سەردێر

رۆڵی كورد لە ناو ئاڵۆزییەكانی بەغدا… سەدرچی دەوێت؟

گۆران قادر

لایەنگرانی موقتەداسەدر، پیاوی ئاینی شیعی و ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی یەكگرتوو،هەروەها ئەنجامدانی دوو ڕكات نوێژ لە پەرلەمانی عێراق،ئەمڕۆش بۆجاری سێیەم و لە ماوەی دوو هەفتەدا، خۆپیشاندانی ملیۆنیان ڕێكخست و بەربەرستەكانیان تێكشاند و چوونەوە سەر كورسی سەرۆكی پەرلەمان،هەموو ئەم كارانە لە ڕووكەشدا بۆ ڕەتكردنەوەی محمد شیاع سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەن،بەڵام لە ناوەڕۆكدا سەركردەی خۆپیشاندەران ئامانج و مەبەستی دیكەی هەیە، كە لەوەیە تەنها نەیار ی خۆی وچاودێرانی سیاسی دركی پێبكەن.

لە عێراقدا چی دەگوزەرێت؟
عێراق لە دوای ساڵی (2003)وە بۆ یەكەمجارە چەقبەستوی سیاسی هێَندە درێژە بكێشێت و پێكنەهێنانی حكومەت لە ساڵێك نزیك ببێتەوە،هۆكاری ئەمەش زۆر بە سادەیی بۆ قوڵی كێشەكانی نێوان هێزە سیاسیەكان دەگەڕێتەوە، كە خۆی لە ناكۆكی لەسەر كاندیدانی حكومەتی داهاتوو و مامەڵە كردن لەگەڵ پرسە سیاسیەكان دەبینێتەوە،چارەسەرنەكردنی ئەم پرسە گرنگانەی وای لەلایەنەكان كرد، كە پەنا بۆ هێزی دەرەكی بەرن،بەڵام ئەمەش سودی نەبوو، لە پلانی بیدا كە سەدر دەستی بۆ بردووە، لە دەسەڵات كشاوەتەوە و پەنای بۆ شەقام بردووە، بۆئەوەی لە ڕێگای گوشاری دەنگدەرانیەوە بە ئامانجەكانی بگات،بێگومان ئەمەش بە بێ كاردانەوەی نەیارەكانی تێپەڕ نابێت، لە یەكەم هەنگاودا ئەوانیش پەنا بۆ شەقام دەبەن، هەروەها لەڕێگای هێزیشەوە دەیانەوێت ڕێگا لە سەرەڕۆییەكانی لایەنگرانی سەدر بگرن، كە بۆ دوو ركات نوێژ بەربەستەكانی ناوچەی سەوز دەبەزێنن و دەچنە ناو بینای پەرلەمانەوە،بێگومان ئەگەر ڕووداوەكان بەم شێوەیە بڕوات،ئەوا پێكدادان لە بەغدای پایتەخت لە نێوان لایەنگرانی سەدر لەلایەك وهێزە ئەمنیەكان و لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەكی دیكەوە سەرهەڵدەدات ، پاشان بۆ پارێزگاكانی دیكە دەگوازرێتەوە تا دەگاتە بەسرە، كە ئەمەش ئەو دۆخەیە پێویستی بە زیندوو كردنەوەی سوپای مەهدی دەبێت لەلایەن سەدرەوە،خۆ ئەگەر هێزە دەرەكیەكان بەتایبەت ئێران دەستوەردان بكات و ڕێگا نەدات بگاتە ئاستی پێكدادان،ئەوە دەكرێت بەشێوەیەكی كاتی ڕێگری لەم پێكدادانە بكرێت.

