سەردێر

لە چ دۆخێکدا پیویستە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت؟

لەم حاڵەتە باوانەدا سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکە

لە ژینگەی وڵاتی ئێمەدا ڕۆژانە چەندین ڕووداوی ناخۆش و سەخت ڕوودەدەن، جۆرەها هەواڵی ناخۆش و جەرگبڕ دەدرێت بە گوێی هاووڵاتییاندا، کە دەروونی مرۆڤ بەتەواوی ماندوو دەکەن و دەبنە هۆکاری دەرکەوتنی چەندین گرفتی دەروونی، کە پێویستە لەکاتی خۆیدا چارەسەر بکرێت. بە پێچەوانەوە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو گرفتە دەروونییانە بە ڕونی لە ڕەفتار و کەسایەتی ئەو کەسەدا دەردەکەوێت، دواجار ئەمەش زیان بە خودی کەسەکەو ئەو کەسانەش دەگەیەنێت کە بەردەوام لەگەڵیدا دەژین و ڕۆژانە هەڵسوکەتیان لەگەڵ دەکەن.
سەردان کردنی پزیشکی دەروونی مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ژیریت لە دەست دابێت و پێت بوترێت ‘شێت’، بەڵکو ئەم کارە بۆ سەلامەتیی تەندروستیی دەروون و جەستەی خودی خۆتە.
لێرەدا هەوڵدەدەم ئاماژە بە چەند گرفتێکی دەروونی بکەم کە زۆر کەس بەدەستییەوە دەناڵێنن و لەترسی توانجدانی دەوروبەر یان بەهۆی ناهۆشیاریی کەسەکە خۆی، دووجاربووانی ئەو گرفتانە ناتوانن بەدوای چارەسەرکردنیدا بڕۆن :-
1.زۆر جار کەسانێک توشی ڕووداوێکی لەناکاو دەبن، یاخود هەواڵیکی ناخۆش دەبیستن لە ئەنجامدا توشی زەبری دەروونی دەبن لەدوای ڕووداو یان هەواڵەکە، لەم حاڵەتەدا زۆر گرنگە سەردانی پزیشکی دەروونی بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەپێچەوانەوە چارەسەر نەکردنی گرفتەکە کاریگەری خراپی درێژخایەن لەسەر دەروون و جەستەی کەسەکە جێ دەهێڵێت.

2.کاتێک منداڵێک باوک و دایکیان جیا دەبنەوە، یاخود یەکێکیان لەدەست دەدات بە هەر هۆکارێک، ڕەنگە لە ئەنجامدا منداڵەکە توشی خەمۆکی و داڕوخانی دەروونی و کەسایەتی ببێت، بۆیە پێویستە ئەو منداڵە بەردەوام سەردانی پزیشکی دەروونی یان پسپۆڕی دەروونی پێبکرێت و چارەسەر وەربگرێت، ئەگەر نا ئەم ڕووداوە کاریگەرییە خراپەکانی لەتەواوی ژیانی داهاتویدا دەردەکەوێت.

3.مرۆڤێک کاتێک کەسێکی ئازیزی لەدەست دەدات زۆر جار لەئەنجامی ئەو زەبرە دەروونیە توندە توشی خەمۆکی دەبێت، لەم کاتەدا ڕاوێژکردن بەپزیشکی دەروونی باشترین کارە کە پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ڕزگار بوون لە خەمۆکی و گرفتەکانی تری دوای ڕووداوەکە.

4.کاتێک خۆت یاخود منداڵەکەت ڕووداوێکی هاتوچۆ یاخود کوشتن یان سوتان و کەوتنە خوارەوە دەبینن، ڕەنگە توشی شڵەژانی دەروونی و حاڵەتی ترسان ببن، پێویستە بڕیار بدرێت بۆ چارەسەر کردنی ئەم حاڵەتانە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەن بۆ ئەوەی ئارامی و جێگیری بۆ دەروونی خۆت یاخود منداڵەکەت بگەرێتەوە.

5.دەرکەوتنی نیشانەکانی وەس واسی و دڵ پیسی و کەلە رەقی و چەندین سیفاتی نەخوازراوی تر کە کاریگەریان لەسەر ژیانت هەیە، زۆربەی زۆریان بەچەند بینینێکی پزیشکی دەروونی و ڕاوێژکارانی بواری دەروونزانی چارەسەردەبن.

