سەردێر

کاریگەریی قەیرانی خانووبەرەی چین دەگاتە کوردستان؟

محەمەد شێخ فاتیح

زیاتر لە دوو مانگە قەیرانی قەرزی خانووبەرە لە چین سەریهەڵداوە، زەبەلاحێک لێی بەرپرسە کە سامانەکەی  352 ملیار دۆلارە، قەرزی لە 128 بانک و هەروەها 121 دامەزراوەی دارایی کردووە و ئەوانیشی خستووەتە کێشەوە، هەندێکجار باسی 290 دامەزراوەی بانکی و دارایی دەکرێت.
باسی قەیرانێک دەکەین رووی کردووەتە کۆمپانیای ئێڤێرگراند کە لە خانەی 152 دایە لە ریزبەندیی گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ 3.8 ملیۆن کارمەندی هەیە، زیاتر لە 1300 پرۆژەی نیشتەجێبوونی هەیە. بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەری هەروەها گرتنەبەری چەند سیاسەتێکی “ناتەندروستی” وەکو دواخستنی دانەوەی قەرز و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە داشکاندنی زیاتر و پاکتاونەکردنی حیسابەکانی، کەرتی خانووبەرەی چینی دووچاری قەیرانێکی کوشندە کردووە.
راستە پەکین زیاتر لە شەش هەزار مایەڵ دوورە لە هەولێرەوە، بەڵام جیۆگرافیا هیچ مانایەکی نییە لە ئاست کاریگەرییەکانی ئەمریکا و چین، بە باش و بە خراپە کاریگەرییەکانیان دەگاتە بنی دونیا، ئەوەتا سەرەتای قەیرانەکە دەرکەوت و بنەتاکەیشی گەیشتە بازاڕەکانی کەنداو، ئەوروپا و ئەمریکا، تاوەکو دێت لێکەوتەکانیشی زیاتر دەبن، هیچ دوور نییە کاریگەرییەکانی نەگاتە کوردستانیش، مادام بونیادی کەرتی خانووبەرە لە کوردستان و ئەو ستایلەی کە کۆمپانیاکانی خانووبەرەی چینی و وڵاتانی دیکە دەیکەن، لە کوردستانیش بەهەمان یان نزیک لە هەمان پرۆسێس دووبارە و چەندبارە دەبنەوە، بۆیە ئێستە تەپوتۆز نەماوە تەمومژەکە رەویوەتەوە دەتوانین روونتر راستییەکان ببینین.
قەیرانەکە هێندە کاریگەر بوو نەیهێشت کەس فریای ئەو پرسیارە بکەوێت کە ئایا ئەم قەیرانە تەنیا لە سنووری چیندا دەمێنێتەوە یان وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە، زۆر بە خێرایی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بازاڕەکانی ئاسیا و ئەمریکا و وڵاتانی کەنداوی گرتەوە و کاریگەرییە خراپەکانی دەرکەوتن.
شەپۆلی زەمینلەرزەکەی چین گەیشتە وڵاتانی جیهان، چەقەکەی چین بوو، بەڵام بازاڕەکانی بەخەبەرهێنا، بەردەوامی و کەڵەکەبوون و دواخستنی دانەوەی قەرزەکان کە قەبارەیان گەیشتووەتە 300 ملیار دۆلار هۆکاری ئەو قەیرانەن. رووداوەکە، هاوکاتە لەگەڵ کارەساتەکەی 13 ساڵ لەمەوبەر کاتێک لێمان برازەرسی چوارەم گەورەترین بانکی جیهانی لە ئەمریکا بەهۆی قەیرانی قەرزی خانووبەرەوە مایەپووچ بوو.
قەیرانی قەرزی ئێڤێرگراند لە شەو و رۆژێکدا دروستنەبووە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی 2018، ئەو کات کۆمپانیاکە دەبوو چوار ملیار دۆلار قەرز بداتەوە، بەڵام لە دانەوەی دواکەوت، ئیدی وەک تۆپەڵە بەفرێک کە لە بەرزاییەک گلۆر دەبێتەوە، بەوجۆرە کێشەکە گەورەبوو.
