سەردێر

نامەیەكی كراوە بۆ وەزیری پەروەردە

د.هێرۆ محەمەد

جەنابى وەزیر، هیوادارم ئەم تێبینیانەم وەك خەمخۆرێك لێ قبوڵ بكەیت، كە لەئاستی دڵسۆزی بۆ نەوەكانی ئەم وڵاتەو وەزارەتەكەی جەنابت نوسیومن.

پێداویستی وەزیر و وەزارەت

1-جەربەزەیی لەبڕیارداندا

2- پلانی درێژخایەن.

3- بەدەستهێنانی بودجەیەك بۆ(دروستكردنی قوتابخانە بە باشترین پێداویستی خوێندن، سەنتەری توێژینەوە، تاقیگە، سەنتەری وەرزش، سەنتەری هونەری، سینەما یان شاشەی گەورە لە ژووری تایبەت بە سەیركردنی فیلمی پەروەردەیی و فێركردن… هەرچی پێویستیەكانی تری خوێندن).

تكایە ؛

– لەپێناو نەدانی مووچەی مامۆستایان بەبیانوی جیاجیای وەك و كۆرۆنا، پرۆسەی پەروەردەو خوێندن ڕامەگرن (مووچەی مامۆستاو كارمەندانی پەروەردە كێشەی سەرۆكی حكومەت و حزبەكانی پێكهێنەری حكومەتە) با منداڵانی ئەم وڵاتە باجەكەی نەدەن، تەنانەت ئەگەر فشاریش خرایە سەر حكومەت، كە ئەمە مافی ڕەوای مامۆستایانە و من نامەوێ قسە لەسەر ئەم بابەتە بكەم.

– تكایە چاوەڕێ مەكە لیژنەكانی تەندروستی و وەزیری تەندروستی بڕیاری وەزارەتەكەی جەنابت بدەن، لە دەست پێكردن یان وەستاندنی خوێندن.

تۆ ئەزانیت، كە نەك منداڵەكانمان لە پەروەردە مەحروم بوون لە قوتابخانە، خەریكە نەخوێندەواریش ببن؟! تۆ ئەمە دەزانیت؟!

– یابانیەكان لە جەنگی جیهانیشدا منداڵەكانیان لە خوێندن دانەبڕی بە ڕێگای (نفق) دا ئەیان ناردنە قوتابخانە.

– منداڵ بەرزترین و زۆرترین بەرگری لەشی هەیە بەرامبەر بە نەخوشی، هەتا ئەگەر بە گوێزەرەوەش دایبنێن، خۆ پارێزی ئەركی گەورەكانە.

– ساڵانە ڕیژەی مردن بە(سەكتەی دڵ و مێشك) زیاترە لە مردن بە كۆرۆنا، نەشبووە بە مەوزوع، تەنانەت یەك بەرپرس بە وەزیری تەندروستیشەوە باسی ئەوە ناكات، تەنها لەبەر ئەوەی كواڵتی كۆنترۆڵێكی باش دانەنرێت بۆ ڕێگەگرتن لە دەرمانی خراپ و قاچاغ و ماوە بەسەر چوو، خواردنی بەسەرچوو لە قوتو نراو و بێكواڵتی و میوە و مریشكی پڕ پڕۆتین و دەرمانی كیمیای، چونكە داهاتی ئەو دەرمانە خراپ و خواردنە بێكواڵتیانە لە گیانی مرۆڤ گرنگترە لە هەرێمی كوردستان.

– خوێندنی ساڵی ڕابردوو، هەمووی ئۆنلاین بوو منداڵ هیچ سوودی لێنەبینی، شەو هەتا بەیانی منداڵ ناخەوێت سەری لەسەر ئەم ئینتەرنێتە بی فلتەرەدایە كە لە هیچ وڵاتێكدا نیە، ڕۆژ تا ئێوارە ئەخەون، بەمەش مێشك و جەستە هیلاك و تەمەڵ دەبێت، ئەو چالاكیە لەدەست ئەیات كە بەیانیان زوو هەستێت بروات لە قوتابخانە بێت.(كەس نەڵێت مەهێڵە منداڵەكەت سەری لە مۆبایل و ئینترنیت دا بێت چونكە هەموو ئەزانن ئەوە دیاردەیەكە لە ناوگەنجان كە بە هیچ دایبابێك كۆنترۆڵ ناكرێ، لەئەنجامی نەبوونی قوتابخانە، بێئیشی، حەسر بوون و سجن بوونی منداڵ لەناو ماڵ، نەبوونی بەرنامە تەلفزیونی باش، زۆری وزەی مێشكی و جەستەیی منداڵ، زۆر شتی تر).

– منداڵەكانمان وەك و ماسی ناو شوشە كە لەپڕ بڕژرێتە ناو دەریای سوێر توشی شۆكی ترس لە خوێندن لە مامۆستا لە فێربوون بوون، ئەوەش لەبەر ئەوەی لەیەكەم رۆژ و یەكەم ساڵ ئەچێتە بەر خوێندن مەنهجێكی ووشكی نەبوونی ئامرازەكانی فێركردن و لێپرسینەوەی مامۆستا.

– چەند ساڵە بە زمانی ئینگلیزی ئەخوێنن، تۆ هاتی بێگوێدانە ئەوەی كە ئەم منداڵانە تازە بە زمانی ئینگلیزی بیركاری و زانست و كیمیاو فیزیاو زیندەوەرزانییان خوێندوە و زاراوەكان بە ئینگلیزی فێربوون، خوێندنت كردەوە بە كوردی، سەر لەبەری ئەوەی فێری بووبوون بیرت بردنەوە.

ئەمانە لەكاتێكدایە كە؛

– بە هیچ شێوەیەك دامەزراندنی حكومی نیە بۆ دەرچووانی زانكۆ پەیمانگاكان.

– هەر دەرچوویەك داواكاری پێشكەش بكات بۆ ئیشكردن لە هەرجێگایەكی ناحكومی یەكەم مەرج ئەوەیە زمانی ئینگلیزی یان عەربی یان توركی یان فارسی …. یان هەموویان پێكەوە بزانێت، ئەوەی گرنگ نیە بە مەرج نەگیراوە (زمانی كوردی، جەدۆلی زەرب، هاوسەنگكردنی هاوكێشە، جۆرەكانی ئەمیباو …، زۆر شتی تر كە لە قوتابخانەو زانكۆكانی ئێمە دەخوێنرێت)، كە من لێرە داوای گۆڕینی مەنهەج ناكەم، بەڵام داوای پەروەردەیەكی باش و فێركردنی زمانی دیکە دەكەم بۆ منداڵەكانمان.

– زانینی زمانی زیاتر لای مرۆڤ مانای تێگەشتن لە كەلتور لە زانست لە هونەری جیاجیا، مەعریفەی جیایا، كەسایەتی و توانای زیاترە.

– چەندەها قوتابخانەی تایبەت هەیە بەناوی خوێندن بە ئینگلیزی و عەربی و فەرنسی و توركی پارە كۆ ئەكەنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی هەمان مەنهەجی قوتابخانەكانی حكومەت ئەڵێنەوە، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی، ئەگەر ئەم فێربوونی زمانە باشە بامنداڵی هەمووان بە ئینگلیزی و عەربی و فەرنسی و توركی بخوێنن لەگەڵ كوردیەكەدا، ئەگەریش خراپە با قوتابخانەی تایبەتیش نەمێنیت، بۆ هەر ئەبێت ئەركی پاراستنی كەلتور و زمانی كوردی لە ئەستۆی منداڵانی هەژار بێت؟.

– فێربونی زمانی جیا لەدەروەی قوتابخانەی حكومی ئیتر لە قوتابخانەی تایبەت یان خولی تایبەت بە پارەیەكی زۆرە.

– ناردنی منداڵ بۆ یانەو فێركردنی وەرزش بە پارەیە.

– ناردنی منداڵ بۆ خولی فێربوونی پیشە بەپارەیە.

– وێنە كێشان بەپارەیە.

– مۆسیقاو شانۆ بەپارەیە.

– لەكاتێكدا جاران ئەمانە هەموو لە قوتابخانە هەبوو، لە وڵاتان شتێك نیە بەناوی خول، منداڵ ئەمانە لە قوتابخانە فێر ئەبێت.

پێشنیارەكانم

– ڕاوێژكاری ئەكادیمی زۆر باشت هەبێت و توێژینەوەی تەواو بكەن لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە سیستمی وڵاتانی جیا جیا، (هەمیشە نابێت بڵێین ئێمە نابێت خۆمان بەراورد بكەین بە وڵاتانی پێشكەتوو، بەڵی دەبێت هەمیشە هەوڵ بدەین لەباشترینەكان بین).

– پلانێكی (10) ساڵی بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێركردن، تا هەر وەزیرێكی تر هات بە میزاجی کەسیی خۆی و بێ گەڕانەوە بۆ شارەزایان و پرۆفیسۆرەكانی پەروەردە و فێركردن ، گۆرانكاری لە پلانی پرۆسەكەدا نەكرێت، مەنهەج نەگۆرێت و زمانی خوێندن نەگۆڕێت.

– (4) ساڵی یەكەمی قوتابخانە تەنها پەروەردەكردنی منداڵان بێت لەسەر ئاكاری مروڤانەو مرۆڤ دۆستی و ژینگە پارێزی، رەوشتی جوان و فێركردنی كەلتور و ئاشتی كۆمەڵایەتی… ئەمەش لەڕێگەی كورتە چیرۆك.

– ئەم كورتە چیرۆكانەش با بە لێڤڵ بێت و بۆ وانەی ئینگلیزی بە ئینگلیزی و كوردی بە كوردی و عەربی بە عەربی و توركی بە توركی و فەرنسی بە فەرنسی بێت، فیلمی ئەنیمەشن پشانبدرێت بۆ یارمەتی دانی فێربوون، لێیان بپرسرێتەوە

بە پراكتیكی، ڕاهێنانیان پێبكرێت لەسەر رەوشت و ئاكاری جوانی ناو چیرۆكەكان.

– ئەم پەروەردەكردنە بە چیرۆك بە لێڤڵ بێت، هەموو سێ مانگ جارێك لێڤڵك بگۆڕدرێت بۆ لێڤڵی پێشكەوتوو، چونكە منداڵ لە تەمەنی منداڵیدا توانای فێربوونی چەند زمانێكی هەیە لەیەك كاتدا.

– لە ساڵی پێنجەمەوە فێری زانست و خوێندن و نوسین بكرێن.

– سیستمی زانستی وا دابڕێژرێتەوە منداڵی بەهرەمەند بەرهەم بهێنرێت نەک منداڵی (دەڕاخ) بۆ بەدەستهێنانی نمرە و دواتر هەمووی ببێت بە دكتۆر.

– منداڵانی خاوەن بەهرە پەرە پێبدرێت و خەڵات بكرێن لەگەڵ ئەوانەی نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوەو بەهرەكانیان بخرێتە بواری پراكتیكی و بڕوانامەی (براءە اختراعی) پێبدرێت.

– یاسا لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن دا بخوێنرێت، بەپێی هەر قۆناغێك یاساكان بگۆڕدرێت، بەتایبەت ئەو یاسایانەی ڕۆژانە پراكتیك ئەكەین(مافی مرۆڤ، یاسای هاتوچۆ، ….) تا مرۆڤی ئێمە شارەزای ئەك و مافی بێت.

– ئاین بخوێنرێت ئەویش بە چیرۆكی ئاینی دەست پێبكات.

– قوتابخانەی تایبەت نەمێنێت، ئەگەریش هەبوو تەنها بە خوێندن بە زمانی ئینگلیزی تایبەت نەبێت، بەڵكو ئەبێت جۆرەها چالاكی و تەكنیكی وای تیابێت كە منداڵ بەهرەدار بكات، و نرخی خوێندن تیایاندا كەمبكرێتەوە، كە نرخەكان خەیاڵیە و لە هیچ شوێنێكی دونیا ئەمە نیە.

– خولی توانا سازی باش بۆ مامۆستایان بكرێتەوە، چالاك و بەتواناكان خەڵات بكرێن و بەتەمەنەكان بە ڕێزەوە خانەنشین بكرێن.