6.کاتێک خانمانی بەڕێز دوگیان دەبن، سەرباری تەندروستی جەستەیی خۆی ئارامی و جێگیری باری دەروونی خانمەکە زۆر گرنگە بۆ دروست کردنی منداڵێكی تەندروست لە ڕوی جەستەیی و دەروونیشەوە، بۆیە پێویستە خانمان ڕاوێژکردن بە پسپۆڕی بواری دەروونی لەیاد نەکەن لەو ماوەیەدا، بەتایبەت ئەگەر لە گرفت و کێشەو نارەحەتی ژیاندابن لەو ماوەیەدا. یاخود هەندێک لە خانمان توشی خەمۆکی دوای لە دایک بوونی منداڵ دەبن، ئەم گرفتە دەروونیە ڕەنگە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر دایکەکە به جێبهێڵێت بۆیە باشتر وایە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

7.زۆر جار هۆکاری توڕەبوونەکانی مرۆڤ ڕەنگە چەندین فاکتەری تری لە پشتەوەبێت، کەواتە ئەگەر لەو کەسانەیت کە توڕەبوونی زۆر و بەردەوام تەنانەت لەسەر شتی زۆر سادەش هەراسانی کردویت، سەردانی کردنی پزیشکی دەروونی دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی گرفتەکەت.

8.هەندێک جار هەندێک نەخۆشی دەروونی هەن کەپێیان دەوترێ ‘ نەخۆشیە دەروون جەستەییەکان’ پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە، ئەم نەخۆشانە وادەردەکەون کە گرفت لە ئەندامێکی جەستەیاندا هەبێت، بەڵام هۆکاری نەخۆشییەکەی ئەگەرێتەوە بۆ لایەنی دەروونی کەسەکە، ئەم نەخۆشانەش بە سەردانی کردنی پزیشکی دەروونی دەکرێ چارەسەری پێویست وەربگرن.

9. خوێندکاری بەڕیز کاتێک لە قۆناغێکی خوێندنتدا بەتایبەت قۆناغە کۆتاییەکانی پۆلی نۆ یەم و دوانزەیەم سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست ناهێنیت کە بتگەیەنێت بە ئامانج و خەونەکانت، یاخود لەو قۆناغەدا دەمێنیتەوە، زۆرجار ئەگونجێت توشی بێ هیوابوون و داڕوخان بیت لەم حالەتەدا ڕاوێژکردن بە پسپۆڕی دەروونی و کەسانی شارەزا ئەنجامێکی باشی دەبێت بۆت، هاوکارت دەبێت بۆ دەرباز بوون لەو بارودۆخە دەروونییەی کە دوچاری بوویت.

10.وەک چۆن هەموو مرۆڤێک موعەرەزە بۆ توشبوون بە نەخۆشییە جەستەییەکان و بەگوێرەی جۆری نەخۆشی و ئاستی نەخۆشییەکە قابیلیەتی چارەسەرکردنی هەیە، بەهەمان شێوەش مرۆڤ دەگونجێت دوچاری کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی ببێت بەگوێرەی جۆری نەخۆشییەکەو ئاستەکەی چارەسەر بکرێت و بگەڕێتەوە بۆژیانی ئاسایی خۆی. داواکارم هەرگیز لەبەر توانجی دەوروبەر، وەرگرتنی چارەسەر بۆ ئەم بارە دەروونیە نەخوازراوانە لەیاد لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەیاد نەکرێت.

11. هەندێک کات کەسانێک هەن بەدەست نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم یان نەخۆشی بەرزە فشاری خوێنەوە دەناڵێنن و ناتوانن بەباشی نەخۆشییەکەیان کۆنترۆڵ بکەن سەرەڕای جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە پزیشکییەکانی پسپۆڕی هەناوی، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگە هۆکاری کۆنترۆڵ نەکردنی ئەم دوو نەخۆشیە پەیوەندی بەلایەنی دەروونی کەسەکەوە هەبێت، چونکە کۆمەڵێک حاڵەتی دەروونی وەک خەمۆکی و ترس و قەلەقی و بیرکردنەوەی زیاد لە پێویست وا دەکات کە ئەم دوو جۆرە نەخۆشییە درێژخایەنە بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پزیشکانی دەروونی دەتوانن هاوکاری نەخۆشەکە بکەن بە کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشییە درێژ خایەنەکەیان کە باسمان کرد لە ڕێگەی چارەسەر کردنی هۆکارە دەروونیەکانی پشت ئەو حاڵەتە.

ئەمانە چەند نموونەیەکی دیاریی ڕۆژانەن کە توشی مرۆڤ دەبن، بێگومان گرفت و نەخۆشییە دەروونیەکان زۆرن و بە چەندین بابەتی تر ناتوانرێت حەقی تەواوی پێبدرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەردان کردنی پزیشکی دەروونی و ڕاوێژکارە دەروونییەکان بە کارێکی گرنگ و زۆر ئاسایی تەماشا بکرێت، لەپێناو دەرووندروستی و ژیانێکی ئارامدا، قسە و توانجی دەوروبەر پشتگوێ بخرێت و هەرکات مرۆڤ پێویستی بوو ئەنجامی بدات.

ئامادەکردنی : ئاڤار سەڵاح محەممەد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی
سەرچاوە : تایبەت بە مێدیار