سەردێر

کاتێك باسی تونس دەکەین بۆ کوردستان قسە دەکەین

 

ئەبوبەکر کاروانی

کە باسی تونس دەکەین باس لە خۆمان دەکەین لە کوردستان، نەك ڕووداوێکی دابڕاوی دوورەدەست چونکە کلتورو ھاوکێشەکانی ناوچەکە لە یەکەوە نزیکن، جیھانگیریش ڕۆڵی خۆی ھەیە لە بەھێزکردنی کارلێك و رەنگدانەوەی ئەوەی دەگوزەرێت لەگەڵ ناوچە جیاوازەکاندا. کاتێك بەرگری لە بەیەکەوە ژیان و تێپەڕاندنی ململانێی ئایدۆلۆژی و دوانەی ئیسلامی- عەلمانی لە تونس و ھەر وڵاتێکی تر دەکەین، داوادەکەین ریزبەندی و پێناسە پێدانە فیکری و سیاسیەکان لەسەر بناغەی میانەڕەو- توندرەو وە دیموکرات و نادیموکرات بکرێت نەك عەلمانی و ئیسلامی، واتە پاشخان ئیسلامی و عەلمانیە دیموکراتەکان لەگەڵ یەك و یەك بەرەو و توندرەوە عەلمانی و ئیسلامیە نادیموکراتەکان لەپاڵ یەکدا ڕیزبکرێن و داوەریان دەربارە بکرێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتی نیشتیمانی ھەمووان و سیستمی سیاسی و دەستوری تەوافوق لەسەرکراو ناوەرۆکی خۆیان پەیدابکەن و کۆمەڵگە لە لێکترازانی نێوخۆیی و ستەمکاری و جەنگی ناوخۆ دووربکەوێتەوە، وە ھەر لە سەرەتاوەو بێگوێدانە فیکرو ئەدەبیاتی نوسراوو ئەزمونی کرداری جەوھەری نەگۆرو تۆمەتی نادیموکرات، توندڕەوی و ترۆر نەدەینە پاڵ ھیچ تەوژم و ھێزێك، ئەوا شەڕی پیرۆزی دادپەروەری و دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانەو ناسنامەیەکی نیشتیمانیی یەکگرتوو سەقامگیری و شکۆو سەربەرزی کوردستانی سبەی دەکەین بۆ ئەوەی نەبێتە مەڵبەندی دووبارە کردنەوەو بەرھەمھێنانەوەی ئەزمونە شکستخواردووەکانی ناوچەکەو ھەوڵدەین جیاوازبین.

لەو سۆنگەوە کە ئەوانەی لێرەوە بەرگری لە کلتوری کودەتا و سەربڕینی دیموکراسی و ژێرپێدانی بەھاکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکەن، ئامادەن لە ساتەوەختێکدا لە کوردستانیش ھەمان ئەزمون دژی بەرامبەرە فیکری و سیاسیەکانیان و تەنانەت لە بازنەی ھاوفکریشدا بەرامبەر نەیارە حیزبیەکانیان، دووبارە بکەنەوە و لەگەڵ دیموکراسی و پێکەوە ژیاندا کێشەی قوڵیان ھەیە. بە حوکمی ئەوەی بەرگریکردنێك لە کەرامەتی مرۆڤ و کولتوری دیموکراسی و فرەیی و مافەکانی مرۆڤ مسداقیەتی ھەیە، ئەخلاقی بێت. واتە دژی کودەتاو بەرگریکاری بە ھاوڕێکارە دیموکراسیەکان بێت، جا کودەتاکە بەسەر ھێزو دەسەڵاتێکی پاشخان ئیسلامی یاخود عەلمانیدا بکرێت، چونکە لە دۆخی کودەتاکردن بەسەر دەسەڵاتێکی ھەڵبژێردراودا، لە چوارچێوەی ئەزمونێکی دیموکراسی کە ڕێز لە سندوقی دەنگدان دەگرێت، کودەتای باش و خراپمان نیە، بەڵکو تەنھا ھی خراپمان ھەیە.