سەردێر

لادانی ڤیزا، لەبەرژەوەندی عێراقە یان ئێران

یاسین مەحمود ڕەشید

موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك کۆماری ئیسلامی ئیران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، پەیوەندیەكانمان لەگەڵ عێراق لە بەرزترین ئاستدایە.
وتیشی”موستەفا كازمی هەواڵێكی خۆشی پێداین بە نەمانی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات”.ئەمەش
چەقی هەواڵە گەرمەکە بوو، دەمودەست بووە جێی دەنگدانەوە میدیاکان بە گشتی
ئەوەی من دەمەوێت هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەم ئەمەیە، کە ماوەی 10 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران داوای هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران دەکات، هەرچەندە لەڕابردوودا و لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، ئێران بە فەرمی داوای هەڵگرتنی ڤیزای هەردوولای کرد، بەڵام ئەو بڕیارە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کام لە کابینەکانی بەر لە کازمی نەچوونە ژێر باری ئەو داوایە و چاویان لەوە بوو کە ڕەنگە لێکەوتەکانی ئەم داوایە باش نەشکێتەوە لەسەریان و ببنە جێی لۆمەی نەیارانیان.
دواجار لە سەردەمی موستەفا کازمی و پاش دەستبەکاربوونی ڕەئیسی، لە دواین دیداردا بڕیار درا ڤیزای هاتووچۆی نێوانیان هەڵگرن و کازمی خۆی خستە ژێر باری داوای لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی و ئەو خەونەی هێنایەدی کە ئێرانییەکان ڕاستەوخۆ بێنە خاکی عێراق و بێنەو بەردەی ڤیزا و تێچووی زۆری وەرگرتنی ڤیزایان لەکۆڵ بێتەوە، جیا لەم لایەنە لەخوارەوە بە چەند خاڵێک خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە شەن و کەو دەکەم.

1- لە ڕووی ئابووریەوە لەبەر ئەوەی عێراق خاوەنی ژێرخانی ئابووری نییە هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ساڵانە بە پێی ئەو داتایانەی هەردوو وڵات بڵاوی ئەکەنەوە بەپێی هاتنی گەشتیار، هەروەها ئەو نرخەی کە دانراوە بۆ ڤیزا کە لە هەردوو وڵات وەردەگیرێت، عێراق نزیکەی سەد و هەشتا ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانەی لەدەست دەدات، چونکە ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بەراورد بە گەشتیاری عێراقی دوو هێندەو سێ هێندە و بگرە زیاتریشە.
2- بەهۆی لاوازی بەهای دراوی ئێرانی، ئەم بڕیارە و تا ڕادەیەکیش هەڵکشان لە هاتووی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ عێراق و هەرێم ئەو کاریگەرییە ئیجابییەی نابێت کە مایەی دەسکەوت بێت بۆ سەر داهاتی ساڵانەی عێراق، چونکە گەشتیارانی ئێرانی کەمترین بڕە پارە خەرج دەکەن، چونکە زۆربەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان دێن لە عێراق ( نجف و کەربەلا)
3- بەپێچەوانەوە بەرزی بەهای دراوی عێراقی هۆکارە بۆ ئەوەی کە سەردانیکاران لەو وڵاتە پارەیەکی زیاتر لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا خەرج بکەن کە گرنگترینیان خۆی لە سەردانی تەندروستی و گەشتیاریدا دەبینێتەوە، هەمیشەش داتاکان وامان پیدەڵێن لە کاتی هاتنی گەشتیاری ئێرانی بۆ هەرێم و عێراق کەمترین داهاتیان بۆ وڵاتەکە هەیە و کەمترین خەرجییان هەیە، و بە پێچەوانەشەوە گەشتیاری عێراقی زۆرترین پارە خەرج دەکەن لەو وڵاتەدا.
4- ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵانە لە نێوان ٨ – ١٣ ملیار دۆلارە، کە لە ٪٨٠ی ئەم ئاڵوگۆڕە لەبەرژەوەندی ئێران تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی عێراق هاوردەکاری کاڵا و شمەکی ئێرانییە لە کاتێکدا عێراق لە ٪٢٠ی ئەم ئاڵوگۆڕەی پێ دەبڕێت کە ئەویش زۆربەی خۆی لەبواری وزەدا دەبینێتەوە.
5- لەدوای بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ئەم دوو وڵاتە، جارێکی دیکە ئێران کۆنترۆڵی بازاڕی عێراق دەکات و بە پێی پێشبینییەکانم ئەم هەنگاوە تورکیا نیگەران دەکات و بە ئاگا دەهێنێتەوە و هانی دەدات کە فریای خۆی بکەوێت تا پشکی خۆی لە بازاڕی گەورەی عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانی کەم نەکات ئەویش ڤیزای نێوان وڵاتەکەی و عێراق هەڵبگرێت.
6- بەو پێیەی عێراق وڵاتێکی بەکارهێنەرە و هەمیشە چاوەڕوانی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانییەتی لە کاڵا و شتومەکی ئێرانی، ئەمەش هەر لە بەرژەوەندی ئێران تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی لەمەولا کەسانێکی بەرچاو نەک لەسەر ئاستی بازرگانی گەورە و مامناوەند، بەڵکو ئەوانەشی کە خاوەن فرۆشگا و پێشانگای بچووکن دەتوانن بچن لە کۆماری ئیسلامی ئێران پێداویستیەکانیان بهێنن، ئەمەش دەبێتە فاکتەری گرنگی زیاتر بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەکی ئێرانی زیاتر هاوردە بکرێت بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان.
7- ئێران لە ئێستادا ئابڵوقەیەکی ئابووری بەهێزی لەسەرە دیسانەوە زیادبوونی گەشتیار و بازرگان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرژەوەندی بانکی ناوەندی ئێرانی تەواو دەبێت، لەلایەکی تر بەو پێیەی دراوی عێراقی بەهێزە و لەهەمانکاتیشدا گەشتیاران دراوی دۆلار یان ئەوەی پێی دەوترێت (عملە صعبە) دەبەن لەگەڵ خۆیان ئەمەش هەر لەبەرژەوەندیی ئێرانە. هۆکاریێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی دراوی ئێرانی بەهای خۆی لەدەست نەدات.
8- ئەوەی لەم سۆنگەیەوە لەبەرژەوەندی عێراقە و وەک لە دیداریشیاندا کازمی بە ڕەئیسی ڕاگەیاندووە، تەنها خۆ بینینەوەیە لە زیاد بوونی ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارە پیرۆزەکان کە بڕیارە ژمارەیان بکرێتە دوو هێندە.

شایەنی باسە پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین عێراق بە هۆی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردویەتی بۆ کڕینی ( گازی سروشتی) و (کارەبا) ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری عێراق دەچێتە خەزێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران