سەردێر

کورد و ناتۆ

هونەر تۆفیق

هەموو ئەو گەلانەی گیرۆدەی ستەمن ، لەم جەنگەی ناتۆ و ڕوسیادا ، بەبێ پێشینەیەکی مێژوویی و سیاسی ، هاوسۆزی ڕوسیان ، تەنیا گەلی کورد نەبێت زۆرینەی هاوسۆزی ناتۆیە ! هەڵبەتەی ئەوەی کۆمەڵگەکانی تر لەهەستێکی دەستەجەمعیەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەمریکا و بەریتانیا بە هۆکاری نەهامەتیەکانیان دەزانن . بەڵام ڕوون نیە ، کورد لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟ ئەگەر پەیوەندی بە پاراستنی ساڵی ١٩٩١ ەوە هەبێت کە دانانی هێڵی دژە فڕین بوو بۆ فڕۆکەجەنگیەکانی عێراق ، ئەوا هەمان هێڵ لە پلەی ٣٤ ەوە بۆ باشووری عێراقیش دیاری کرا . لەگەڵ دانانی ئەو هێڵەش سوپاکەی سەدام لە ساڵی ١٩٩٦ دا پارلەمانەکەی کوردی لەهەرێم داگیرکرد بەبێ ئەوەی هاوپەیمانەکان ڕێگری لێبکەن . لەهەمان کاتدا ئەو ئابڵۆقەی بەسەر عێراقەوە دانرابوو بەسەر کوردەوە ببوە دوو هێندەبارگرانی ، چونکە عێراقیش بەسەرکوردەوە ئابڵۆقەیەکی دیکەی دانابوو ، ئەوەش هەر بەبەرچاوی ناتۆ و هێزی چەکوشەوەبوو .
ناتۆ لەسەرەتایەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیانی گەورەی بەکورد و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و ئینسانیەکەشی گەیاندووە .
ساڵی ١٩٥٥ بەسەرپەرشتی ناتۆ ، پەیمانی بەغدایان لە عێراق و ئێران و تورکیا و پاکستان پێکهێنا . لەو ساڵانەدا کورد لەهەموو بەشەکانیدا لە خراپترین دۆخی سیاسی و ئابووریدا ژیان . بەهۆی ناوەڕۆکی پەیمانەکەوە کەبەشێکی تایبەتبوو بە سەرکوت کردنی کورد . لە کودەتاکەی قاسمەوە ١٩٥٨ عێراق لێ ی هاتەدەرەوە کۆتایی پێهات . بەفشاری ڕوسەکان عێراقی قاسم بوونی کوردی وەک نەتەوەی دووەم لەعێراقدا چەسپاند .
بەهۆی ئەندامبوونی تورکیا لە ناتۆدا ، بەبەرچاوی ئەمریکا و ئەندامەکانی دیکەی ناتۆوە ، گەورەترین زوڵمی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەدەی بیستەم و بیستویەکەمدا ، تورکیا لە کوردی دەکات ، بەچەک و تەکنەلۆژیای ناتۆ شەڕی کورد دەکات . کەچی هەمووان خۆیان لەو پرسە بێدەنگ کردووە .
لە ١٩٩٨ دا کاتێک ئۆجەلان زیاتر لەمانگێک بەئاسمانی ئەوروپا و ئەندامانی ناتۆوە سوڕایەوە ، داوای مافی پەنابەربوونی دەکرد ، لەبەر ڕازیکردنی دڵی تورکیا هیچ وڵاتێکیان ئامادەنەبوون جێگەی بکەنەوە . هەر بە پلانی ئەندامانی ناتۆ و دەزگاکانی موخابەراتی ناتۆ ، ئۆجەلانیان گرت و تەسلیمی تورکیایان کردەوە .
ساڵی ٢٠٠٩ ، دانیمارک نۆبەتی سەرۆکایەتی ناتۆی هەبوو ، بەهۆی ڤیتۆی تورکیەوە لەسەر ئەندریاس ڕاسموسنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی دانیمارک ، داوای داخستنی کەناڵە تەلەفزیۆنیە کوردیەکەی لە دانیمارک دەکرد . بۆ ڕازیکردنی تورکیا دانیمارک هەموو کەناڵ و مەڵبەندەکانی چالاکی کوردی قەدەغەکرد . ئینجا ٢٠٠٩ – ٢٠١٤ خولی سەرۆکایەتی ناتۆ لەلایەن دانیمارکەوە قبوڵکرا .
ئێستاش سوید و فینلەندا ، بەمەرجی تورکیا دەبنە ئەندامی ناتۆ . تەواوی ناتۆ و سوید و فینلەنداش داواکاریەکانی تورکیا جێبەجێدەکەن . وەک ئەمڕۆ یەنس ستۆلتنبێرگ گوتی : ناتۆ تێگەیشتنی بۆ داواکاریەکانی تورکیا هەیە لەدژی تیرۆر ( بەڕونی گوتی تیرۆری پەکەکە ) ئێمەش وەک ناتۆ پابەندین بە پاراستنی ئەمنیەتی تورکیاوە ، سوید و فینلەنداش داواکاریەکان جێبەجێ دەکەن .