سەردێر

بۆ هه‌رێمى كوردستانیش ڕاسته‌ …!!

عه‌بدولواحێد محه‌مه‌د

به‌پێى دوا ئاماره‌كانى رێكخراوى كارى نێو ده‌وڵه‌تى(ILO)، نزیكه‌ى 152 ملیۆن منداڵ كاریان پێده‌كرێت، له‌ چوارچێوه‌ى كاركردنیشیاندا روبه‌ڕوى مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌.

به‌پێى توێژینه‌وه‌كان خانه‌واده‌ى ئه‌و منداڵانه‌، له‌ ئه‌نجامى ته‌نگژه‌ى دارایی قوڵ و ناله‌بارى ژیانیان به‌تایبه‌تى له‌سه‌روبه‌ندى كۆڤید-19 و كه‌ره‌نتینى ته‌واودا ناچاربوون بۆ په‌یداكردنى ساده‌ترین سه‌ره‌تاكانى گوزه‌ران بیانخه‌نه‌ به‌ركار، دیاره‌ ئه‌وه‌ له‌ شوێنێك تا شوێنێكیتر جیاوازى هه‌یه‌، هه‌ندێك وڵات مامه‌ڵه‌یه‌كى واقیعیانه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ ناچاریه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان به‌عێراقیشه‌وه‌ به‌هۆى هه‌نگاو و مامه‌ڵه‌ى ناته‌ندروستیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا، زۆرترین خانه‌واده‌ له‌نێوانیاندا منداڵه‌كانیان روبه‌ڕووى گرفت و ئاڵنگارى زۆر بوونه‌ته‌وه‌.

هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سه‌رنه‌كه‌وتنیان له‌ ده‌سته‌به‌ركردنى چاره‌سه‌ره‌كان، نه‌شیان توانیوه‌ خوێندن له‌رێگاى ئۆنلاین و فێركردنى ئه‌لیكترۆنى بۆ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆریان فه‌راهه‌م بكه‌ن، به‌هۆكارى نه‌ڕه‌خساندنى هێڵى ئه‌نته‌رنێت و ئه‌و ئامێر و ده‌زگایانه‌ى پێویستن، لێكه‌وته‌یه‌كیترى خراپی ئه‌و په‌تایه‌، پاشه‌كشێكردن بووه‌ له‌و پێشكه‌وتنانه‌ى له‌بارى یه‌كسانى چێنده‌رى به‌لاى كه‌م له‌خوێندندا به‌ده‌ستهاتبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و شێوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌ وایكرد ژماره‌یه‌كى زۆر له‌كچان نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ناوه‌نده‌كانى خوێندن و به‌شو بدرێن و توشی منداڵبوونى پێش وه‌خته‌ و جۆره‌ها بەڵا ببنه‌وه‌.

ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ى حكومه‌ته‌كان و سه‌رنه‌كه‌وتنیان به‌تایبه‌ت له‌ رۆژئاواى عه‌ره‌بی وایكرد ژماره‌یه‌كى زۆر منداڵ هه‌وڵى كۆچی نهێنى بده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ڕاستى زه‌نگێكى مه‌ترسیدار بوو بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان و بنه‌ما كۆمه‌ڵاتیه‌ جێگیره‌كان و هه‌ڵلوشینى توانا مرۆییه‌كان.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا لاشیان ئاشكرایه‌ ره‌خساندنى مافى خوێندنی ئاسایی هۆكارێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌، نه‌ك خوێندن له‌ دوور و ئۆنلاین و ئه‌لیكترۆنى ، چونكه‌ له‌ پێشدا رونمانكرده‌وه‌ ، وه‌كو پێویست ئامانجه‌كان ناپێكێت.

جێى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان كه‌ ژماره‌یان 22 ده‌وڵه‌ته‌ نیوه‌یان زیاتر به‌هۆى شه‌ڕو شۆڕه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ئاواره‌ و په‌نابه‌ریان تێدایه‌ كه‌ زۆرترینیان له‌ ژن و منداڵن، سه‌ره‌نجام له‌پاڵ ئه‌و هۆكارانه‌ى له‌پێشدا باسمان كرد كه‌ سه‌ریكێشاوه‌ بۆ كارپێكردنى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى منداڵان و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ و ئاسته‌نگ، ئه‌وه‌ وا ده‌خوازێت له‌ حكومه‌ته‌كان و لایه‌نه‌كان هه‌ڵوێسته‌ى جددى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما مرۆڤایه‌تیه‌ بكه‌نه‌وه‌ و به‌رى لێبگرن، چونكه‌ خۆ لێ كڕكردن سه‌رده‌كێشێ بۆ لێكه‌وته‌ى خراپتر له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاره‌سه‌ره‌كان زۆر قورس ده‌بن.

به‌ بڕواى خۆم ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو جیهان و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان جێگاى تێڕامان و كار له‌سه‌ركردن بێت، بێگومان بۆ هه‌رێمى كوردستانیش راسته‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌ وڵاتان هه‌ن و بوونه‌ته‌ هۆكار له‌ هه‌رێمه‌كه‌ى ئێمه‌شدا هه‌ر وایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت :-

  • به‌ هاوكاری رێكخراو و سه‌ندیكاكانى كرێكاران به‌ ته‌واوى منداڵان له‌كاركردن دوور بخرێنه‌وه‌.
  • پراكتیزه‌كردنى ته‌واوى ئه‌و یاسایانه‌ى ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنن بۆ خوێندن و فێربوونى به‌زۆره‌ملێ هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایانه‌ رێ له‌كاركردنى منداڵان ده‌گرن .
  • پشكنینى به‌رده‌وامى شوێن كاره‌كان، په‌یره‌وى ته‌واوى ئه‌و یاسایانه‌ رێگه‌ به‌كاركردن ده‌ده‌ن .
  • رێگه‌گرتن له‌ لاوازى بارى ئابوورى منداڵان ئه‌وه‌ش به‌یارمه‌تى دانى خێزانه‌كان كه‌ زۆربه‌یان كێشه‌ى هه‌ژارى و ناله‌بارى ژیان و گوزه‌رانیان هه‌یه‌.
  • ده‌سته‌به‌ركردنى خزمه‌تگوزاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان له‌وانه‌ خوێندن و فێركردن و به‌رنامه‌ى په‌ره‌پێدانى تواناكان له‌رێگه‌ى ئه‌نته‌رنێت و هۆكاره‌كانیترى په‌یوه‌ندى كردن .
  • پاراستنى منداڵان له‌شه‌ڕ و شۆڕ ، داواكردن له‌و لایه‌نانه‌ى شه‌ڕ ده‌كه‌ن رێز له‌یاسا نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان بگرن هه‌روه‌ها ئاگاداریش بكرێنه‌وه‌ له‌وه‌ى به‌ئامانج گرتنى ناوه‌نده‌كانى خوێندن یان به‌كارهێنانیان بۆ مه‌به‌ستى سه‌ربازى به‌تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت .
  • پێشكه‌شكردنى هه‌موو جۆره‌ یارمه‌تیه‌ك بۆ ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ بێ سه‌رپه‌رشتن و له‌باوانیان دورخراونه‌ته‌وه‌ .
  • تێبینی : له‌م وتاره‌ سود له‌ راپۆرتی رێكخراوی كاری نێو ده‌وڵه‌تی وه‌رگیراوه