سەدر چی دەوێت؟
موقتەدا سەدر، هەمیشە وەك دژایەتی گەندەڵكاران و دەستوەردانی دەرەكی و پشتگیری لە هەژاران شەقام دەجوڵێنێت،بەڵام لە ناوەڕۆكدا مەبەستی دیكەی سیاسی هەیە، چونكە خۆی بەشێكە لە گەندەڵی و ئەو كاتەی وەزارەتەكانی كارەبا و تەندروستی بەدەست ڕەوتەكەیەوە بوو، گەندەڵترین وەزارەت بوون،هەروەها بەهۆی ئەوەی سەرۆكی بانكی ناوەندی عێراق سەر بە ڕەوتەكەیەتی و پشتگیری لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار دەكرد، دۆخی هەژارانی خراپتر كرد، كەواتە لە بنەمادا شتێك نیە بەناوی بەرژەوەندی هاوڵاتیان،بەڵكو ئەوەی هەیە بەرژەوەندی سیاسیە، بۆیە لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت كە سەدر چی دەوێت؟
سەدر وەك كەسایەتیەكی پۆپۆلیسیتی، لە دەسەڵات كشایەوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی پێكنەهێنانی حكومەت لە ئەستۆ نەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ڕێگا نادات حكومەت بەبێ ویستی خۆی پێكبهێنرێت،بۆیە دەیەوێت لە دەسەڵات نەبێت و حكومەتیش بە ویستی خۆی بێت،بۆیە بەم خۆپیشاندانانە دوو بژاردە دەخاتە بەردەستی نەیارەكانی:
یەكەم: پێكهێنانی حكومەتێك كە كاندیدەكەی دڵخوازی ئەو بێت،چونكە ناكرێت بە 73 كورسیەوە هیچ رۆڵێك لە پێكهێنانی حكومەتدا نەبینێت.
دووەم: لە ئەگەری ڕەتكردنەوەی خاڵی یەكەم،ئەوا شەقام هەمیشە بۆ جوڵە ئامادەییە،بۆیە ئەگەر حكومەت پێكیشبهێنرێت،ئەوا سەركەوتوو نابێت،ئەمە جگە لەوەی دەبێت حكومەتی داهاتوو بەوردی بیر لە سەرهەڵدانەوەی سوپای مەهدی و فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان بكاتەوە،ئەگەر ئەمەش ڕووبدات،ئەوا حكومەتێكی لاواز بەڕێودە برێت.

پێگەی كورد:
كورد لە ئێستادا لەو پەڕی لاوازی خۆیدایە، لەناوخۆی خۆی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ڕێكناكەوێت، لە بەغدادیش نەك دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیان نیە،بەڵكو ناتوانن كارێك بەرامبەر بە وەزیری نەوت و پارێزگاری كەركوكیش بكەن،بۆیە ڕۆڵی كورد لە ئێستادا لاوەكیە، لە باشترین حاڵیدا دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی بكات، كە ئەمەش بە دوو ڕێگا دەبێت:
یەكەم: پشتگیری لە دامەزراوە فەرمیە حكومیەكان بكات،بەوەی ئەوەی لایەنگرانی سەدر ئەنجامی دەدەن لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانە یەك ناگرێتەوە، هەروەها پشتگیری خۆیان بۆ سەدر بهێننە نزمترین ئاست، چونكە پێشتر موقتەدا سەدر دژایەتی خۆی بۆ پێشمەرگە و فیدراڵی دەربڕێوە،هەروەها لە نیوە ڕێگاشدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوەشاندەوە، كە زیانێكی زۆری لە پێگەی بارزانی و پارتی دا،چونكە سازشی زۆریان بۆی كرد و پشتیان لە دۆستە دێرینەكانیان كرد،بۆیە سەدر ناتوانێت ببێتە دڵخوازی كورد، بە پشتگیری كردنیشی جگە لە زیان بە داهاتووی كورد و خراپ بوونی دۆخی عێراق شتێكی دیكەی لێچاوەڕوان ناكرێت.
دووەم: لەئەگەری قوڵبوونەوەی زیاتری كێشەكان و پێكدادانی نێوان لایەنگرانی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، حكومەتی هەرێمی كوردستان پارێزگاری لە دۆخی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری خەڵكی كوردستان بكات،بەشێوەیەك كەمترین زیان بەر هاوڵاتیان بكەوێت، بەتایبەت لەڕووی داراییەوە، هەروەها ڕێگا نەدرێت بە فۆڕمێكی دیكە پریشكی خۆپیشاندانەكان بگاتە هەرێم،گرنگیشە دۆخی خراپی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بقۆزێتەوە، هەروەها هەر پشتگیری و ڕێكەوتنێكیش لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان بە نوسراو بكات، وازیش لە بەرژەوەندی حزبی و كەسی بهێنێت.