سەردێر

جوانیەكان لە دوا چركەكانی ساڵدا

د. كامەران مەنتك
هەندێك رووداو هەیە، سەرباری كارەستباری وئێش وئازاریان، دنیایەك جوانی دەردەخەن ونیشانی دەدەن، كە رەنگ بێت بۆ ماوەیەكی زۆر كار لەسەر ناشیرینكردنی ئەو جوانیانە كرابێت، یاخود بەهۆی ماندوون وشەڕی راگەیاندنەوە، كۆمەڵگا وەكو پێویست بایەخی پێنەدابێت، یاخود چاوی نەیبینیبێت، كە دیارە ئەم چاوبەستن وفریودانە، لەكۆمەڵگای كوردی كراوەتە دیاردەو خەڵك تەنیا شتە ناشیرینەكانی دەسەڵات دەبینێت وبەرامبەر ئەمەش هەموو ئەو جوانیانانە فەرامۆش دەكات، كە لەناو خودی خۆیدا رەگی داكوتاوە.

لافاوەكەی هەولێر، سەرباری ئەو لایەنە نەرێنیانەی قسەی زۆری لەسەر كرا، وەكو هەموو بابەتێكی تر، بووە هۆی هێنانە ئارای گەڕەلاوژەیەكی سیاسی لەنێوان هێرش بردن وبەرگریكردن، پێگەیەكی گرنگی لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان گرتەوە، جارێكی تر ئەو جوانیانە فەرامۆش كران، كە دوژمنانی كورد، بەخۆماڵی ودەرەكیەوە كار لەسەر تیكشكاندن وناشیرینكردنی دەكەن، ئەویش بەرزی گیانی بەتەنگەوە هاتن ویارمەتدانی یەكترە لەناو كۆمەڵگای كوردی! كەس ئەو سەرمایەدار وهەژارو مامۆستا وپیاوی ئاینی و كاسب وخوێندەوارو نەخویندەوارەی سلێمانی وهەڵەبجە ودوزخۆرماتوو وگەرمیان ودهۆك وزاخۆی نەبینی وسەرنجی راكێشا، كە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی وگیانی مرۆیی ونەتەوەییەوە، كۆمەكیان بۆ لێقەوماوان وزیانلێكەتووانی لافاوەكەی هەولێر كۆدەكردەوە، هیچ دیمەنێك وەك دیمەنی ئەو ئاژەڵدارانە جوان نەبوو، كەلەچاوی لێقەوماوی خۆیانەوە سەیری شوانەكەی هەولێریان دەكرد وبەدەست ودیاری رانێك لەسەر مەڕ وئاژەڵی تر، هاتنە تازیەباری ئەو شوانە كۆست كەوتووە! دیمەنی ئەو گەنجە خۆبەخشانەی كۆمەك ویارمەتیان كۆدەكردەوە، سەرنجی كەسی رانەكێشا! نازانم بۆ نووسەرانی كورد، كار لەسەر نیشاندان وبەرز نرخاندنی ئەو دیمەنە جوانانە ناكەن!؟ كە گیانێكی كەم وێنەیەو موچڕك بەجەستەی مرۆڤ دادەهینێت وئەوە دەسەلمێنێت، كە كورد لەباشوور، سەرباری هەموو شتێك، تاوەكو ئێستا ئەو جوانیانەی پاراستووە، كە شایەنی مانەوە وپێشكەوتن بێت.

لافاوەكەی هەولێر ئەوەی سەلماند، كە تا ئێستا گیانی نەتەوەیی بوون ومرۆڤ بوون لەناو ناخی تاكی كورددا رەگی داكوتاوە وهیچ هێزێك نەیتوانیوە وناتوانێت هەڵیتەكێنێت، لەپاڵ ئەوەدا ئەوەی جێگای داخە جگە لە خەڵكی شارو گوندەكانی باشووری كوردستان، هیچ شارێكی تری ئێراق، سەرباری ئەوەی هەولێر باوەشی بۆ هەموویان كردەوە ولە تاریكترین چركە ساتەكانیاندا، سەرباری ئەوەی ئەوان بەشداریان لە جینۆساید كردن ورەشە كوژكردنی كورد كردبوو، باوەشی بۆ كردنەوە وتاوەكو ئێستا لەهەولێر ژیانێكی پڕ ئارامیان بۆ دابینكراوە، كەچی هێندەی من زانیاریم هەبێت، كەسێكم نەبینی، نە رۆشنبیر ونەرێكخراوەكان و نە …نە…نە بیر لەوە بكاتەوە، وەك شارەكانی تری كوردستان بیر لە بەهاناوەچوونی هەولێر بكاتەوە!

هیوادارم تاكی كورد،  بەرۆشنبیرو خویندەوار ونەخوێندەوارەوە، كار لەسەر بەرزرنرخاندن وبەهێزكردنی گیانی هاریكاری وبەتەنگەوەهاتنی یەكار بكەن وبیپارێزن، لەبەرئەوەی ئەو گیانە كۆڵەگەیەكی سەرەكی مانەوە وبەردەوام بوونەو هەوێنێكی رەسەنە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوە ورێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی.