سەردێر

نامەیەک لە ژووری ئیعدامەوە: كاتێك ئەم نامەیەتان بەدەست ئەگات من ماڵئاوایم لە ژیان كردوە

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەیەکی (پۆڵا زیندانی)یە کە لە ژووری لەسێدارەدانەوە بۆ خێزانەکەی ناردووە، هەرچەندە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت بەڵام جێبەجێ ناکرێت و پاش ١٣ ساڵ لە زینداندا، دواجار ئازاد دەکرێت:

دەقی نامەکەی:

بۆ دایك و باوكی بەڕێزم و خۆشەوستم، خوشك و برا ئازیزەكانم ..كاتێك ئەم نامەیەتان بەدەست ئەگات من ماڵئاوایم لە ژیان كردوە، داواكاریم لە ئێوەی ئازیز ئەوەیە غەمباو نیگەران نەبن، ئەم رێگایە خۆم ھەڵم بژاردوەو ئەمزانی ئەمە ئەنجامەكەیەتی.
ھەموو مرۆڤێك مردنی لەسەرە بەڵام ھەموو كەسێك ئەم مردنەی منی دەست ناكەوێت …. لێم ببورن ئەگەر بەدرێژای ژیانم ئەركێكی گران بووبم لە سەرتان، بەداخەوە نەم توانی پاداشتان بدەمەوە، لە بەر ئەوەی من ئەركێكی گەورەترم لەسەر بوو، زۆر سەرم بەرزە بەئێوە، بەوهیوایەم منیش توانیبێتم سەربەرزیتان بۆ بەجێ بهێڵم.
یەكێتی خێزانەكمان ببارێزن ڕێز ی دایك و باوكم بگرن، سڵاوم ھەیە بۆ ھەموو لایەك.
بۆ زانای ھاوسەرم…كاتی لێدان و ھەڵواسینم لەتاو ئازاری گیانم ئەمویست نهێنیەكانی دڵم بدركێنم، بەڵام ئەوكاتەی وێنەی تۆ و كەسانی ئازیزم ئەھاتە بەرچاو، ئەموت نا نەكەیت بیدۆڕێنیت دوا سامانی ژیانت.
گوڵەكم ئەبێت لێم ببوریت من زۆر قەرزارتم، بەتەمابووم رۆژێك بێت بتوانم پاداشی ھەڵوێستە جوانەكانت بدەمەوە.
لێردا ھەڵبەستەكەی گورانت پێشكەش ئەكەم(بڵێن بەبوكی یەك شەوە) ھەستی خۆمی تێدا ئەدۆزمەوە بەرامبەرت .
گوڵەكەم وابزانم ئێستا دایكی منداڵێكی، ھیچ سامانێكم بەجێ نەھشتوە بۆتان تەنها سامانی سەربەرزی و شانازی نەبێت.
ئازیزەكەم پێمخۆشە بەو شێوەیە ژیانی خۆت بژی كە بەختەوەری خۆتی تێدائەدۆزیتەوە، داواكاریم پاراستنی خۆت و ناوتە، خۆشم ویستی تا دوا ھەناسەم، ڕێزم ھەیە بۆ ماڵەوەتان بەتایبەتی دایكت، چاوی ئامانج و كەیفی و نەورۆز ماچ ئەكەم، ڵێم ببورە..
ژوری ئعدام ١٩٩٠/٥/٦ رزگار.

چیرۆکی پاش نامەکە:

لە ٢٠٠٢/١٠/٢٠ پۆڵا زیندانی ئازاددەکرێت و دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی، ئەو باس لەوەش دەکات کە هاتۆتەوە خەڵکانێکی زۆر سەردانیان کردووە، بەڵام یەکێک لە سەردانکەرەکانی کەسێک بووە بەناوی (زاھیر)، ئەو کەسەی کە بەگرتی داوە!

 

پۆڵا زیندانی لەکاتی ئازادبوونی

 

پۆڵا زیندانی و هاوسەرەکەی ٢٠٠٣

 

چەند وێنەیەک  لە نێو بەندیخانە

 

 

هاوسەرەکی سەردانی پۆڵای کردووە لە زیندان

پۆڵا و ڕێزانی هاوسەری – ١٩٨٤ – سەرچنار