سەردێر

هۆکارەکانی برینی ناو دەم چییە و بۆچی زۆرجار چاک نابێتەوە؟

گەلێ جار دایکان گلەیی ئەوە دەکەن ئەگەرچی چارەسەریشیان بەکارهێناوە بۆ برینی ناو دەمی منداڵەکانیان(پێیشی دەگوترێ دەمکولی)، کەچی چاک نابێ یان دووبارە بۆی دەگەڕیتەوە.

سەرەتا پێویستە بزانین کە برینی ناو دەم لە منداڵان جۆری زۆرە و هەر جۆرێکیش چارەسەری تایبەتی هەیە، نەک نەخۆشییەکی دیاریکراوبێت و یەک چارەسەری هەبێت بۆ هەموو حاڵەتەکان.

هۆکارەکانی برینی ناو دەم:

١. برینی ناو دەم بەهۆی کەڕوو کە لە منداڵی تازەلەدایکبوو زیاتر دەبینرێت.
٢. برینی ناو دەم بەهۆی هەندێ جۆری ڤایرۆسەوە کە زۆر جار تای لەگەڵە.
٣. برینی ناو دەم بەهۆی کەمی ڤیتامینەوە.
٤. برینی ناو دەم بەهۆی هەندێ نەخۆشییەوە وەکە نەخۆشی هەستیاریی گەنم و نەخۆشی بەهجەت و هیتریش.
٥. جۆرێکی تری باوی برینی ناو دەم هەیە کە هۆکارەکەی دیار نیە و زۆر جار چەند کەسێکی هەمان خێزان هەیانە و زوو زوو دوبارە دەبێتەوە.
٦. برینداربونی ناو دەم و هەندێ هۆکاری تری برینی ناو دەم.

هۆکاری چاکنەبوونەوەی برینی ناو دەم لە هەندێ منداڵ

١. دەستنیشانکردنی هەڵە واتە هۆکاری راستەقینەی برینی ناو دەمەکە نەدۆزراوەتەوە بۆیە کە چارەسەر وەردەگری چاک نابێت.
٢. هەڵە بەکارهێنانی بڕ و شێوازی دەرمان و زوو دەستهەڵگرتن لە دەرمانەکە.
بۆیە بۆ چارەسەری تەواوی برینی ناو دەم پێویستە سەرەتا دەستنیشانکردنەکە ڕاست و دروست بێت ئینجا چارەسەری گونجاو بۆ حاڵەتەکەی دیاری بکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە.

ئامادەکردنی:
د. سۆران سابیر عوسمان
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان

سەرچاوە: مێدیار