەو کەسە دەکرێتە تیوبێکەوە و دا دەنرێت بۆ ماوەی کاژێرێک تا بزانین خێرا دەنیشێت یان ئاساییە. گەر خێرا نیشت ئەوا مانای بوونی هەوکردن هەیە. جا هەوکردنەکە بە هۆی مشەخۆرەوە بێت یان ڕۆماتیزمە یان هەر هۆکارێکی دیکە. بۆیە تایبەت نییە بە ڕۆماتیزمەوە. جگە لەوە، ئەم فەحسە بەرز دەبێتەوە لەگەڵ چەند هۆکارێکی سرووشتی جەستەش کە نەخۆشی نین وەکو سک پڕی، تەمەن و قەڵەوی.

بۆ لای خۆمان نەخۆش گیرۆدە بووە؟

جارێ سەرەتا لە هەموو جیهان نەخۆش باش نییە داوای فەحس بکات بێ وەرەقەی پزیشک. هەر ئەمە خودی خۆی دەبێت بە سەر لێ تێکدان چوونکە جاری وا هەیە لە پڕ ئەنجامێکت بۆ دەردەچێت کە چاوەڕوان نەکراوە لەبەر ئەوەی تەنها پزیشک دەزانێت داوای کام پشکنین بکات بۆ ئەو کەسە.
پاشان وەکو ووتمان فەحسی (ئی ئێس ئاڕ) دەیان هۆکاری هەیە کە بەرز بێتەوە، کاتێک لەبەر قەڵەوی فەحسەکە بەرز دەردەچێت ئیتر وا دەزانێت ڕۆماتیزمەیەتی و سەددان هەزار دینار بە زیادە سەرف دەکات. ئەمە جگە لە دڵە ڕاوکێ. لەوە خراپتر ئەوەیە نەخۆش جاری وایە فەحسەکەی نۆرماڵە و ئەڵێت ڕۆماتیزمەکەم باشە، لە کاتێدا ڕۆماتیزمەکەی زۆر خراپە و فەحسەکەی بە هەڵە بۆ کراوە. ئاخر ئەم فەحسە وەکو سەددانی دیکە ووردەکاری دەوێت و هەموو تاقیگەیەک ئەو سەبر و تەحەمولەی نییە و لە کاژێڕێک زووتر ئەنجامەکە دەدەنەوە بۆیە هەڵە دەبێت.

چی بکەین؟
١- لە مێشکی خۆمان و کەس و کارمانی دەربکەین کە ئەو فەحسە ناوی ڕۆماتیزمەیە
٢- هەرگیز لە خۆمانەوە فەحسی خوێن نەکەین بێ پرسی پزیشک، ئەسڵەن هەرگیز لە خۆتەوە فەحس مەکە بۆ خۆت تا دکتۆر نەبینیت.
٣- تاقیگەکان نابێت ئەم جۆرە فەحسانە سەربەخۆ بۆ خەڵک بکەن، ئەمە تەنها لە ووڵاتی خۆمان و خراپتر لە خۆمان ڕوو دەدات!
٤- کاتێک فەحسەکەت خراپ دەرچوو، بچۆ بۆلای پزیشکی هەناوی تا بۆت یەکلا بکاتەوە.

د.زانیار ئاغال
پزیشکی پسپۆڕی هەناوی