سەردێر

چی ڕوویداو چی بکرێت ؟

ئازاد جۆڵا

ئەوەی لە ناوچەی مەتینا ڕوویدا نەک هەر چاوەڕوانکراو بوو بەڵکو پرۆسەیەکی دواکەوتوە بەپێی ئەم نەخشەو پلانەی ماوەیەکە تورکیا دایڕشتوەو کاری لەسەر دەکات، ووردتر لەکاتی هاتنی خڵووسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا بۆ بەغداد و دواتریش بۆ هەولێر و مانەوەی شەوێکیش لە هەولێر دەبوو بە ماوەیەکی کورت دوای ئەم سەردانە پلانەکە جێ بەجێ بکرایە .

ئەوەی پلانەکەی دواخست گۆڕانی هەڵوێستی کازمی بوو سەبارەت بەهەندێک لەو بەڵێنانەی لە ڕێکەوتنە سەرەتایەکەی نێوان ئاکار و کازمی هاتە ئاراوە، دوای ئەوەش بەهەمان شێوە سەبارەت بە پارتیش ئەوکات وتە بێژی فەرمی پارتی ڕایگەیاند ئێمە نابینە بەشێک لەم شەڕە .

بارودۆخی ئابووری و سیاسی ناوخۆی توکیاو خەونی لەمێژینەو فشارە زۆرەکانی سەر ئەردۆگان ئەوە دەخوازێ لەمە زیاتر بەرنامەو پلانەکەی دوانەکەوێ و هەنگاوی کردەیی بنێ ، هاتنی زیاتری سوپای تورکیا و دانانی بنکەی سەربازی زیاتر و بڕینەوەی دارستانەکان و سووتانی کەمپی شاریا و هێرشی سەر کەمپی مەخموور و هەڕەشەکانی ئەردۆگان لەشەوێکدا لەناکاو دەچینە شەنگال و جوڵاندنی هێزی زێڕەڤانی لەم کاتەداو بۆ ئەم ناوچەیە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن سەرەتای جێ بەجێکردنی پلانەکە دەستی پێ کردووەو بەردەوام دەبێ .

ئەوەی لە مەتینا ڕوویدا بەشەهید کردنی ژمارەیەک پێشمەرگە خاڵی گرنگی بابەتەکەیە چونکە ئەگەر PKK شەهیدی کردبن ئەوا لەسەر ئاستی ناوخۆ دەبێتە بیانوویەکی باش بۆ پارتی تا ببێتە بەشێک لەشەڕەکەو خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێ کە ئەمە خواستی سەرەکی تورکیایە.

لەسەر ئاستی دەرەکیش بە هاوپەیمانان دەڵێ ئەوە PKK یە پێشمەرگەی هاوپەیمانی ئێوە دەکوژێ و وەکو داعش تیرۆرستە، لەهەمانکاتدا بە بەغدادیش دەڵێ پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و لەسەر خاکی خۆی شەهید دەکرێ ، خۆ ئەگەر تورکیاش شەهیدیکردبن ئەوا هەر دەبێ ئەم کارە بە باڵای PKK دا ببڕدرێ چونکە پرۆسەی شەهیدکرنی ئەم پێشمەرگانە ئامرازە بۆ جێ بەجێکردنی ئامانج .

هەرێم لە ئێستا لەبەردەم دوو ئەگەر دایە ، ئەگەری یەکەم لەحاڵەتی ئەوەی ئەگەر باردۆخەکە هێور نەکرێتەوەو بەمشێوەیە بەردەوام بێ ئەوا شەڕێکی گەورەی دژوار لەناوچەکە ڕوو دەدات و کوردێکی زۆر خوێنی دەڕژێ و ناوچەکە سووتماک دەبێ و سەدان گوند چۆڵ و وێران دەبێ و هەرچی ڕەزوو دارستانە دەسووتێ و خەڵکێکی زۆر ئاوارەو بێ شوێن دەبن و تورکیا بەقوڵی دێتە ناو هەرێم و دایدەکوتێ و گەڕانەوەی بۆ نیە ، ئەوکات نەک هەر نیوەی خاکی باشوور ناوچەجێ ناکۆکەکان هەر ناگەڕێتەوە بەڵکو مەترسی ڕاستەقینەش دەکەوێتە سەر کۆی ئەزموونەکەی هەرێم بەگشتی.

ئەگەر لە هەر کاتێکیش و لەژێر هەر فشارێکی نێوخۆیی یان نێودەوڵەتی تورکیا ناچار بە پاشەکشە بکرێ ئەوا بێ گومان بێ مەرج و داواکاری چۆڵی ناکات.

ئەگەری دووەم هەڵوەشانەوەی پلان و خواستی تورکیا و چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی دەربازبوونی ئەم دۆخە لەسەر چەندین ئاستی جیاواز؛

۱ – بەهەموو جۆرەکان ڕەتکرنەوەو حەرامکردنی شەڕی کورد بە کورد هەر وەکو پێشتریش ئەم مووژدەو بەڵێنە لەسەر ئاستی باڵا بە گەلی کوردستان دراوە.

۲ – یەک ڕیزی و یەک هەڵوێستی سەرجەم هێزولایەنەکانی هەرێم ، لایەنی کەم لەسەر ئەم بابەتەو پاراستنی ئەزموونەکەو دوورکەوتنەی شەڕ و خوێن ڕشتن لەنێو ماڵی هەرێم .

۳ – گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ PKK بۆ ئەوی ئەوانیش زیاتر هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ دوورخستنەوەی شەڕوو لەبار بردنی پلانەکانی تورکیا ئەگەر کاتیش بێت .

٤ – لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی خۆپیشاندان و کەمپین و چالاکی مەدەنی جۆراوجۆر بۆ ڕەتکردنەوەی داگیرکاری و شەڕفرۆشی تورکیا .

٥ – لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەت هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لەڕێگای حکومەتی فیدڕاڵ و بەهاوکاری نوێنەرانی کورد لە بەغداد و فشار دروستکردن لەسەر تورکیا بۆ وەستان و کشانەوەی هێزەکانی تورکیاو ڕوونەدانی شەڕ .

٦ – ئاگادارکردنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی قونسڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەگڕخستنی هەوڵەکانیان تاوەکو فشار بخەنە سەر تورکیا و ناچارکرنی بە وەستان و پاشەکشەکردن .