سەردێر

كەوتنی بەغدا

ئیدریس جەبار

هیچ سەردەمێكی لەوی دی ناچێت، هەر هێز و میلیشیایەك بیەوێت دەتوانێت لە چاوتروكاندنێكی شەوگاردا كۆنترۆڵی بكات، شارێكی بێ‌ ئامان و پڕ لە ژاوەژاو، شارێكی بێ‌ فەرمانڕەوا و حاكم.

بەبێ‌ ئەوەی مەغۆل پەنجەی بۆ ببات، لەبارە بۆ كەوتن و چاوەڕوانی داڕمانە، ئەم وشكە كەڵەكەی ئێستای بەغدا، لە هەروەختێكدا بێت دادەڕوخێت و دواجاریش هەر خۆی لۆمەی خۆی دەكات.

لەسەر كودەتا و «سەحل» و تۆقاندن و سەركوتكردن و تۆتالیتاری راهاتووە، رەنگە دیموكراسی و رای ئەوی دی بێ‌ هەرس نەكرێت، رەنگە دیسانەوە چاوی لە یەك رەنگی و یەك تامی و یەك بۆنی بێت، لەبارە بۆ كەوتن و لە هەر ساتە وەختێكدا بێت، باند و میلیشیا لەیاسادەرچووەكان كۆنترۆڵی دەكەن !.

سروشتی لەمێژینەی خۆیەتی، زوو خۆی بەدەستەوە دەدات و پەچە و كەواكەی دەكاتە بەیداخی سپی، ئامادەی كەوتنە بەبێ‌ ئەوەی كوڕەكانی جەنگیزخان پەلاماری بدەن و دیواری شوراكانی بڕوخێنن.

ئێستای لە سەردەمی «مستعصم باللە» دەچێت، سەردەمی شوێنكەوتەیی و لاوازییە، سەرۆكی حەیتەكانی ناتوانێت دەست بخاتەڕێی جەردەیەك و شەوێك لە گرتوخانە قایمی بكات.

لەبری جارێك چەندان جار رووی لە كەوتنە، رووی لە رادەستكردنی موقەدەرات و بەیتولمالە، دەروازەكانی لەهەر چوارلا، بۆ «قاصی و الدانی» كراوەن، جێی رمبازێی ئەم و ئەوە، بەبێ‌ مقاوەمە و خۆڕاپسكان ملكەچكەر و كڕنوشبەرە.

نە چەقی بڕیارە و نە خۆی پێ هەڵدەسوڕێت، نە بەرگەی زلەی خۆرهەڵات و نە خۆی بۆ گورزی خۆرئاوا دەگرێت، لاوازییەك دایگرتووە لە نوزەی بەلاداهاتنی بەساڵاچوویەكی بەرئاگردان دەچێت.

لە جەنگاوەرێكی دۆڕاوی سەغڵەت و لە رێبوارێكی سەرلێشێواو و لە كۆستكەوتوویەكی بێ‌ دەرەتان و لە رانەمەڕێكی بێ‌ شوان دەچێت، هێند گیرۆدە و سەرگەردانە ئاوڕ لەخۆی ناداتەوە.

نە گۆڕپانی تەحریرەكەی خۆی، و نە حەبوبی ناسریە دەبنە فریادڕەسی، نە بەسرە دەستی دەگرێت و نە موسڵە پشتكوڕەكەی،مەسنور و رەشید و موعتەسەمیش دادی نادەن.

رەنگە ئاهی حەلاج و مەلیكە بچكۆلە و قوربانیانی دەستی ئەبو تەبەر و زیندانیانی رەزوانیە بێت، بەغدا بۆ كەوتن لەبارە و لەهەر ساتەوەختێكدابێت بەلادا دێت.