سەردێر

سوننەکانی عێراق

ئازاد جۆڵا

سوننەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی لەڕووی ژمارە لە عێراقدا هەمیشە کەمینە بوون بەڵام لە دروست بونی دەوڵەتی عێراقەوە لە ١٩٢١ وە تاوەکو ٢٠٠٣ حوکمی تەواوی عێراقیان لەدەستدا بوو ، دیارە لەم ماوەیەدا عێراق بەچەند قۆناغێک تێپەڕیوەو کاریگەری دەرەکی و ناوخۆیی لەسەر هەبووە ، بەڵام لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتیشیان لەعێراقدا بێ هەڵوێست و دەستەوەستان نەبوون ، هەمیشە لەهەوڵی داڕشتنی پلان و لە قۆستنەوەی دەرفەتەکان دەگەڕان بۆ دووبارە گەڕانەوەی هەژموونی خۆیان بەسەر عێراقدا.
ئەگەر لە 1968 وە ( سەددام و حزبی بەعس ) بەبیری عرووبەو شۆڤێنیەت سەرکردایەتی و ڕێنوێنی دەکردن ئەوا ئێستا نەخشەداڕێژەرو بەکارهێنەرانیان چەند وڵاتێکی عەرەبی کەنداو و تورکیای ئۆردۆگان و ئیخوانیە ، ئێستا سوننەی عێراق هێندەی هەڵگری بەرنامەو پیلانەکانی تورکیان هێندە نوێنەرایەتی پێکهاتەکەی خۆیان ناکەن لەعێراقدا ، سوننەکان و ئاغاکانیشیان دوای ئەوەی دڵنیا بونەوە لەوەی کەجارێکی تر دەسەڵاتی تەواوی عێراق ناگەڕێتەوە دەستیان و خەونی 82 ساڵەی دەسەڵاتیان کۆتایی هات ئەمجارەیان بەپشتیوانی و هاندانی تورکیا لەهەوڵی بەهێزکردنی هەرێمی سوننەو پێکهێنانی هێزی سەربازین لەچواڕچێوەی سوپای یەکگرتووی عێراقدا .
هەربۆیە ئەمجارەیان لەسەر داواو خواستی تورکیا سوننەکان مەرجیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی تازەی عێراق هەیە ئەویش لەبەرچاوگرتنی ناوچەی سوننەکان و پێکهێانی هێزێکی سەربازی خۆیان لەشێوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سپاردنی ئاسایشی ناوچەکانیان بە پۆلیس و هێزەکانی خۆیان و ئاوەدانکردنەو زیادبوونی خزمەتگوزاری ناوچەکانیان و ئازادکردنی دەیان هەزار زیندانیان کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت لە دوای هاتنی داعش دەستگیرکراون ، سوننەکان دۆخی ئێستای عێراق بەهەل دەزانن و ناخوازن لەکیسیان بچێ و وەک ڕابردوو پەراوێزو بێ کاریگەربن ، ئێستا دەتوانین بڵێین بەهەوڵ و کۆشش و ڕێنوێی و خاوەندارێتی تورکیاو کەنداو دۆخ و نێوماڵی سوننەکان بە بەراورد بە نێوماڵی شیعە و کورد زۆرباشتر و یەکگرتووترو بە بەرنامەترو تۆکمەترە .