سەردێر

حەرەمی هیچ پۆستێكی سیادی بەرگەی ئەم ستایلە نوێیەی موقتەدا ناگرێت

*  سـوپا سـەلام

میللەتی كورد تاكە نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر ئەم ئەستێرەیەیە كە نەلۆبی بۆ مەسەلە نەتەوەییەكەی دەكات و نە گوتارێكی یەكگرتووی نیشتمانیشی هەیە كە رەنگدانەوەی خەبات و قوربانی زیاتر لە سەدەیەكی بێت،كۆنگرەی نەتەوەیی ئەم دواییەی لۆزانیش گەواهیدەری ئەو راستیەن كە چۆن ئایدۆلۆجیای حزب و مەزهەب و ناوچە رەنگی دابووەوە لە گوتاری بەشداربووندا.
لە ئێستادا ئەم بەشە رزگاربووەی كوردستانیش لەبەردەم هەرەشەیەكی قوڵی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فاشیزمی مەزهەبی بەغداد دایە، كە ئەگەر بە پێوەری دیموكراسی مامەڵە لەگەڵ دەنگ و ژمارەی كورسیەكانیدا بكرێت دۆڕاوی یەكەمە،ئەگەر بەم دۆخە پەرتەوازەییەی ئێستاشەوە درێژە بە یاریەیەكەی بدات گومانی تێدانیە ئەوەشی لە ماوەی رابردوودا بەدەست هاتوون(وێڕی چەندان تێبینی)لەدەست دەدرێت،چونكە دۆخی عێراق بەجۆرێك دەكوڵێت كە لەبەردەم چوار سیناریۆی ترسناكدایە:
سیناریۆی یەكەم:بەبیانوی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ساڵێك یاخود زیاتر بۆ (مستەفا كازمی)درێژ بكرێتەوە بە ئامانجی ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ.
سیناریۆی دووەم:دەستێوەردانی دەرەكی بە شێوەی راستەوخۆ ئەگەرچی لە ئێستادا بە ناڕاستەوخۆ رۆڵیان هەیە.
سیناریۆی سێهەم:رازیكردنی (موقتەدا سەدر) ،وەك ئەوەی لە مانۆڕكانی رابردووی ناوبراودا بینراوە .
سیناریۆی چوارەم:هەنگاونان بەرەو شەڕی ناوخۆیی هاوشێوەی لوبنان و سۆدان و وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست،كە ئەمەیان تینوی عەقڵی مەزهەبی و خێڵەكی عەرەبی عێراق دەشكێنێت.
هەركام لەم سیناریۆیانە لە ئەرزی واقعدا بێنەدی و میللەتی كوردیش بەم ماڵە لێكترازاوەیەوە بەرەوپیری بچێت ،سەنگ و قورسایی هێند لاواز دەكات مەگەر بەر لە راپەڕینی 1991 بەو شێوەیە بووبێت،چونكە دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیش داوایان لە لایەنگرانیان كرد هاوشێوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندان بكەن،راستیەكمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەم زۆرینە فاشیزمە تائیفیەی لە عێراقدایە كاری تەنها شكاندن و سڕینەوەی بەرامبەرەكانیەتی لە رێگەی پاوەر و نفوزەوە،كاتێك كورد كەمینەیە و لەو كەمینەش خاوەنی گوتارێكی هاوبەش نیەو دانوستان و گفتوگۆكانیشی فرە رەهەندن، گومانی تێدا نیە زۆر بە ئاسانی دەشكێندرێت.
بۆیە قۆناغەكە وا دەخوازێت سەرجەم حزبە كوردیەكانی هەرێم لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوەو توانا و سیاسەت و بۆچوونەكانیان یەكبخەن و بڕیارێكی هاوبەش لە چارەنووسی ئەم میللەتە بدەن ،بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسیارێتیەكە بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی (كاك مەسعود)ە،چونكە پێگە نێودەوڵەتی و دبلۆماسیەكەی زەمینەكەیان بۆ رەخساندووە كە گومانم نیە هیچ لایەنێك هەبێ بەدەنگ بانگهێشتەكەیەوە نەچێت و ئەم پرسە چارەنوسسازە فەرامۆش بكات .
ئەگەر تائێستا هەندێ پۆستی سیادی لەبەغدا لەمپەری لەبەردەم گوتاری هاوبەش و داواكاری یەكگرتووی هێزە كوردیەكاندا دروست كردبێ، لێرە بەدوا بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دەگوزەرێ،هیچ بیانویەك نەماوە بۆ یەكنەخستنی ناو ماڵی كورد لەو ئاگرەی كە چاوەڕوان دەكرێت پڕیشكەكەی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و هەرهێزێكی گۆڕپانی تەحریر براوەبێ كەڵبەی لە میللەتی كورد گیربكات، چونكە ئەم ستایلە مەرجەعیەی موقتەدا مۆدیلێكی نوێی سڕینەوەی بەرامبەرەكانی هێنایە ئاراوە كە پۆستی سیادی و ژمارەی وەزیر و كورسی پەڕلەمان نایوەستێنێ.

* مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی