سەردێر

کورد و عێراق و ئسرائیل

فایەق محەمەد

لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولەوە، لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستەمە، هاوسۆزی و جۆرە پەیوەندییەکی نیمچە نهێنی لە نێوان سەرکردایەتی سیاسی کورد و ئیسرائیلدا درووستبوو، عەرەبەکان بە گشتی و دەسەلاتدارانی عێراق بە تایبەتی، بەو جۆرە هاوسۆزی و پەیوەندییانە نیگەران دەبوون.
رۆژی ٢٦-٥-٢٠٢٢ پەرلەمانی عێراق یاسای( پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دەژمێردرێت) دەرکرد، بەربژێری سیاسی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەو بڕیارە نیگەران بوون، گوایە ئەمە بەرتەسکردنەوەی ئازادی سیاسی و سنوردارکردنی پەیوەندی دبلۆماسیی عێراقە، خەریکە ناکۆکی لەسەر ئەم یاساییە لە نێوان دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا درووستدەبێت.
هەق وایە کورد لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆی و مافی گەلەکەی سیاسەت بکات،هەر یاسایەک سوودی بۆ کورد هەبێت پشتیوانی بکات، هەو یاسایەکیش سوودی بۆ کورد نەبێت فەرامۆشی بکات، ئەو عێراقەی کە ئەو یاسایەی دەرکردووە، کورد تیایدا هاوبەشی حوکمڕانییە، دەستووری ئەوعێراقە بڕیک لە مافەکانی گەلی کوردی گەرەنتی کردووە، نابێت کورد لەسەر ئیسرائیل لەگەڵ ئەو عێراقدا تێکیبدات.
دەبێت کورد بەو قەناعەتە بگات هاوسۆزی بۆئسیرائیل و پەیوەندی نیمچە نهێنی بە ئیسرائیلەوە سوودی بۆ کورد نەبووە، زیانی هەبووە، بە هۆی ئەو پەیوەندیانەوە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هێندەی تر تای نەتەوەپەرستیان بەرامبەر بە کورد هەستاوە و بە هێزی زیاترەوە دژایەتی کوردیان کردووە.
دەبێت کورد بیهێنێتەوە بەرچاوی خۆی ئەو هاوسۆزی و پەیوەندییە نیمچە نهێنیانەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیبووە، کوردی لە شکستی ساڵی ١٩٧٥ نەپاراست، کوردی لە شکستی ساڵی ١٩٨٨ نەپاراست، کوردی لە هێرشی داعشی ساڵی ٢٠١٤ نەپاراست، لە کاتی ریفراندۆمیشدا ئیسرائیل هیچ هەڵویستێکی نەبوو.
ئەو هاوسۆزیەی کورد بەرامبەر ئیسرائیلی هەیەتی، تەنها ئیسرائیل سوودی لێوەرگرتووە، سەردەمانێک شۆڕشی کوردی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنا، ئەبێ ئەوەش بزانین ئیسرائیل پەیوەندییەکی ستراتیجی لەگەڵ دەوڵەتێکی وەک تورکیا هەیە کە تا ئێستاش دان بە بوونی نەتەوەیی گەلی کوردا نانێت، بۆیە خۆ نیگەران کردنی دەسەڵاتی هەرێم و دەوروبەرەکەی بە یاسای تەجریمکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، هیچ سوودێکی بۆ کورد نییە، زیانیشی بۆ کورد هەیە.
ئەمە سەرەرای ئەوەی کە دەبێت بزانین ئەو یاسایە وەک تەڵەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نراوەتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان وریا بێت و پێی بە تەڵەکەوە نەکات.