سەردێر

کۆمەڵێک ھەڵە تێگەیشتن لە بارەی ڕێژەی چەوری لە خوێندا

ئەمەی خوارەوە کۆمەڵێک ھەڵە تێگەیشتنە لە بارەی ڕێژەی چەوری لە خوێندا کە گرنگە بیزانیت:
ھەڵە/ لەکاتی نەبوونی ھیچ نیشانەیەک پێویست ناکات پشکنینی ڕێژەی چەورییەکان لە خوێندا ئەنجام بدەیت!
ڕاست/ کەڵەکە بوون و زیادبوونی ڕێژەی چەوری بە ھەموو جۆرەکانییەوە پرۆسەیەکی لەسەرخۆیە و ڕەنگە کەسەکە ھەست بە نیشانەیەکی جەستەیی دیار نەکات، بۆیە کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە باشترە لە نێوان تەمەنی ٩-١١ ساڵیدا جارێک پشکنین بکرێت، دواتر لە تەمەنی ١٧-٢١ ساڵی و دوای ٢٥ ساڵی بە گوێرەی باری تەندروستی کەسەکە و ئەگەر ھیچ کێشەیەکی نەبوو ئەوا دەکری تەنھا بۆ چاودێری، ٤ ساڵ جارێک پشکنین ئەنجام بدات.
ھەڵە/ لە منداڵاندا ڕێژەی بەرزی چەوری نییە.
ڕاست/ ھەندێ حاڵەت ھەیە کە لە منداڵییەوە دەستنیشاندەکرێ و ڕێژەی چەورییەکان لە لەشدا بەرزە (بۆماوەیی و کاریگەری جینەکان) و پێویستە چارەسەری پێویست بەکار بھێنرێ بۆیان.
ھەڵە/تەنھا ئەوانەی قەڵەون، دەکرێ ڕێژەی چەورییان بەرز بێت.
ڕاست/ بەرزیی ڕێژەی چەورییەکان تەنها تایبەت نییە بەوانەی لەگەڵ کێشی لەشیان زۆرە، دەکرێ قەڵەوی و کێشی زیادە ھۆکارێک بن بۆ زیاد بوون بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە یاد بێ کە کێشی کەم مانای ئەوە نییە کەسەکە دڵنیابێت ڕێژەی چەوریی بەرز نییە.
چونکە دەکرێ کەسەکە بە ھۆی بۆ ماوەییەوە ھەڵگری ئەو جینە بێت کە دەبێتە ھۆی بەرزیی ڕێژەی چەوری.
ھەڵە/ بەرزیی کۆڵسترۆڵ و جۆرەکانی تری، تەنها لە ئەنجامی خواردنی ڕۆژانەوە دروست دەبێ.
ڕاست/ خواردنی ناتەندروستانە پاڵنەرە بۆ بەرز بوونی ڕێژەی چەورییەکان، بەڵام تەنھا ھۆکاریش نییە، ئەوانەی بەهۆی لایەنی بۆماوەییەوە ھەڵگری ئەم نەخۆشییەن، لە هەموو بارێکدا ئەگەری هەیە چەورییان بەرز بێت.
ھەڵە/ کاتێ کە دەرمانی دابەزێنەری چەوری بەکار دێنین، ئاساییە ھەموو جۆرە خواردنێک بخۆین.
ڕاست/ دەرمان خواردن بەتەنھا کاریگەری نابێ ئەگەر شێوازی ژیان و ژەم و خواردنەکانیش گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت.

ئامادەکردنی:

د. بەنان قاسم ڕەسوول
پزیشکی پلەبەند
سەرچاوە: مێدیار