سەردێر

ئەوان چیان دەوێت ؟ ئێمە چیمان دەوێت ؟

هونەر تۆفیق

هیچ گۆڕانکاریەک لە نەخشە و سیاسەتی جیهاندا بە ئاسانی و بێ شەڕ وبەڵا ڕووینەداوە .
لەناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمدا گەشەی پیشەسازی دەستی پێکرد . کاریگەری شۆڕشی پیشەسازی بەسەر بیرکردنەوە و فەرهەنگ و سیاسەت و ئابووری جیهانەوە بەناو شۆڕشی ( فەرەنسی و ڕوسی ) و جەنگی ( جیهانی یەکەم و دووەم ) دا درێژبوویەوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی جیهان و تێگەیشتنی نوێ بۆمانا و چەمکی دەوڵەت .
لەکۆتایی سەدەی بیستەمەوە جارێکی تر لەدنیادا شۆرشێکی تەکنەلۆجی بەرپابووە کە گۆڕانکاری لە جۆری ژیان و تێگەیشتنی مرۆڤایەتی بۆ سیاسەت و نەخشە و ئابووری وڵاتان گۆڕیوە .
وەک چۆن پرۆستانتەکان لە سەدەی هەژدەدا سەرکردایەتی شۆرشی پیشەسازیان دەکرد ، نەوەی نوێ ی پرۆستانتەکان ( لیبریالیزم) خۆی بەپێشەنگی شۆرشی تەکنەلۆجی سەدەی بیستەم دەزانێت . چەمکەکانی جیهانگیری و بازاڕی ئازاد و سیکولاریزم بەپێ ی بۆچوونەکانی خۆی داڕشتووە .
لەناو ئەم گۆڕانکاریانەدا کە لە پێکدادانی ناتۆ و ڕوسیا لە ئۆکرانیادا بەرجەستەبووە ، هەر دەوڵەتێک بەدژ یان بە لایەنگری دەیەوێت پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی لەنەخشە نوێکەدا بپارێزێت .
ئەمریکا دەیەوێت خۆی جەمسەری سەرەکی و بێ ڕکابەربێت بەڵام ئەو تەحەدایە مەترسی هاوسەنگەربوونی چین و ڕوسی بۆ دروست کردوە .
بەریتانیا بەپێ ی ڕقە مێژوویەکەی لەڕوسیا ،سەری ورچەکەی دەوێت ، بەڵام بەبێ هاوسەنگەری فەرەنسی و ئەڵمانەکان ناتوانێت ئەو سەرەی دەستکەوێت .
ئەڵمانەکان ئامانجیان مسەوگەرکردنی سەرچاوەی وزەیە ، بۆئەوان ستراتیجی ترین سەرچاوەی وزەکەیان ڕوسیایە .
فەرەنسیەکان دەیانەوێت ڕوسیا وەک دەوڵەتێکی بەهێزبمێنێتەوە ، چونکە لەبەینچوونی هێزێکی ئەوروپی وەک ڕوسیا لەدیدی فەرەنسیەوە ، دەکاتە زیندووبوونەوەی هێزی ئیمپریالی یان ئەڵمانی یان بەریتانی کە مەترسیە بۆ داهاتووی فەرەنسا .
چینیەکان دەیانەوێت بازاڕەکەیان لەجیهاندا بەیەکەمی بمێنێتەوە ، ئەگەر مانەوەی ڕوسیانەبێت وەک هاوپەیمانی چینی ، ئەمریکا دەتوانێت چین لاواز بکات .
ڕوسەکان دەیانەوێت وەک زلهێزێک حسابیان بۆ بکرێت ، لەتەواوی ئەو گۆڕانکاریانەی لەجیهاندا ڕوودەدەن تەنیا ئەمریکا بڕیاردەر نەبێت و ڕوسیاش بەشداری بڕیاربێت .
عەرەبەکان لە ئەزموونی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا کەبوونە لایەنگری خۆرئاوا ، خۆیان بە مەغدور دەزانن . دەیانەوێت لەم دابەشبوونە نوێ یەدا ئەوەی لە سەدەی ڕابردوودا بەلایەنگری بەدەستیان نەهێناوە ، ئەمجارەیان بە بێلایەنی گەرەنتی مانەوەیان بکات.
تورکەکان پێیان وایە لە ١٩١٨ دا زۆریان لەدەستداوە . دەبێت لەم دابەشکردنەوە تازەیەدا بەدەستی بهێننەوە . پشتیان لە خۆرئاوایە و ڕویان لە خۆرهەڵاتە ، چونکە مەترسیەکانی خۆرهەڵات بەسەریانەوە بەلایانەوە کارەستبارترە لەوەی لە خۆرئاواوە ئەگەری ڕوودانی هەیە .
ئێران لەسەرەتاوە خۆی یەکلاکردۆتەوە و لەبەرەی خۆرهەڵاتدا سەنگەری قایمکردووە . بێلایەنی عەرەبەکان بە قازانجی خۆی دەزانێت و چاودێری تورکیا دەکات .
کورد لەناو جەنجاڵی ئەم تەقینەوە و مەترسیانەدا ، کە ڕووبەرێکی فراوانی داڕشتنەوەکە جیوگرافیای ئەوان دەگرێتەوە ، هێشتاکە سەرقاڵی پەڕینەوەی چۆمی ئاراس و تاپۆکردنی کردنی زەویەکانی شارەوانی و پۆستە بێ دەستەڵاتەکەی سەرۆک کۆمارە .