سەردێر

لێدوانەكانی پلاسخارت لە نێوان هۆشداری و هەڕەشەدا

گۆران قادر

جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، چەندین جارە هۆشداری دەدات كە مەرج نیە قەوارەی هەرێم وەك ئەوەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەم لێدوانانە لە بنەڕەتدا باكگراوندێكی سیاسی هەیە كە ڕاستەوخۆ نایڵێت بەڵكو بە زمانێكی سیاسی بۆ مەبەستێكی دیاری كراو ئاماژەی پێدەدات، كە لەوەیە ئەو واتایە نەگەیەنێت كە ئێمە تێگەیشتنمان بۆی هەیە.

لێدوانەكانی پلاسخارت بەو پێیەی نوێنەری گەورەترین ڕێكخراوی جیهانییە لە عێراق، هەموو كات جێگای بایەخە، چونكە لە ئاگاداری بۆ پلانەكانی داهاتووە و دەوترێت،ئێستاش چەندین جار ئاماژەی بە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم داوە، لە ڕاستیدا هەموو كات قەوارەی هەرێم مەترسی لەسەرە،چونكە كاریگەرە بە ناوخۆی كوردستان و عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و گۆڕانكارییە جیهانییەكانیش، بەو پێیەی سیاسەتی ئەمڕۆی جیهانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی كار دەكات، نەك مەبدەئو پرەنسیپ و یاسا،كەواتە ئەگەر بڵێین مەترسی هەیە،ئەوا ئاساییە و لای هەمووان ڕوونە و لەوەیە بۆ زۆر هەرێم و وڵاتی دیكەش ڕاست بێت،بەڵام وتنی بە ئاشكرا ئەوەندەی پەیوەستە بە هۆشداری و بە ئاگا هێنانەوە،ئەوەندە پەیوەست نیە بە ڕوودانی مەترسییەكەوە،بەواتایەكی دیكە لێدوانەكانی پلاسخارت هۆشدارییە كە نابێت دۆخی هەرێم بەم شێوازەی ئێستا بڕوات،چونكە نیگەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێكەوتۆتەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دۆخی مافی مرۆڤ و ئیدارەدان و دۆخی ژیانی هاوڵاتیان.

ئەوەی ئەمریكا و پلاسخارت نیگەران دەكات، لاواز بوونی زیاتری هەرێمی كوردستانە،چونكە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە پەرۆشە بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێز لە عێراقێكی یەكگترودا بوونی هەبێت، كە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە،هەروەها هێندە بەهێز بێت كە بتوانێت پشتی پێببەستێت و لە هەرێمەوە ئیدارەی ناوچەكە بدات و زۆرجاریش وەك كارت بەكاری بهێنێت،بەڵام بە دابەش بوونی سیاسی و نیگەرانی هاوڵاتیان،ئەم مەبەستەی ئەمریكا نایەتەدی، بۆیە وەك دەبینین پلاسخارت زۆرترین ڕەخنە لە دابەش بوونی سیاسی لە هەرێم دەگرێت و كەمتر باس لەو پێشێلكارییانە دەكات كە حكومەتی عێراق و تەنانەت میلیشیاكانیش دەیكەنە سەر هەرێمی كوردستان، هەروەها لێدوانیشی لەسەر داگیركاری توركیا نیە، بۆیە بە وردبوونەوە لە كۆی وتەكانی، لە مەبەستی حەقیقی پلاسخارت تێدەگەین، كە دەیەوێت هەرێمێكی بەهێز هەبێت و بەرگەری ئاڵنگارییەكان بگرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پشتی زیاتری پێببەسرێت،چونكە هەرێمێكی لاواز بەلای ئەمریكاوە وەك نەبوونی لێدێت.

هەرچی پەیوەست بە هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێم، ئەوا دیسان لە ئێستادا بەو زەقیە هەستی پێناكرێت، چونكە كۆدەنگیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە، كە پشتگیری لە فیدراڵیەتی عێراق و مانەوەی هەرێم دەكات، لەسەر ئاستی جیهان زۆرینەی وڵاتە پێشكەوتووەكان بە ئاڕاستەی فیدراڵی رۆیشتوون و سەركەوتنیشی بەدەستهێناوە،ئەمركیاش پشتگیری لەم فیدراڵیە دەكات، لەسەر ئاستی هەرێمییش توركیا و ئێران لەوەیە سەرسەخترین نەیاری كورد بن،بەڵام لە ئێستادا بەرژەوەندی سیاسی و ئابورییان لەگەڵ هەرێمدا هەیە و نایەنەوێت هەڕەشەی جدی لەسەر دروست ببێت،بەڵام حەز بە هەرێمێكی بەهێز ناكەن، لەناوخۆی عێراقیشدا،ئەوە لەلایەك دەستور قەوارەی هەرێم دەپارێزێت، لەلایەكی دیكەشەوە عێراق حكومەتێكی هێندە بەهێزی نیە كە بتوانێت ئیدارەی هەرێمیش بدات، بۆیە خۆی ناخاتە ناو ئەو تونێلەی كە ئەو سەری دیار نیە، ئەمە جگە لەوەی بۆ نەمانی هەرێم پێویستی بە گۆڕینی دەستور هەیە، كە ئەمەش لە ئێستادا زەحمەتە.

كەواتە لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە هەڕەشەی جدی لەسەر نەمانی قەوارەی هەرێم نیە، بەڵكو هەڕەشەی لاواز بوونی هەرێم هەیە، لێدوانەكانی پلاسخارتیش هۆشدارییە كە نابێت هەرێم بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت،چونكە بەرەو لاوازی زیاتر دەبات، كە ئەمەش لەگەڵ ئەجێندەی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتوەكان یەك ناگرێتەوە.