سەردێر

پەندەکانی پاکتاو لە مێژووی یەکێتیدا

مەلا بەختیار

یەکێتی (٤٦) ساڵی تێپەڕاند، لەم تەمەنەدا (١٥) ساڵی لە شاخ و (٣٠) ساڵی لە شار گوزەراند. لە شارو شاخدا، دوچاری چەندین شەڕی ناوخۆو جیابونەوە هاتووە.
أ- شەڕی ناوخۆ لەگەڵ پارتی(١٩٧٦_١٩٨٨) ب- شەڕی ناوخۆ لەگەل سۆسیالیست(١٩٧٩_١٩٨٦) ج- شەڕی ناوخۆ لەگەڵ حیزبی شیوعی(١٩٨٢_ ١٩٨٦) د- شەڕێکی بچوکیش لەگەڵ پاسۆك(ناو بە ناو).
لە شاخدا، دووجار توشی جیابونەوە بووە.
أ- جیابونەوەی سۆسیالیست (١٩٧٩) لەسەر چۆنیەتی ئیدارەی یەکێتی و ناکۆکی سیاسی.. بە هێزی چەکدار و شەڕی ناو بە ناویش. ب- جیابونەوەی ئاڵای شۆڕش (١٩٨٥) لەسەر جیاوازی ئایدیۆلۆژیا و سیاسی.. بەبێ هێزی چەکدار.
لەدوای ڕاپەڕینیش، یەکێتی رووبە رووی دوو چەشن شەڕی ناوخۆ، هەروەها دوو جۆر جیابونەوەش بۆتەوە:
یەکەمیان: لەگەڵ پارتی ١٩٩٤_١٩٩٨. دوەمیان: شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی و جوند الایسلام (١٩٩٤_٢٠٠٣). جیابونەوەکانیش لە دوای راپەڕینەوە:
یەکەمیان: جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان (٢٠٠٩) دوەمیان: جیابونەوەی هاوپەیمانی(٢٠١٧)
هەر لە دوای ڕاپەڕینیش، چەندین یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی رویداوە؛
_ یەکگرتنەوەی سۆسیالیست_ یەکێتی ١٩٩٢_یەکگرتنی ئاڵای شۆڕش_ یەکێتی ١٩٩٣
لە دوای (١٩٩٤) وە، هەوڵێکی زۆرماندا بەشێکی شوراکان و چەندین هەڤاڵی ئاڵای شۆڕش مابوون، ئەمانیش رازی کران بێنە ناو یەکێتی.
لە دوای جیابوونەوەی بزوتنەوی گۆڕانیش، رەوتێکی زەحمەتکێشانمان قەناعەت پێکرد بەسەرپەرشتی شێرکۆ میر وەیس، هاتنە ناو یەکێتی؛ دوای ئەمانە، رەوتێکی دیکەی زەحمەت کێشان بە سەرپەرشتی (ئاسۆس) و چەندین سەرکردەی پاکیان کە بەداخەوە بۆ مەرامی کەسێك پشتیان تێ کرا. لە دوا هەوڵیشدا، لەسەر داوای هەڤاڵ هێرۆ، حیزبی زەحمەتکێشان (ئایندە) بە سەرپەرشتی قادر عەزیز.. سەنگەری یەکێتیان لە دوا ئاکامدا قبوڵ کرد!
کاتێك، ناوەندی بریاریش دروست کرا، بەندە، بێلایەن مامەوە. تەمەحی سکرتێری یەکێتیان پێ دەدام بەمەرجێ رازی بم، بریاری دەرکردنی (١٦) سەرکردەکەی ناوەندی بریار پەسەند بکەم، نەمکرد. بەڵکو کێشەکەشمان چارەسەرکرد. ئەوانەی تەمەحی سکرتێری یەکێتیان پێ دەدام و بەقسەم نەکردن، زۆری نەخایاند پیلانیان گێڕا، کارگێڕ و مەکتەبی سیاسیان هەڵوەشاندەوە..
لەم کورتە پانۆرامە سیاسیەی جیابونەوە و یەگرتنەکان، دەمەوێ؛ پەلامار، پاکتاو، بوختان و ناوزراندنەکان، بۆ میژوو باس بکەم. کە دڵنیام ئەوانەی تائێستا بێلایەنن، یان ویژدانیان لە ماستاوی هەلپەرستی نەژەندووە، یان مێژووی خەباتیان بە موچە دۆلار نەفرۆشتووە. سودی لێوەر دەگرن.
لە تەواوی جیابونەوە و شەڕەکاندا، هەموو لایەکمان لە فەرهەنگی یەکتر شکاندن، بەشی ئاشتیمان تیا نەدەهێشتەوە.، بەشی زۆری جنێو، یان بوختان، یاخود پەلامار و پاکتاوکردنەکان، رقی دەرونی کەسایەتیەکان و قۆناغی شەڕەکان و مل ملانێکان بوون. پشکی یەکێتیش لەو فەرهەنگە زیانبەخشەدا، بارتەقای هەموو لایەنەکانی تر بوو. بۆ نموونە:
پارتی_ یەکێتی
لە دژی پارتیدا، ئەدەبیاتی یەکێتی لە ساڵی ١٩٧٥ وە، هەتا ١٩٩٨، دەکران بە جاسوس. نۆکەر. بارزانی بێچوو. بەکرێ گیراو. کورد کوژە. پارتیش یەك ئیزگەی هەبوو، کارامەترین جنێوفرۆشیان خستبووە سەری و بۆ دۆژمنایەتی یەکێتی تەرخان کرابوو. بەڵام لە گەرمەی شەڕەکانیشدا، کاتێك دەرفەتێك بۆ گفت وگۆ دەرەخسا، بێ دوو دڵی قبول دەکرا. هەروەکو پەلاماری یەکترمان نەدابێ.. وا بوو.
سۆسیالیست_ یەکێتی
لە بەرامبەر حیزبی سۆسیالیست.. پێیان دەگوترا؛ حیزبی هەڤال جوجەڵە.. رەسوڵ جوجەڵە. جاسوسی پارتی و ئێران.. پیاوی موخابەرات.. تەنانەت شەهیدان: ساڵح یوسف و عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵیش، بە جاسوس لە قەڵەم دەدران، کەچی بەعس شەهیدی کردن. سۆسیالیستیش بە یەکیتیان دەگوت: پۆل پۆتیەکان، تیرۆرستەکان، جاش جەلالیەکان، پیلان گێڕەکان.. تاد. لە یەکەمین دەرفەتدا، پێش پارتی ساڵی ١٩٨٧_١٩٨٧ یەکێتی لەگەڵ سۆسیالیست ئاشت بوەوە. ساڵی ١٩٩٢ یش لەگەڵیاندا یەکی گرتەوە.
حیزبی شیوعی_ یەکێتی
لەگەڵ حیزبی شیوعی.. پێیان دەگوترا: تەحریفی، کلکی مۆسکۆ.. تاقمەکەی بەهادینە کەچەل.. فیتنەی شەڕی ناوخۆ. لە قرناقا و پشتا ئاشان دەیانیان بە دیل کوژران. (تەنها ئێمە لە مەڵبەندی یەك بڕیاری لێدانی شیوعیەکانمان جێ بەجێ نەکرد، خەریك بوو بە خائینیشمان بزانن) شیوعیەکانیش بە یەکێتیان دەگوت: دیلکوژەکان، کۆنە خۆفرۆشەکان، بێ بەڵێنەکان.. بەڵام پێش پارتی لەگەڵ ئەمانیشدا، یەکێتی ئاشت بویەوە.
ئاڵای شۆڕش_ یەکێتیدا
ئاڵای شۆڕش، کە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە و سازشی لەگەڵ حکومەت دا هەبوو.. بیری ئایدیۆلۆژی جیاواز هانی دا، جیابیتەوە.. بەبێ جیاکردنەوەی تاقە مەفرەزەیەکی یەکێتیش، کەچی بە تۆمەتی جۆراو جۆر پەلامار دراو پاکتاو کرا. دەگوترا: جاش بە ئاش مەبە. ناخی سەدان تێکۆشەر، بریندار کرا. تەنها لەسەر رێبازی جیاوازی فەلسەفی. هانا بۆ زیندان و ئەشکەنجەش برا!! ئێستاش ئەو کەسانەی جەلادی ئەو ئەشکەنجەدانە بوون، شانازی و شانامەی لەسەر دەنوسن!!
دوای ڕاپەڕین.. لەگەڵ ئاڵای شۆڕش یەکێتی یەکی گرتەوە و جۆرەها پۆستیشیان پێ بەخشرا. بە پیاهەڵدانی مام جەلال و راگەیاندنی هاوبەشی یەکێتی_ ئاڵای شۆرش، نەك خەنجەری ژەهراوی نەبوو، بەڵکو شۆڕشگێڕ و دڵسۆزانی کوردستانیش بوون. لە ئاهەنگی یەکگرتنەکەشدا، زیاتر لە دە هەزار کەس کە لە یاریگای سلێمانی دا ئامادە بوون. تاقە یەکگرتنیش بوو، ئاپورەی خەڵك بۆ مەراسیمەکەی ئامادەبێ.
گۆڕان_ یەکێتی
کە گۆڕانیش جیابونەوە، هەڵمەتی گۆڕان دژی مام جەلال و یەکێتی فراوان بوو. هەرچی لە هەمانەکەیاندا بوو، هەڵیان رشت. زۆر زیاتر لە شەڕە جنێوی شاخ، لە شاردا، دژی یەکێتی هەڵمەتی بوختان و ناوزراندنیان برد. بونە مایەی لاوازبونی یەکیتی و بەهیز بوونی پارتی. یەکێتیش، فشاری ئابوری خستنەسەر و سزای سیاسی، لە رێگەی ئابوریەوە سەپاندە سەریان. بەندە، لە بەرگری لێ کردنی یەکێتی درێخیم نەکرد.. لە کاتێکدا تاک تاك سەرکردەی یەکێتی، بەرگریان لە یەکێتی دەکرد. بەڵام لەگەڵ سزای ئابوری نەبوم، کە د. بەرهەم ساڵح سزای ئابوری لەسەر لابردن، یەکەم کەس پشتیوانیم لێکرد.
دوای ١٧/ی شوبات، یەکەمین وەفد، هێرۆ و دلێری سەید مەجید و بەندە، چوینە لای نەوشیروان موستەفا و سەهۆل بەندانی نێوان یەکێتی و گۆڕانمان شکاند. دوای ئەمەش، دەرگا کرایەوە، وەفدیان هاتنە لای مام جەلال و لێک تیگەیشتنی دەباشانی لێکەوتەوە. دوای ئەوە رێکەوتنی تریش لە (١٩) خال گەڵا کرا. هەوڵ دەدرا بگەینە یەکگرتنەوە، بەڵام بەبێ بڕیاری مەکتەب سیاسی، دەستکاری رێکەوتنەکە کراو بە دەسییە ویسترا دۆخی کوردستان تێك بدرێ و دوو ئیدارەیی بیتەوە ئارا.. من دژی بوم. مێژووس ئەم قسەیەم دەسەلمێنێ.
هاوپەیمانی_ یەکێتی
کە هاوپەیمانی دادپەروەریش (٢٠١٧) لە دۆخێکی ناسکدا و لە گیانەڵڵای مام جەلال دا دامەزرا. ئەم هاوپەیمانیە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، یەکێتیان کردە جەردە، تاڵانکەر، فرعۆن و دکتاتۆر؛ دیسان، یەکێتی بەهۆی پاشماوەی ناوەندی بڕیارەوە، کە زۆربەیان لەبەر نیگەرانیان لە یەکێتی، ئامادە نەبوون بەرگری لێ بکەن، بەڵکو هەشبون هاوکاریشیان دەکردن و دەنگیشیان بۆ گلێر دەکردنەوە. لە بەرامبەر ئەمانیشدا، ئیمە و قوباد تاڵەبانی و بەشێکی راگەیاندنی یەکیتی و مەڵبەندەکان، شانمان دایە بەر ئەرکی بەرگری لە یەکێتی.
ئەو تاقیکردنەوانە لە مێژووی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، توشی کەم هێزی سیاسی بووە. پرسیار ئەوەیە: ئایە یەکێتی دەرس و پەندی لیوەرگرتون؟
بە کورتی دەڵێم: نەخێر. پیلانی پێش و پاش چوارەمین کۆنگرە پێمان دەڵێ: یەکێتی تەنها لە روانگەی هێزو پاراستنی دەسەڵات و، بەرژەوەندیە ئابوریەکانەوە، سەیری حیزبایەتی دەکرد. هەر بۆیە، ژیانی حیزبایەتی کراوەتە قوربانی سیاسەتی پاوانکردنی دەسەڵات و دەسکەوتی ئابوری.
ویسترا، لە چوارەمین کۆنگرەدا بە ناوی نوێبونەوەی یەکێتی، شەرعیەت بدرێ بە سیاسەتی پاوانخوازی حیزبی- حکومی- بەرژەوەندی. بەڵام.. لە راستیدا، جگە لە رواڵەتی بە تەکەتول دارشتنەوەی ئۆرگانەکان و بەرزکردنەوەی بێ بنەمای هەزاران پلە؛ بە کردەوە، تەنها لە گەندەڵی و لە پەیجی فەیك و لە بەهیزکردنی کاسەلیسەکان و پەراوێز خستنی زۆربەی هەرە زۆری کادرە ماندوەکان، تەنها ئەو بڕیارانە لە مێژووی یەکێتیدا نوێ بوون. ئەم بریارانەش هاوسەرۆك و سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی، پەسەندیان دەکردن. بەڵام ژێر بە ژێر ناکۆکیەکانیشیان دەکوڵا. سەرەنجام:
کێشمە کێشەکانی دوای کۆنگرە، لە پشتی پەردەی نوێبونەوە و ئەم (سەری_ کردە) نوێیانەدا، بەرەبەرە لە ناو خودی یەکێتیدا پەنگیان دەخوارد و لەسەر قورغی جومگەکان، تێك دەچرژان. وردە وردەش مل ملانێکان لە گرێژنە دەرکران. ئەوە تانێ گەیشتە رادەی بڕیاری ئەوتۆ، رای گشتی یەکێتی و ناو خەڵك، ساکاوون. لێرەدا نامەوێ حوکم بدەم.. تەنها دەمەوی بڵێم:
لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، ئۆرگانەکانی یەکێتی، سەراپا دۆش داماوون، کۆبوونەوەی حیزبی؛ شانەوکەرت نەماوە؛ پرنسیپەکان پێشێل کران؛ هیچ ئۆرگانێك کاریگەری نەماوە، جگە لە هاوسەرۆکەکان.بەڵام لە دوا ئاکامدایەکیتی لەناو خەلکدا باجی قورس قورس دەدا. ئەوەتانێ کێشەکان تەقینەوە، تا گەیشتە رادەی وەلاخستنی یەکێك لە هاوسەرۆکەکان، بەبێ رێرەوی حیزبایەتی سروشتی!
ئیستا کە راستیە تاڵەکان و زیانەکانی چوارەمین کۆنگرە دەرکەوتن، جێی خۆیەتی بڵێین: زیانەکانی چوارەمین کۆنگرە لە پرنسیب و دیسپلین و ژیانی حیزبایەتی، کەمتر نەبووە، لەو کارەساتانەی بەسەر یەکیتیدا هاتووە. لە کارەساتەکاندا یەکێتی بەهێزتر دەهاتەوە بۆتەی خەبات. بەڵام لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە، هەتا دێت یەکێتی لاوازتر دەکرێ. مەترسیدارترین سیاسەتی ئیستای یەکیتیش، ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردایەتی ئێستا، لە فەلسەفەی سیاسی مام جەلال، لەناو ههاوکیشە سیاسییەکان، بە قوڵی تێناگەن و متمانەی خەلك، بەرە بەرە لە دەست دەدەن. هەروەها هاوسەنگی ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتیشیان، بە جۆریك لاسەنگ کردووە، تەنها لە قازانجی، ئە هەلپەرستانەن کە چاوەڕوانی موچە و بودجەی سەری مانگ دەکەن.
پیشێل کردنی پرنسیبەکانی حیزبایەتی، چۆن لە چوارەمین کۆنگرەدا سروشتی نەبوو، ئێستاش وەلا خستنی هاوسەرۆکێك بە سروشتی نازانم. لێرەدا، نامەوێ قەتماغە هەڵبدەمەوە، ناشمەوێ لەسەر دەنگو باسەکان حوکم بدەم، ئەوی رویداوە، چاکبونەوەی گەلێ دژوارە. تەنها مەبەستمە بڵێم:
تکایە، دەرس و پەندەکانی مێژوو بخەنەوە بیری خۆتان. ولا خستنی هاوسەرۆکێك، بە هەل مەزانن بۆ رشتنی رق و کینە. پەلاماری لایەنگرانیان مەدەن و پاکتاویان مەکەن. رێز لە کادرو هاو تەکەتولەکانیان بگرن، گەرچی هەڵەشیان کردبێ، یان بە هەڵە لە هاوکیشەکانیش تی گەیشتبێتن. بەڵکو بەشی زۆریان لە ترسان و لە برسان رەدووی سیاسی کەوتوون. ئەوەتانێ بە یەک روداو، ئەوانەی لە ترسان و لە برسیان رەدوو کەوتبون، زۆربەیان هەلدەوەرن. بۆ؟ چونکە ژیانی حیزبایەتی پێشێل کرابوو.
ئەوانەی لێش خراوون، یان لەژیر فشارن، هەقە تەنها رێگەی شەرعی بۆ مافەکانیان بگرنەبەر.
بێگومان ئەم روداوە بە دڵی پارتیە و پارتی و لایەنەکانی تریش (جگە لە گۆڕان) سوردی لێ وەردەگرن، بەلام روداوەکە بە دەسیسەی پارتی نەبووە. ئەگەر هات و بشسەلمێ کەسێك، بە دەسیسە ئەم روداوەی ئەنجامدابێ، شەرمەزاری مێژوو دەبێ.
هیچ رێگەیەکیش لە بەردەمدا نی یە، تەنها رێگەی حیزبایەتی نەبێ. دەبێ شەرعیەتی ئۆرگانەکانی باڵاو خوارەوە، هەتا بەستنی پێنجەمین کۆنگرە، زیاتر لە دەست نەدرێ. دەبێ زوو فریای بوژاندنەوەی ژیانی حیزبایەتی بکەوین. ئەمەش مەحاڵە هەتا یەکێتی کۆی هەڵەکانی لە پێش چوارەمین کۆنگرە و لەناو کۆنگرە و دوای کۆنگرە، دەست نیشان نەکات و رەخنەیان لێ نەگیرێ.
هەموو کەسێکیش، بە هەر پاساوێك وەلانرابێ، مافی خۆیەتی، لە بەردەم ئۆرگانە حیزبیەکاندا بەرگری لە خۆی بکات، بەپێی بەڵگەکان سزا بدرێ. نەك بێ بەڵگە حوکمی لەسەر بدرێ.
لە کۆتایشدا دەڵێم: لەم روداوەشدا، تکایە، ژمارەی جنێوەکان، بەرامبەر یەکدی زیاد مەکەن؛ بەبێ بەڵگە تۆمەت مەبەخشنەوە؛ مەکەونە پاکتاوکردنی یەکتر؛ بوار مەدەن هەلپەرستان و پیاهەڵدەران، گوێ درێژ ئاسای ناوجۆگە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگەی نێوان جەمسەرەکان، بلەوەڕن؛ خەلکیش بە ئاگری خۆتانەوە مەسوتێنن. دلنیابن کولتوری جنێو و پاکتاوکردن، سەرەتا بە گەرمی دەست پێ دەکات.. بەڵام وەکو سەرجەم هەلمەتی پاکتاوکردنی مێژووی یەکێتی، پاشگەز بونەوەی بەدواوەیە!!