سەردێر

خنکان لە وەرزی وشکەساڵیدا

سەردەشت محەمەد
لەبەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا باران بارین بەگوێرەی پێویست نەباریوە و مەترسی وشکەساڵی بەرۆکی بەشێک لەدانیشتوانەکەی گرتووە بەتایبەت ناوچەیەکی فراوانی وەک گەرمیان کە لە ناوەڕاست و باشورو خۆرئاوای گەرمیان ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمەو دەگاتە کەمترە لە ٢٠ ملم باران، لەهەمان کاتیشدا لەبەشێک لەناوچەکانی دیکە ئەم مەترسییە کەمترە و تاڕادەیەک کۆتایی پێهاتووە،بەڵام ئەم کۆتایی هاتنە بە مەترسی وشکەساڵیی، لە پارێزگایەکی وەک هەولێر نەک هەر مایەی دڵخۆشی نەبوو بگرە بۆ بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو پارێزگایە بوو بەمایەی ماڵوێرانی و زیانی گیانی و ماڵی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەمە دووهەمین جارە لافاو زیان بەدانیشتوانی بەشێک لەگەڕەکەکانی پارێزگای هەولێر دەگەیەنێت، ڕوونە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بێپلانی و گەندەڵی لەبواری وەبەرهێنان و نیشتەجێکردندا و دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەوشوێنانەی کە شوێنی ئاوەڕۆ و پێداڕۆیشتنی ئاوە  بەڵام گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی بەشێک لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بێباکی حکومەت لەهەمبەر ژیانی هاووڵاتیاندا وایکردووە ژیانیان لەوەرزی بارانباریندا بەئاسانی بکەوێتە مەترسییەوە، ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە بێباکی حکومەت و گرنگی نەدان بەسامانێکی گرنگی وەکو ئاو وایکردووە ماوەی چەندین ساڵە زیاتر لە ٢٥٠ شوێن لە هەرێمی کوردستاندا دیاری بکرێت بۆ دروستکردنی بەنداو تێیاندا، بەڵام حکومەت قەیرانی دارایی و نەبونی بودجەی کردووە بەیانوییەک بۆدواخستن و تەواونەکردنی ئەو پرۆژانە، ئەمە لەکاتێکدا نەک بەتەنها وشکەساڵی و کەمی بارانبارین کە ماوەی دووساڵە بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان گرتۆتەوە، بەڵکو هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەرمەترسی سیاسەتی گلدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیاو ئێران، چونکە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لەو دوو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێن و دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەمەش مەترسییەکە دوو هێندە دەکاتەوە.

لە قەزای کەلاری ناوەندیی ئیدارەیی گەرمیانیش تائێستا کەمتر لە ٢٠ملم باران باریوە واتە لەناوچەیەک باران دەبێت بەهۆکاری سەرهەڵدانی لافاو و گیان لەدەستدان، لەناوچەیەکی دیکەش بەهۆی کەمی بارانەوە خەڵکەکەی هەر فریای نوێژەبارانە دەکەون، کە لەهەردوو حاڵەتەکەدا بەنداو تاکە چارەسەرە بۆ گلدانەوەی ئاو هەم بۆڕزگاربوون لەلافاو هەمیش بۆ سودوەرگرتن لەئاوەکەی لەوەرزی وشکەساڵیدا.

بەداخەوە حکومەت لەم ڕوەوە زۆر بێ پلانە و هاووڵاتیەکانی لە باران و بێ بارانیشدا هەر دەخنکێن.