سەردێر

شارێك لە دەرەوەی مێژوو

 

ئیدریس جەبار

نەك تەنیا خانووە زێدەڕۆكانی دەوروبەری شار، لە راشیدییەوە لە بری بۆنی شارستانیی و مەدەنییەت، بۆنی هەڵاوی هەناسە شەكەتەكانی دوای جەنگ دەكەیت.

دیجلە لە بری درەوشانەوە، ترس و دڵەڕاوكێی وشكبوون دایگرتووە، رەسافە خەریكە دەستی كەرخ بەردەدات، وەك جارانیش كازمییە و ئەعزەمییە دەست لەملانی یەكترنین و روو لە یەكتر هەڵدەماڵن.

خەریكە پێكەكەی دەستی ئەبو نوئاس دەڕژێنن و رەشید بەدەست و قۆڵ بەستراوی بەرەو خوراسان دەبەن، مەغۆل ئاسا چاویان لە شكاندنی شكۆكان بڕیوە و لێناگەڕێن (دار السلام) نەختێك لەسەر دارعاساكەی ماندوویی بحەسێتەوە و سەرخەوێك بشكێنێت.

ئەگەر مەنسور دەیزانی شارەكەی دەبێتە جێی رمبازێی بێگانان، تەنافی لە بناغەی شوراكانی نەدەدا و پیرە شارەكەی دیمەشق و لانەی ئەمەوییەكانی دەكردە پایتەختی دەوڵەتەكەی و پشتی بەو عەجامانە نەدەبەستن، كە خەڵكی عیراقیان خسۆتە سەر ساجی عەلی و عانە بە عانەی پارەی نەوت بۆ خومس و درێژكردنەوەی هەژموونی سیاسییان بەكاردێنن.

ئەگەر دەیزانی مەدەنییەت و شارستانی لە شارەكەیدا دەبێتە لە خاچدانی حەلاجەكان و سەربڕینی موعتەزیلە و ئەشعەرییەكان، میزۆپۆتامیای جێدەهێشت و دەگەڕایەوە وشكەخاكی حیجازەكەی.

بەغدا لە سەردەمەكان ونبووە و ئێستا بێ‌ سەردەمە، مێژوو سەعاتەكانی ناخوێنێتەوە و خەریكە بە تەواوی راپێچی مەتاهەكانی خۆرئاوابوونێكی تاهەتایی دەكات.

كەمالیە و قەنبەر عەلی مل بۆ قاچاخچییەكانی جەرف ئەلسەخەر كەچ دەكەن، فۆلكلۆر و سیمای دێرینیان لە نێو كۆڵانە تەسك و تەنگەبەرەكاندا ون دەكەن و ئەستێرەكانی سەر شان و میدالەكانی سەر سنگیان لەژێر گەڵای دار نەبەگەكاندا دەشارنەوە.

بەغدا لەنێو دووكەڵ و خۆڵەمێشی «قادسیە» و «دیفاعی موقەدەس» و «ام المعارك» و «عاصفە الصحرا‌‌و»، بە زیندوویی و سەلامەتی نەهاتەدەر، كۆسكەوتوو، جەرگ سوتاو، بێوەژن و سەرگەردان و زەردهەڵگەڕاو، ئێستاش بەدوای قوربانیانی ئەنفالەكەی نوگرە سەلمان و بێسەروشوێنكراوانی «موخبیری سری» و ستەملێكراوانی «سپایكەر»دا وێڵە.

كەوتۆتە دەرەوەی چەرخی رۆژگار، لە دەرەوەی مێژووی شار و ئیمپراتۆریی و دەوڵەت و یاساوەیە، لە قەراغی سەرگوزشتە و لە نێو گاڵتە و گەپ و قسەی قۆڕی بەدمەستانە، دۆنكیشۆتی لێدەخوڕی و چاو لە دەرگای بێگانانە.