ئێڤێرگراند هەڵە دوای هەڵە بەدوای یەکدا دەکات، چونکە داشکاندن دەکات بۆ کڕیاری نوێ، واتە بۆ نموونە یەکەیەک ئەگەر کڕیاری پێشوو بە 100 هەزار دۆلار کڕیبێتی، کڕیاری دووەم کە دوای ساڵێک یان دوای چەند مانگێک دێت، لەبری ئەوەی بە گرانتر بیکڕێت کۆمپانیا دێت بە 25٪ بە هەرزانتر پێی دەفرۆشێت واتە بە 75 هەزار دۆلار، ئەوەش بەس بۆ خاتری ئەوەیە کاشێکی زیاتری دەستبکەوێت، بەڵام زیانێکی گەورەتری لەخۆی داوە کە بەها و نرخی یەکەکانی دابەزاندووە. کۆرۆنا هات، ئێڤێرگراند ناچاربوو لە کۆتاییەکانی 2020دا بە رێژەی 30٪ داشکاندنی بۆ یەکەکانی کرد تا کڕیاران رابکێشێت و کێشەکانی پێ چارەسەر بکات، بەڵام ئەفسوس هەوڵەکانی ئەو زەبەلاحەی خانووبەرە بێئاکام بوون لە خڕکردنەوەی کارتە پەرش و بڵاوەکانی.
کێشەکە ئەوکاتە دەرکەوت کە کۆمپانیاکە بۆ پەردەپۆشکردنی قەرزەکانی، چەندین پرۆژەی دیکەی راگەیاند بۆ ئەوەی زیانەکانی پێشووتری کەمبکاتەوە، بەڵام پابەندییەکانی زیاتر بوو، ئینجا ناچارە لە هێج فەندەکان (هێج فەندەکان ئەو دامەزراوە داراییانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی فراوان و بەربڵاو لە بازاڕەکاندا مامەڵە و وەبەرهێنان دەکەن و قەرز دەدەن، بەڵام جیاوازە لە سندووقەکانی وەبەرهێنان) بە سوودێکی بەرز قەرز بکات، بە جۆرێک رێژەی سوودەکانی زیاتر لە 8٪، واتە ئێڤێرگراند ئێستا دوو جۆر قەرزی بە سوودی لەسەرە، جگە لە دوو جۆرەکەی دیکەش، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکیی دەرکەوتنی ئەو بڵقەیە کە قەبارەکەی 300 ملیار دۆلارە، کێشەکە ئەوەیە هەموو یەکەکانیشی بفرۆشێت قەرزەکانی بۆ پڕ نابێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لەو یەکانە موڵکی خەڵكن و چەند قیستێکیان داوە، کۆمپانیاکانی دابینکردنی کەرەستەش بوونەتە خاوەنی بەشێکیان.
بە درێژایی ساڵی 2021 پشکەکانی ئەو کۆمپانیا چینییە لە دابەزیندا بووە بە رێژەی 85٪، بە تەنیا لەم ماوەیەی دواییدا 40٪ دابەزی. هەرچەندە چین هەوڵێکی زۆریدا و بڕی 14 ملیار دۆلاری خستەڕوو تاوەکو نەختینە لە بەردەست بێت و لە بەرامبەردا کۆمپانیاکەش بەشێک لە سامانەکانی بەردەستی خستە بری ئەو قەرزەوە.
جگە لە کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەری، 123 هەزار فەرمانبەری کۆمپانیاکە مووچەیان پێنەدراوە و مووچەکانیان دواکەوتووە.
میکانیزمی کارکردنی کۆمپانیا گەورەکانی بواری خانووبەرە بەمجۆرەیە، سەرەتا قەرزێکی زۆر بۆ ماوەیەکی درێژ و بە سوودێکی کەم لە بانک وەردەگرن، لایەنێکی دیکە خەڵکە کە بڕێک پارە لە خەڵک وەردەگرن وەک قیستی یەکەم، لایەنی سێیەم کە کۆمپانیاکە مامەڵەی لەگەڵ دەکات کۆمپانیا و کارگەکانی کەرەستەی بیناسازییە هەر لە شیش و چیمەنتۆوە تاوەکو کەرەستەی کارەبایی و کەرەستەکانی دیکە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان.
کاتێک کە کێشە دروستدەبێت کۆمپانیاکانی کەرەستەی بیناسازی و کارگەکان دەبنە بەشێک لە کێشەکان، چونکە شێوازی رێککەوتنی کارگە و کۆمپانیاکانی بیناسازی لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکەی خانووبەرە بەجۆرێکە، کە کۆی شایستە داراییەکانی ناداتێ لە بەرامبەر کەرەستە بیناسازییەکان، بەڵکو بەشێکی بە کاش دەداتێ، بەشێکیشی یەکەی نیشتەجێبوونی پێدەدات، بۆیە هەم وەبەرهێنەر سەرچاوەیەکی دیکەی خاوەن قەرزی بۆ زیاد دەبێت، کە لەدواییدا دەبێتە بارگرانی بەسەرییەوە، بە دیوێکی دیکەدا، کۆمپانیای کەرەستەی بیناسازی رەنگە گرفتاری دۆخێک ببن کە بەهۆیەوە دووچاری کەمیی کاش ببێتەوە، لە هەمانکاتدا ئەو شوقانەشی کە لەبری کەرەستە کڕیویانە مافی ئەوەی نییە بیان فرۆشێتەوە.
