سەردێر

مەترسییەکان ڕاستەقینەن

ئازاد جۆڵا

هەندێک پێشهات ئەوە دەخەنە ڕوو لەوە دەچێ تورکیاو ئێران و عێراق بەنهێنی و ژێر بەژێر لەسەر بابەتی لەباربردنی یان لانی کەم لاوازکردن و ناشیرینکردنی زیاتری ئەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستان ڕێک کەوتبن ، لەمبارەیەشەوە لە ڕابردوو ئەزموون و پیلانی لەم جۆرەمان بینوە ، هەر بۆیەش ئەگەر سەیر بکەین هەرسێکیان بەجیا بەڵام لەیەک کات و ساتدا هێرش و فشارەکانیان بۆسەر هەرێم چڕ کردۆتەوەو وەک بڵێی ؟جۆرێک لە هەماهەنگی بەئاگڵیی لەنێوانیان هەستی پێ دەکرێت ، بەتایبەت لە ئێستادا دەرفەتێکی زێڕین بوونی هەیەو خەڵکی هەرێم لە لووتکەی توڕەییە لەم دەسەڵاتەو بەئاشکرا بانگەشە بۆ گەڕانەوەی بەغدادو ژێردەستەیی داگیرکەرەکەی دوێنێ ی خۆی دەکات ، لەهەمان کاتدا هیچ کات هێندەی ئێستا لایەنە سیاسییەکان لێکترازاوو دڕ دۆنگ نەبوون لەگەڵ یەکتری و چەقبەستوویی سیاسی بەتەواوی باڵی کێشاوە بەسەر هەموو هەرێمی کوردستاندا ، بۆیە هەموو هەڵسوکەوت و جموجۆڵەکانی هەرسێ دەوڵەت لەلایەک و ووتەکانی نوێنەری ئەمەریکا لەبەغدادو وتارەکەی جێنین پلاسخارت لە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاستی دۆخی خراپ و پڕلەمەترسی هەرێم و هەبوونی پیلانی سێ قۆڵی دوژمنان دەسەلمێنێ .
بەتایبەتی ئەگەر سەیر بکەین لە ئێستا هەرسێ وڵاتی دژ بەکورد چۆن هەوڵەکانیان لە یەک کاتداو بەیەک ئاڕاسته چڕ کردۆتەوە ،

۱ – تورکیا / ئەگەر سەیری هێرش و فراوانخوازیەکانی ئێستای تورکیا دژ بەکورد بکەین لەهەر پارچەیەکی خاکی کوردستاڼ و دەرەوەو تەنانەت ئەوڕووپاو لەهەر شوێنێک ئەگەر بەیەک ووشەش پشتگیری لە کورد و دۆزە ڕەواکەی بکرێ ، تەنانەت ئامادەیە لەپێناو لەباربردنی ئەم ئەزمونەی هەرێم گەورەترین کارەساتی مرۆیی و دروست بکات و پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بپچڕێنێ و لەپێناوی دژایەتی کردنی کورد گەورەترین سازش بۆ شەیتانیش بکات .

۲ – ئێران / تۆپ بارانی سنوورەکان و ناوە ناوە مووشەک و تەنانەت مووشەکی بالیستی و ڕۆژ بە ڕۆژ فشارو هەڕەشەی زیاتر و هەروەها لەئێستاشدا بیانووی دەرکردن و چەک کردنی هێزو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە هەولێرو کۆیەو زڕگوێزو ناچە سنووریەکانی ترو ئەمە جگە لە فشارە بەردەوامەکانیان لەڕێگای بەغدادەوە بۆ سەر هەرێم .

۳ – عێراق / ڕۆژ بەڕۆژ فشارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێم زیاد دەکات و لەژێر ناوی یاساو دەستوور سزاو بچوک کرنەوەو لاوزکردنی زیاتری هەرێم پەیڕەو دەکرێت ، بەغداد لەهەوڵی ئەوەیە بارودۆخێک بێێنێتە ئاراوە ئەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم زەلیل ترو خەڵک تووڕەتر بکات و خەونی ئەوە دەبینێ خەڵکی هەرێم ڕاپەڕێت و داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند بکات و بۆ هەتا هەتایە ئەم هەرێمە دەستوریەو ڕەوایە نەیەتەوە بوون .

بۆیە لە ئێستادا ئەرکی هەرچی زووتری دامەزراوەکانی هەرێمە بەئەرکی یاسایی و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵسن و زۆر بەجدی کاربکەن و درک بە مەترسیەکانی سەر هەرێم و ئەزمونەکەی بکەن و هەرێم لەم مەترسییە ڕاستەقینەیە دەربازبکەن ،
هەروەها ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیشە ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن و ئەم هەڕەشەو پیلان و دوژمنکاریانەی داگیرکەران بەهەند وەربگرن و هەموو بەیەکەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆو کار بۆ پاراستنی هەرێم و خوێنی شەهیدان بکەن و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حزبەکان و بنەماڵەو کەسەکان …