سەردێر

بۆچی خەڵك باوەڕ بە شەمەندەفەرەكەی حكومەت ناكات ؟

عومەر گوڵپی‌

حكومەت لە ساڵی‌ (٢٠١١)ەوە، سەرقاڵی‌ دروستكردنی‌ پڕۆژەی‌ بە دووسایدكردنی‌ ڕێگای‌ سەرەكی‌ (دوكان – چوارقوڕنە)ن، كە تەنها (٦٥) كیلۆمەتر پێكهاتووە! بە تێچووی‌ نزیكەی‌ (١٥٠ ملیار دینار)، هێشتا تەنها لە ٤٥% تەواو بووە!، واتە ئەو پڕۆژەیە سێ سەرۆك حكومەت، سێ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەت‌و سێ وەزیری‌ بینیوە، و هێشتا تەواو نەبووە.
نزیكەی‌ دە ساڵە خەریكی‌ بە دووسایدكردنی‌ ڕێگای‌ سەرەكی‌ نێوان (كەلار – دەربەندیخان)، كە درێژی‌ هەموو ڕێگاكە بریتیە لە (٧٦)كیلۆمەترو تێچووەكەی‌ بریتیە لە (١٣٦ ملیار دینار)، لە ماوەی‌ شەش ساڵی‌ ڕابردوودا تەنها (٣٠%) پڕۆژەكە تەواو بووە!
بەهۆی‌ زۆری‌ ڕووداوەكانی‌ هاتوچۆوە، ئەو دوو ڕێگەیە بە ڕێگەی‌ مەرگ ناسراون، ڕۆژانە هاووڵاتیان بە ترسێكی‌ زۆرەوە ئەو ڕێگایانە دەبڕن‌و لە هەردوو ئیدارەی‌ ڕاپەرین‌و گەرمیانەوە دەگەنە شاری‌ سلێمانی‌، زۆرێك لە هاتۆچۆكانیش زۆر پێویستن بەهۆی‌ نەخۆشی‌‌و كاری‌ فەرمانگەو ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌‌و پێویستی‌ ترەوە.
تێكڕا ساڵانە (٤٠٠٠) ڕووداوی‌ هاتوچۆ ڕوو دەدەن، لەو ژمارەیە، نزیكەی‌ (٥٠٠)كەس گیان لەدەست دەدەن‌و ژمارەی‌ بریندارەكانیش (٥٠٠٠) كەسە، ژمارەیەكیش لە بریندارەكان بۆ هەمیشەیی‌ كەمئەندام دەبن، هەموو ئەمانە لەگەڵ هۆكاری‌ خێرا لێخوڕین‌و سەرەڕۆیی‌ شۆفێران كە هۆكاری‌ سەرەكیە لە هەموو دونیا، بەڵام یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان خراپی‌ ڕێگەو بانەكانە.
هەرێمی‌ كوردستان داهاتی‌ باشی‌ لەبەر دەستە، بەجۆرێك دەتوانرێت بە تەرخانكردنی‌ نزیكەی‌ (٧٠٠) ملیار دینار، بەشی‌ زۆری كێشەی‌ شەقام‌و ڕێگەو بانەكانی‌ خۆی‌ چارەسەر بكات، ئەو پارەیەش تەنها داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ پێنج مانگی‌ گومرگی‌ ئیبراهیم خەلیلە!
دروستكردنی‌ ڕێگا لە دروستكردنی‌ شەمەندەفەر‌و هێڵەكەی‌ ئاسانترە، چونكە لە كوردستان قیری‌ پێویست بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها ئەندازیارو توانای‌ زانستی‌‌و تەكنیكی‌ هەیە‌و ئەزموونی‌ پێویستیش هەیە، تێچووشی‌ كەمترە‌و چاكسازیشی‌ ئاسانترە، كەواتە ئەگەر حكومەت نەتوانێت چوار شەقامی‌ سەرەكی‌ سی‌ تا چل كیلۆمەتری‌ بە دە ساڵ تەواو بكات، خەڵك ناهەقیەتی‌ بۆ ڕاكێشانی هێڵی ئاسنین و هێنانی شەمەندەفەر گاڵتە بە حكومەت بكات؟ ئەمە بێجگە لەوەی‌ هیچ یەكێك لە ڕێگای‌ كلاسیكی‌‌و ڕێگای‌ گواستنەوەی‌ مۆدێرن وەك هێڵی‌ شەمەندەفەرو میترۆو هاوشێوەكانیان بەدیلی‌ یەك نین، بەڵكو تەواوكاری‌ یەكن‌و هەموو پێكەوە ئەتوانن ژێرخانی‌ ئابوری‌ وڵات لە بواری‌ گواستنەوە بینا بكەن.
من باوەڕی‌ تەواوم هەیە بەوەی‌ بونیاتنانی‌ ڕێگای‌ مۆدێرن‌و پێشكەوتوو و هێنانی‌ تەكنەلۆجیا بۆ پێشخستنی‌ چۆنیەتی‌ پێشكەشكردنی‌ خزمەتگوزاریی پێشكەوتوو لە كوردستان مەحاڵ نیە، بێجگە لە توانای دارایی دەیان ئەندازیاری بەتواناو مرۆڤی نیشتیمانی و دڵسۆزیشمان هەیە، بەڵام بەو مەرجەی‌ حزبەكانی‌ دەسەڵات دەست لە قۆرخكاریی‌ بازاڕو گەندەڵی و خراپەكاریی‌ ئیداریی و كۆمپانیاكاریی هەڵگرن.

*ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان