سەردێر

کازمی یاری بۆ کێ دەکات ؟!

 

عەبدولقادر هەرکی

ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراقی لە شنگال له رەهەندی کات و شێوە خاڵی لە گومان نیە، سەرەڕای ئەوەی کە پاراستنی ئاسایشی عراقییەکان ئەرکی سەرشانی هێزه عراقیەکانە ، بەڵام ئەوەی کە کێ و چۆن شەرعیەت بە چ هێز و لایەنەک لە شنگال دەدات بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکە راستەوخۆ پەیوەستە بە خودی شنگالییەکان و برایانی ئێزیدی، بەڵام بە نیسبەت ئەو زانیاریانەی کە باس لەوە دەکەن  گوایە هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەیە کە عیراق دەیەوێ لەم کات و ساتە رێگاێکی ئارام بۆ کردنەوەی هێلی ئاسنین یاخود کۆلیدۆرێکی بازرگانی لە گەڵ تورکیا لەم ناوچەیە بکاتەوە جێگای هەڵوەستەیە کە بە ڕای من ئەم خوێندنەوانەی لێ بەرهەم دێت :

1 _ هەبوونی هێڵی بازرگانی لەم شێوەیە لە نێوان عێراق و تورکیا هێڵێکی یەکتربڕ لە گەڵ هێڵی باشوور _ ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەکات کە بەشێک لە پلانە گەورەکەی تورکیا هەژمار دەکرێ، کە بەڕای من لە ئێستادا بە هەبوونی دەروازەی خابوور ئەم هێڵە پێویستیەکی گەورە نیە و دۆخی شنگالیش لە هەموو بارێکەوە لە 2014 زۆر باشترە .

ئەمانە وادەکات بیربکەینەوە:

_ شنگال ئەگەرچی لە ئێستادا ئاوەدان نەکراوەتەوە و خەرابەیە ، بەڵام لە ڕووی ئەمنییەوە ئێزیدیەکان زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە پارێزراوی دەکەن .

_ عێراق لە ئێستادا ناوچەی گەرمی تری ئەمنی هەیە وەک ( سنووری دیالە و ئەنبار و چالاکیەکانی داعش و ڕووبەڕوو بوونەوەی هۆزەکانی بەسرا کە ساڵانێکی قوربانیەکانی کەم نین ) ،  بۆچی دەبێت هاوکات لەگەل ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە کوردستان سەرەڕای گرینگترینەکان بابەتی گرینگ هەڵبژێری؟.

2 _ پلانەکە بە گشتی پلانێکی تورکیە ، جا کە لە ئێستادا عێراق جێبەجێی دەکات ئەوە بابەتێکی کاتیە و تەنها لەم قۆناغە یان بەشێک لە بەشەکانی پلانێکی گەورەیە .

3 _ ئێزیدیەکان لە ئێستادا لە مێژووی خۆیان کە هەموو کات زیاتر هۆشیارن و رێکخراوترن و عێراقیش دڕک بەم بابەتە دەکا، ئاسان نیە جارێکیتر بە ئاسانی خۆیان بەدەستەوە بدەن .

لەم قۆناغە کە جیهان بە گشتی شلەژاوە و هەڕەشەی جینۆساید کردنی گەلان هەمیشە لە ئارادایە تەنها دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن .

بەڕای من لە ئێستادا دەستکەوتی سوپای عێراق لە هی تورکیا زیاتر نابێت، لە بەر ئەوەی شنگال چەندە بۆ تورکیا و عێراق گرنگە دوو ئەوەندە بۆ ئێران گرنگە و خواستی ئێزیدیەکان خاڵێکی گرنگە کە ناتوانرێت نادیدە بگرێت، جگە لەوەی حکومەتی عێراقی لە ئێستادا لە سەر سیغەیەکی هاوبەش بۆ حوکمداری لە سنوورەکە لە گەل ئێزیدییەکان پێک بێت ڕێگەچارەیەکی دیکەی نیە .