سەردێر

بڕیارەكەی سەدر و داواكەی كازمی كۆتایی بە تەنگەژەی سیاسی لە عێراق دەهێنێت؟

گۆران قادر

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق داوا لە لایەنە سیاسیەكان دەكات لە پێناوی دانوستانێكی نیشتیمانی لە ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن، موقتەدا سەدریش خۆپیشاندانە ملیۆنیەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست،ئەمەش دەكرێت ئاماژەیەك بێت بۆ قۆناغێكی نوێی مامەڵەی لایەنە سیاسیەكان بۆ كۆتایی هاتنی تەنگەژەی سیاسی لە عێراق كە ئیحراجی بۆ هەموویان دروست كردووە.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێكیدا ڕایگەیاند:” بەردەوامن لە چاكسازی و شۆڕش دژی گەندەڵكاران… ئەگەر ئێوە سورن لەسەر جەنگی ناوخۆیی،ئەوا ئێمە سورین لەسەر ئاشتی ناوخۆیی،خوێنی عێراقیەكان گرانە،بەڵكو گرانترە لەهەموو شتێك”.
لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیش سەدر دەڵێت:”بەڵام لە خۆشەویستیم بۆ عێراق و عەشقم بۆ گەلەكەی..ڕایدەگەینم كە خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممە بۆ كاتێكی نادیار دوادەخرێت”.
ئەم بڕیارەی سەدر هاوكاتە لەگەڵ دەستپێشخەرییەكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە داوای كردووە” داوا لە برایانی هێزە سیاسیەكان دەكەم رۆژی چوارشەممە لە بینای حكومەت كۆببنەوە بۆ دەستپێكردنی دانوستانێكی نیشتمانی جدی و بیركردنەوەی هاوبەش”.
هەرچەندە جگە لە حەیدەر عەبادی كە پشتگیری لە هێمن كردنەوەی دۆخەكەی كردووە، لایەنە سیاسیەكان بە ڕەزامەندی یان ڕەتكردنەوە هیچ هەڵوێستێكیان دەرنەبڕیوە، بەڵام ئێستا هەموویان لە دۆخێكی ئیحراجیدان، بۆشیان دەركەوتووە جوڵاندنی شەقام چارەسەر نیە، بۆیە دەیانەوێت خۆیان لەو ئیحراجیە ڕزگار بكەن و دۆخی شەقامیش ئارام بكەنەوە،چونكە بەردەوام بوونی ئەم تەنگەژەیە و ناسەقامگیریە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكیان نیە، بۆیە نزیكە دانوستانی جدی دەست پێبكەنەوە و هەندێك سازیش بۆ یەكدی بكەن.
لەسەر ئەو بنەمایەی سەرەوە، هێزە سیاسیەكان بە داواكەی كازمی ڕازی دەبن،بەڵام مەرج نیە كەسی یەكەمی هێزەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت،لەوەش گرنگتر ئەوەیە كەئایا سەدر بەو كۆبوونەوەیە ڕازی دەبێت،چونكە هێشتا سورە لەسەر ئەوەی كە دانوستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەكات،خۆ ئەگەر كۆبونەوەش بكات،لەوەیە مەرجەمی یەكەمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت،یان دەستكەوتنی بەرژەوەندییە سیاسیەكانی بێت”.
ئەوەی لە كۆبوونەوەكە چاوەڕواندەكرێت بەم شێوازە دەبێت” هێزە سیاسیەكان جگە لە سەدر ئامادە دەبن،هەروەها بەردەوام بوون لە پێكهێنانی حكومەت،پاشان بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە كۆتایی بە دانوستانەكە دێت، كە بێگومان ئەمەش بە چەند دانیشتنێكی پەرلەمان یان هێشتنەوەی دانیشتنەكان بە كراوەیی دەبێت، لەگەڵ دەستكاری كردنی یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و خەرجی هەڵبژاردنەكان”.
هەموو لایەنەكانیش تا ڕادەیەك گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە ناتوانن حكومەت بەم شێوەیە پێكبهێنن، باوەڕیشیان بە جوڵەی شەقام و ئاڵۆزی كەم بۆتەوە،بۆیە هەمووان دەیانەوێت دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت”.
ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخە و لەوەیە كۆبوونەكەی حكومەت بێ ئەنجام بكات، پێگەی مستەفا كازمیە كە لەڕووی سیاسی و جەماوەرییەوە پێگەی لە زۆرینەی سەركردە سیاسیەكان لاوازترە،كە ئەمەش وادەكات توانای جێبەجێ كردنی ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەكەی نەبێت،لە ئەنجامدا نەتوانێت رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان هێزە سیاسیەكان ببینێت،ئەمە جگە لەوەی هێشتا دیار نیە هەموو هێزەكان بەشداری دەكەن یاخود لەسەر بایكۆتی یەكدی بەردەوام دەبن.
لە دەرئەنجامی دۆخی ئێستای عێراق و جوڵەی سەركردەكان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەم هێزانە لە دۆخێكی ئیحراجیدان، هیچ لایەكیشیان ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست و عێراقێكی سەقامگیر بەڕێوە بەرێت، بۆیە ناچارن دەست بە دانوستان بكەن و سازش بكەن،جا ئەمڕۆ لە كۆشكی ئەنجومەنی وەزیران بێت یان لە هەولێر بێت،بایكۆتی یەكتری و پەنا بردن بۆ شەقامیش جگە لە درێژە كێشانی تەنگەژەی سیاسی و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بژاردەیەكی باش و سەركەوتوو نیە،هەروەها چارەسەری تەنگەژەی ئێستا و داهاتووی عێراق ناكات.