سەردێر

سلێمانییەکی ماندوو؛ سلێمانییەکی بریندار

زانکۆ سەردار

پاش تێپەڕینی 238 ساڵ بەسەر گواستنەوەی پایتەختی میرنشینەکەی لە ئەردەڵانەوە بۆ سلێمانی لەلایەن (ئیبراهیم پاشای بابان)ەوە، پاش تێپەڕینی 238 ساڵ بەسەر بوونی ئەم شارەدا کە ناوی سلێمانییە، چی دەبینین؟ سلێمانییەک خاوەنی دنیایەک مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێو، پڕ لە ڕۆڵەی قوربانیدەری، پڕ لە هەیمەنە و دەنگ و ئازایەتی و ڕۆشنبیری و پڕ لە باوەشی هەمیشە گەرمی بۆ شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد لە تەواوی پارچەکانی دیکەش، ئەمڕۆ لەم سلێمانییەدا چی دەبینین؟.
لەم نوسینەدا و لەم یادەدا نامەوێت نائومێدی پەخش بکەم، بەڵام ناشکرێت قسە نەکەم لە کاتێکدا هیچ شتێکی ئەم شارە لە جێگەی خۆیدا نەماوە، کورد وتەنی شارێک لەئێستادا تەواو خەسێنراوە، تەواو داماڵدراوە لە هەر جۆرە هەناسەیەکی ژیان، داماڵدراوە لە هەر جۆرە جوانییەک و لە هەر لایەکەوە سەیری دەکەیت بریندارە، پاش تێپەڕینی 238 ساڵ بەسەر بنیاتنانیدا، هیچ کات هێندەی ئێستا شەقامی بێکەس و ڕۆحی هەپروون هەپروون نەبوە، ئەم قسانە هیچییان داڕشتنێکی ئەدەبی نین بەڵکو واقیعێکە تەنها سلێمانییەکان لێی تێدەگەن، تەنها سلێمانییەکان ئەو کەمە سلێمانییەی ماوەتەوە لەشارەکەدا لێی حاڵی دەبن.
سەرنج بدەن، ململانێ سیاسییەکان، ململانێ سیاسییەکان، ململانێ سیاسییەکان چییان بەسەر ئەم شارەدا هێناوە، حزب و بەرپرسانی حزب و لێدوانەکانیان دڵێکیان بۆ ترپەی ئەم شارە نەهێشتوە، حکومەتی خۆجێییەکەی دەسەڵاتی هیچ بڕیارێکی جەریئانەی نییە، ئەو هەموو بێکاری و نەبونی خزمەتگوزاری پاوانخوازییەی لە سلێمانی دەکرێت، بەشێکی هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هەموو کوشتن و خۆکوشتنانەن کە ڕۆژانە بەری دەکەوین، ئێستا سلێمانی نە خاوەنی دەسەڵاتێکی دڵسۆزە، نە خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەیە، جاران سلێمانی خاوەنی خۆی و هەموومان بوو، خاوەنی دەنگی ڕاستەقینەی کوردایەتی و پەناگەی پارچەکانی دیکەش بوو، ئەمما ئێستا نە خۆی خاوەنی خۆیەتی و نە هەمووشمان خاوەنی خۆمانین، ئێستاکە دەنگی ئۆپۆزسیۆنی فەیک و دەسەڵاتی خۆویست هەمووشتێکی لەم شارەدا شێواندوە.
بەداخەوە، دڵ هێندە پڕە لە ئاست بێکەسی ئەمشارە، دڵ هێندە نامۆیە لە ئاست ژیانکردنی ئەم شارە، خۆشی نازانێت ڕووبکاتە کێ و بەکێ بڵێت خوا هەیە، خوا ئاگای لە هەمووشتێکە و خاوەنی عیقابی شدیدە.
ئەم نوسینە بۆ خزمەتی ئەمشارەیە، تۆش چیت لە دڵدایە دەتوانی بەشداربیت لە نوسینی بەڵکو بگاتە دڵسۆزێک و هەمووان پێکەوە کەمێک لە ماندوێتی بڕەوێنینەوە.
*ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ سلێمانیی دامەزراند، کاتێک پایتەختی میرنشینەکەی لە ئەردەڵانەوە گواستووە بۆ سلێمانی.
*ئەم شارە لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و وە هەروەها لە زۆر جاردا ڕووبەڕووی داگیرکاری فارسەکان بووەتەوە لە ماوەی سەردەمی پەهلەوی ییەکاندا داکیرکراوە و بە شهرک سلێمانی ناوی هێنراوە پێداچەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ دکتۆر محمد کمال .. ھتد).
*سودم لە ویکپیدیا وەرگرتووە.