بۆیە کۆمپانیای خانووبەرە لەم سەرچاوانەوە پارەدار دەکرێت:
– بانکەکان و هێچ فەندەکان
2. بەشداربووانی یەکەکان
3. کۆمپانیاکانی بیناسازی
کێشەکە ئەوەیە دامەزراوەی ئیدارەدانی مەترسییەکان لەنێو ئێڤێرگراند زۆر لاواز بوو، تاوەکو ئاستی ئەوەی ئابڕوبەرانە بووە، گەورەیی کۆمپانیاکە وایکردووە کەس پێشبینی ئەوەی نەکردووە کە هەڵەی کوشندەی لەو جۆرە بکات بە جۆرێک کە پاکتاوی ژمێرەی لەگەڵ هیچ لایەنێک یەکلانەکردووەتەوە کە چەند قەرز و سوود بگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە قازانج سەری مایەی خوارد.
جیاوازییەکە ئەوەیە کۆمپانیاکە لە چیندایە و رەنگە حکومەت بەشێک لە قەرزەکان بە هەر جۆرێک بێت لە ئەستۆ بگرێت، یان پاڵپشتییەکی گەورەی دارایی بازاڕەکان بکات بەو میکانیزم و رێگایانەی کە لەبەردەستدان، بەڵام یارییەکە وەک پوولی دۆمینە وایە، کەوتنی ئێڤێرگراند واتە زیانی دەیان گەورە بانک، کۆمپانیا، کارگە و مایەپووچبوونی سەتان هەزار خێزان و بێکاربوونی سەتان هەزار کەس.
کۆمپانیای ئێڤێرگراند نموونەیەکی باوە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بە هەرێمی کوردستانەوە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن هەڵەکانی ئەو دووبارە نەبێتەوە؟
بۆ هەرێمی کوردستان کە لەدوای سێکتەری نەوت، کەرتی خانووبەرە دووەم چالاکترین سێکتەرە، تەنیا ئەو پرۆژانەی کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە لە کۆی زیاتر لە 990 پرۆژە کە سەرمایەکەیان 58.8 ملیار دۆلارە، 199 پرۆژەیان لە کەرتی نیشتەجێبووندان بە سەرمایەی 17 ملیار دۆلار کە زیاتر لە 29٪ـی کۆی سەرمایەی پرۆژە مۆڵەتپێدراوەکانە، ئێستا لە کوردستان بە شوقە و بە خانوو و ڤێلاوە نزیکەی 174 هەزار یەکە مۆڵەتی دروستکردنیان پێدراوە، ئەوانەی کە لە بازاڕەکەدان و بازرگانی بە یەکەکانەوە دەکەن ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار و 850 کۆمپانیا و نووسینگەی خانووبەرەن.
کەرتی نیشتەجێبوون یەکێکە لەو سێکتەرانەی کە وەک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی تەونێکی ئاڵۆز و هەستیاری هەیە، تێکەڵە بە کۆمەڵێک سێکتەری دیکەوە، یەکێک لەوانە کەرتی پیشەسازییە تەنیا لە بواری وەبەرهێناندا بە بەهای زیاتر لە 19.3 ملیار دۆلار مۆڵەت بە 253 کارگە دراوە.
ئەگەر تەنیا باسی کارگەکانی چیمەنتۆ بکەین کە ژمارەیان 6 کارگەن، کە زیاتر لە 4300 هەلی کاریان رەخساندووە، ئەوا دەبینین کە بە سەرمایەی 2،750 ملیار دۆلار دەتوانن 16.5 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەمبهێنن، هەرچەندە ئێستا 10.7 ملیۆن بەرهەمدەهێنن.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە شەش ملیۆن تۆن چیمەنتۆ هەیە، واتە ئەو کارگانە جگە لەوەی دەتوانن 100٪ـی پێداویستیی ناوخۆ پڕبکەنەوە، دەتوانن 16٪ـی پێداویستیی عێراقیش دابین بکەن.
هەموو ئەو فاکتانە نیشاندەری ئەوەن، کە کەرتی نیشتەجێبوون گرێدراوی چەندین سێکتەرە، زنجیرەیەک کاری بازرگانی پێکەوە دەبەستێتەوە، هەر ئاڵۆزکانێک لە داوەکانیدا بە خێرایی بازاڕ تێکدەدات، بۆیە پێویستە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان زۆر بە هەستیاری هەڵسوکەوت بکەن، چونکە هەر پریشکە ئاگرێکی بچووک کە کۆنترۆڵنەکرێت، ئەگەری کارەساتێکی گەورەی لە دواوەیە، بە جۆرێک وەک پەتی تەزبیحێک کە دەپچڕێت و هەر دەنکێکی بە لایەکدا.