سەردێر

چۆن قوڕاو ئامادە دەکەیت؟

قوڕاو، یەکێکە لە خواردنە کوردەوارییەکان و تامێکی خۆشی هەیە و بۆ درووستکردنیشی کاتی زۆری ناوێت، لە دەڤەری راپەڕین گرنگی زۆر پێدەدرێت.

خانم مستەفا، کابانێکی دەستڕەنگینی شاری رانیەیە، ئەو زووزوو چێشتی قوڕاو ئامادە دەکات، خۆ ئەگەر میوانێک لە شارە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانەوە روو لە ماڵەکەی بکات، لەپاڵ خواردنی دیکە “قوڕاو”ێکی بەلەزەتی پێشکەش دەکات.

خانم مستەفا، چۆنیەتی ئامادەکردنی چێشتی قوڕاو بۆ کوردستانی نوێ روون دەکاتەوە؛
پێداویستییەکانی:
کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵ
کیلۆیەک ماست
دوو کەوچکی چێشت جاترە
خوێ بەپێی پێویست
ڕۆن
سێ سەلک پیاز
ئاو
ئامادەکردنەکەی:
سەرەتا گۆشتەکە ورد دەکرێت، لە مەنجەڵێکدا ڕۆنی بۆ دەقرچێنرێت و پیازەکەی تێدا سوردەکرێتەوە پاشان گۆشتەکەی تێدەکرێت تا کەمێک سوردەبێتەوە، دواتر خوێ و ئاوی تێدەکرێت و بۆماوەی ٣٥ خولەک لەسەر ئاگر دادەنرێت تاوەکو بەجوانی دەکوڵێت.

ماستەکەی بۆ شل دەکرێتەوە و تێکەڵی گۆشتە کوڵاوەکە دەکرێت و بۆماوەی پێنج خولەک تێکدەدرێت بۆئەوەی تۆپەڵ نەبێت، پاشان جاترەکەی تێدەکرێت و سەری دادەپۆشرێت تا ٢٠ خولەکی تر لەسەر ئاگر دەبێت، لەکۆتایدا ئامادەی خواردن دەبێت.