سەردێر

پێشانگە نێودەوڵەتییەکان چی بۆ ئابووریی بەدەستدەهێنن؟

یاسین مەحمود ڕەشید

گرنگیدان بە پێشانگە نێودەوڵەتیەکان ئێستا لە جیهاندا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بەجۆرێک ئەم پێشانگایانە لە وڵاتانی پێشکەوتوو پلان و بودجەو بەرنامەی زۆر باشی بۆ دادەنرێت تەنانەت لە هەندێک وڵاتدا لەیاساکانی تایبەت بە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری باسی ڕۆڵی پێشانگەو کۆربەندە ئابوورییەکان دەکرێت.

هەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا، بایەخی تایبەت بە کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنان دەدات، چەندەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە پرۆژەکان داوە لە سیازدە سێکتەری جیاوازدا، هەر بەهۆیەوە کوردستان ئێستا خاوەنی دەیان کارگەی ستراتیژییە بۆ بەرهەمە جۆراوجۆرەکان (پیشەسازی ئاسن، چیمەنتۆ، دەرمان، کەرەستەکانی بیناسازی، بەرهەمە خۆراکییەکان بە گشتی).

لە لایەکی دیکەوە بایەخدان بە کەرتەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و وزە و تۆڕی پەیوەندییەکان و تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و بازرگانی و نیشتەجێبوون هەموو ئەمانە، ساڵانە بە لایەنی کەم پێویستیان بە چەند پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆیان بکرێتەوە.

گرنگی ئەم جۆرە پێشانگایانەش لە چەند خاڵێکدا دەخەینەڕوو؛
١- نیشاندان و دەرخستنی توانای دارایی وەبەرهێنەران و بازرگانان و کەرتی تایبەت بەگشتی لە هەرێمی کوردستاندا.
٢-بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانمان و دەرخستنی توانای پرۆژەکانمان بەگشتی و کارخانەکانمان، بە تایبەتی بۆ شارەکانی تری عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
٣- گۆڕینەوەی بیروڕای بازرگانی و سوود بینین لە تەکنەلۆژیای ئەو کۆمپانیا و کارخانانەی کە لەوڵاتە جیاجیاکان دێن و بەشداری تێدا دەکەن.
٤- لەکاتی کردنەوەی ئەم پێشانگە و کۆڕبەندە ئابووریانەدا، سەرەڕای ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی زیاد دەکات بۆ (هاتووچۆ، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، چاپخانە، چێشتخانە، هۆتێل…هتد) چەندین هەلی کاریش دەرەخسێت.
٥- لەم جۆرە پێشانگەیانەدا، زۆر بە سانایی دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیا بەشداربووەکانی جیهاندا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژو بکەین و پڕۆژەی هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەین و هەروەها بریکارنامەی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان بەدەستبهێنین و لەماوەکانی ڕابردووشدا ئەمە ڕەنگدانەوەی هەبووە.
٦-بەهۆی سەردانکردنی هاوڵاتیانی ناوچە و شارەکانی ترو تەنانەت دەروەی کوردستان ژمارەی گەشتیار زیاد دەکات لە کاتی کردنەوەی پێشانگادا.

هۆکارە سەرەکیەکانی سستی و لاوازی پێشانگە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمی کوردستانیش بریتیە لە :-
ا.نەبوونی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی و لاوازی ئەوکۆمپانیانەی لەو بوارەدا کاردەکەن کەزۆر جار بانگێشتی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەکەین بۆ هەرێمی کوردستان بەو هۆکارەوە بەشداری لە پێشانگاکانماندا ناکەن .
ب.رۆتینی وەرگرتنی ڤیزە و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ هێنانی ئەوکەلوپەل و تەکنەلۆژیا نوێیانەی لە پێشانگەکاندا نیشان دەدرێت بۆ بازرگان و سەرمایەدارە دەرەکیەکان بە بێزارکردن هەژمار دەکرێت و پاشگەز دەبنەوە بۆ هاتنیان بۆ کوردستان .
ج.بێ بەرنەمایی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە کاتی مۆڵەت دان بە کردنەوەی ئەم پێشانگەیانە بەڕوونی دەردەکەوێت پێشانگەکان لەکات و شوێنی خۆیدا ناکرێتەوە و کێبڕکێیی ناتەندروست بەدی دەکرێت لەنێوان شارەکانی هەرێم دا .
د. شوێنی پێشانگەکانمان زۆر گونجاو نییە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک پێویست نییە و گەشەکردن و فراوانکردنیش بەدی ناکرێت و کوالێتی کەرەستەکانیش وەک پێویست نییە .
ه. کەم ئەزمونیمان لە لایەک و بایەخ نەدان بە ڕۆڵی میدیا لەلایەکی تر، هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی فەرهەنگی هاونیشتیمانیان بەرامبەر بەم پێشانگەیانە وایکردوە لە کاتی کردنەوەی پێشانگەکان ژمارەی سەردانیکاران وەک پێویست نەبێت.