سەردێر

یادی شەهید شەهاب و هاوڕێکانی

فەرەیدون عەبدولقادر

لەم ڕۆژەدا بەر لە 56 ساڵ، سەرکردەیەکی گەورەی گەلەکەمان لە لایەن ڕژێمی خوێنرێژی سەدام حسێنەوە لە سێدارە دراو لەگەڵ هاوڕێ قارەمانەکانیدا (جەعفەر عەبدولقاحید، ئەنوەر زۆراب) گیانی پاکیان بە نەعرەتەی ” کەم بژی و کەڵ بژی” بەخشی بە ڕزگاری و پێشکەوتنی کورد و کوردستان.

 

شەهید شەهابی نەمر، ڕێبەری ڕاستەقینەی کۆمەڵی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو، گەورەترین هاندەری بەشداری کۆمەڵ بوو ساڵی 1974 لە بەرگریی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە دژی هێرشی ڕژێمی ڕەفتار فاشستی عێراق، کە بۆ لەناو بردنی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەستی دابوویە، ساڵی1975 خاوەنی بیرۆکەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و ئاوەدانکردنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوو و لەگەڵ هاوڕێکانیدا گیانی پیرۆزی خۆشیان بۆ کردە چاوگی ئاگری شۆڕش.

 

هەر لە ساڵی 1975 دا، بیر و بەرنامەی خۆی بە نامەیەک بۆ سەرکردەی گەورە “مام جەلال” نووسی و نوێنەری کۆمەڵەی نارد بۆ لای کە دەبێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو ڕێکخراوە بێت کە جەماوەری فراوانی کوردستان لەدەرەوەی کۆمەڵە بۆ شۆڕش و ڕزگاری و پێشکەوتنی کوردستان و کۆمەڵەکەی خەبات بکات و کۆمەڵە سەرکردایەتیکردنی رێباز و چالاکییەکانی بە یەکێتی کورد و تێکۆشەر و هێزەکانی نەفرەت لە دووبەرەکی و ململانێی ناوخۆ بکات.

 

شەهیدی نەمر، ڕۆڵێکی گەورەی لە دامەزراندن و گەشەکردنی کۆمەڵە و (ی.ن.ک) دا، نواند بە گیانبازی و شەهید بوونەکەشی توانی تین و تەوژمێکی دیار بە جوڵانەوەی ڕەوای گەلەکەمان و گەشەکردنی کۆمەڵە بدا، بەخوێنی پاکی خۆی و بە سرودی “کەم بژی و کەڵ بژی” وزەو توانای تازەی بە تێکۆشەرە ئازاکانی کۆمیتەی هەرێمەکانی کۆمەڵەدا و وایکرد کۆمەڵە ببێتە داینەمۆی هێزی بەکار و کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و شۆڕشی کوردستان.

 

شەهیدانی نەمر، بوون بە سەرقافڵەی ئەو کاروانە شەهیدانەی بەزاتی گەورە و باوەڕی بەرزەوە لاوانی کوردستانی بە”کەم بژی و کەڵ بژی” بۆ سەنگەرەکانی شۆڕشی ڕزگاری  و ئایندەی گەشی خەڵکی کوردستان بەروەردە کرد، تا کاروانی شەهیدانی کوردستان ڕووبارێک خوێن و گیانبازی بێ وچانیان بۆ گەشەکردن و گەورەبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پیشکەوتن و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پیشکەشکرد.

 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان باڵای کردو بووە هێزێکی زۆر گەورە و کاریگەری کوردستان، بوو بە برای وەک یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی تری کوردستان و لە بەرەیەکی یەکگرتوودا، وەک شاخی بەرزی قەندیل درێژەی بە خەباتی بەردەوامی دا، و بەری ئەو تێکۆشان و یەکڕیزییەی گەلەکەمان گەیشتە دەستکەوتی گەورەی فیدراڵی بۆ کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان.

 

بەڵام سەد مەخابن پاش ئەو هەموو تێکۆشان و قوربانیدانە، پاش کێوی ڕەنجی خەڵکی کوردستان و قافڵەیەکی بێ کۆتای شەهید و تێکۆشەری نەبەز، ئێستا نە خەونەکانی گەل و شەهیدەکانی یەکێتی پارێزراون، نە توانراوە ئەو ڕێکخراوە بەتوانا و جەماوەرە فراوانە گەورەتر بکرێت و دروشم و ئامانجەکانیشی بەو هەموو خێر و بێرەی کوردستان بپارێزێت.

ڕەنگە ئێستا شەهید شەهاب و هەموو شەهیدان بپرسن؛

  • ئەرێ بۆ کۆمەڵانی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن؟
  • بۆ بەربژێرەکانی(ی.ن.ک) لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمی دەنگدەران وەردەگرن؟
  • بۆ جەماوەری کوردستان لەدەوری (ی.ن.ک) و ڕێبازەکەی ئاپۆڕە نابەستن و سەرکردەکانی لەباوەش ناگرن؟
  • بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی بووەتە قوربانی خۆ پەرستی؟
  • بۆ ژیان و گوزەران و مووچەی خەڵکی ئەم دەڤەرە وا خراپە و ئاستی خزمەتگوزاری بەو ئەندازەیە لاوازە؟
  • بۆ یەکێتی کورد یەک ناخات و هەموو چەقۆ لەیەک دەسوون؟
  • کوا برایەتی و کەسایەتی و خۆشەویستی؟
  • ئەی ئەم بێدەنگییە تا کەی؟

ئافەرین بۆ ئەو زاتەی زوو وەرامی ئەو پرسیارانەی شەهیدان دەداتەوە و گیانی نەمری ئەو شەهیدانە ئاسوودە دەکات.

با پێکەوە سەری ڕێز دابنەوێنین بۆ شەهیدانی گەلەکەمان با هەر نەمر بن و لەبیریان نەبەینەوە.